خۆپیشاندەرێكی دهۆك هێشتا ئازادنەكراوە

جگەلە “بەدەل بەرواری”، سەرجەم دەستگیركراوانی خۆپیشاندانەكەی سەرەتای ئەم هەفتەی شاری دهۆك ئازادكراون كە ژمارەیان نزیكەی 100 دەستگیركراو بو.

 ڕۆژی ١٦ی ئەم مانگە لە شاری دهۆک سەدان کەس لە چالاکوان، مامۆستا و فەرمانبەر خۆپیشاندانێکی بەرفراوانیان دژ بە دابەشنەکردنی موچە ئەنجامدا، هێزەکانی ئاسایشیش هەڵیانکوتایە سەر خۆپیشاندەران و نزیکەی ١٠٠ کەسیان دەستگیرکرد.

لە كۆی ئەو خۆپیشاندەرە دەستگیركراوانە تا ئەمڕۆ پێنجشەممە، هەشت كەسیان لە زیندان مابونەوە لەوانەش هەر ئەمڕۆ دادگای دهۆك بڕیاری ئازادكردنی حەوت كەسیانی داو تەنها بەدەل بەرواری هێڵدرایەوە.

رێڤینگ یاسین، یەکێک لە پارێزەرانی دەستگیرکراوان لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: هەریەک لەو کەسانە بە کەفالەتی دو ملیۆن دینار بڕیاری ئازادکردنیان دراوە.

ئەو پاریزەرە ئاشکرایکرد، کە تاکە کەسێک بڕیاری ئازادكردنی نەدرابێت بەدەل بەرواری-یە، کە مامۆستایە و یەکێک لە ڕیکخەرانی خۆپیشاندانەکەیە، بەڵام شەوی پێش ئەنجامدانی خۆپیشاندانەکە لەلایەن هێزەکانی ئاساییشەوە دەستگیرکرا.

سەبارەت بە هۆکاری ئازادنەکردنی بەدەل بەرواری، ڕێڤینگ یاسین، وتی: هۆی ئازادنەکردنی جگە لە بابەتێکی سیاسیی، هیچی دیکە نییە.