وەزیری پەروەردە پڕۆژەی “قوتابخانەی ئەلیكترۆنی” بۆ درێژەدان بە خوێندن لە هەرێم راگەیاند

وەزیری پەروەردە پڕۆژەی “قوتابخانەی ئەلیكترۆنی” بۆ درێژەدان بە خوێندن لە هەرێم راگەیاند

وەزیری پەروەردەى حکومەتى هەرێمى کوردستان پڕۆژەی “قوتابخانەى ئەلیکترۆنی” راگەیاند كە لەڕێگەیەوە درێژە بە خوێندنى ئەمساڵ دەدرێت و دڵنیاییش دەدات كە خوێندنى ئەمساڵ نافەوتێت.

ئالان حەمە سەعید، وەزیرى پەروەردەى حکومەتى هەرێمى کوردستان، ئەمشەو پێنجشەممە، لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا، پڕۆژەى قوتابخانەى ئەلیکترۆنى راگەیاند و وتی: بەشێک لە وڵاتان بە رەچاوکردنى سیستمى ئەلیکترۆنى قەرەبوى  وەستانى خوێندنیان کردۆتەوە و ئێمە لە هەرێمى کوردستان بریارماندا پلاتفۆڕمێک بە ناونیشانى قوتابخانەى ئەلیکترۆنى دابمەزرێنین تا پڕۆسەى خوێندن بەردەوام بێت.

بەپێی قسەی وەزیری پەروەردە قوتابخانەى ئەلیکترۆنى پلاتفۆرمێكە لە رێگەى وێبسایتى  (www.ewane.krd)  قوتابیان و خوێندکاران دەتوانن سەردانى بکەن و بۆ هەر خوێندکارێکیش کۆدێکى تایبەت دروستکراوە کە دەتوانێت بچێتە ناوەوە و لەوێوە بابەتى وانەکانى خۆى هەڵبژێرێت.

هەر لە سیستەمەکەدا، مامۆستایان و بەڕێوەبەرەکانى قوتابخانەش ئەکاونتى تایبەتیان بۆ دروستکراوەو بۆ چونە ناوەوە و چۆنیەتى وتنەوەى وانەى و سەرپەرشتى کردنى خوێندن و وانەکان چاودێریکردنى ئامادەبوان.

بە پێى لێدوانى وەزیرى پەروەردە، لەو سیستمەدا مامۆستایان بە شێوازى نامەی تێكستی و دەنگ و ڤیدیۆ لەگەڵ خوێندکاران و قوتابیان لە پەیوەندیدا دەبن لە کاتى وتنەوەى وانەکان.

ئالان حەمەسەعید وتیشى: ئەم سیستمە تایبەتە بە خوێندکاران و قوتابیان لە قۆناغى یەکى بنەڕەتى تا قۆناغى (12)ى بنەڕەتى هەروەها بۆ پەیمانگاکانیش.

وانەکان لە سیستەمەکەدا بە زمانى کوردى (سۆرانى و بادینى) زمانى عەرەبى و زمانى ئینگلیزى و زمانى تورکمانى و سریانى و پێکهاتەکانى دیکە ئامادەکراون و تەواوى وانەکان لە سیستمەکەدا دادەنرێن.

وەزیرى پەروەردە، ئاماژەى بەوەکرد، کۆمپانیاکانى پەیوەندی و ئینتەرنێت ئامادەییان دەربڕیوە بە شێوەى بێبەرامبەر خوێندکاران و مامۆستایان بچنە ناو سیستەمەکەوە.

هەروەک باسیلەوەکرد، ئەوە سیستمێکى ناچاریی نییەو بۆ ئەوەیە کە خوێندن نەفەوتێت و ئەوەش پێویستى بە هاوکارى خێزانەکانەو پێویستە پاڵپشت و هەماهەنگى خوێندکارەکان بن.

دڵنیایدا کە ساڵى خوێندنى ئەمساڵ بۆ هەموان پارێزراو دەبێت و نافەوتێت، تایبەت بە پۆلى (12) ئامادەیش هەر بابەتێک نەخوێندرابێت بۆ تاقیکردنەوەکان بەشدار نابێت.