لەیلا گیۆڤەن، ژنێک وەک پۆڵا

 

لەیلا گیۆڤەن ژنە سیاسەتمەداری کوردو ئەندامی پەرلەمانی تورکیا پارێزبەندی لێسەندرایەوەو جارێکی تر دەستگیرکرایەوە، ئەو پێشتر چەندین ساڵ لەزیندانەکانی تورکیا بەند کرابو، تەنانەت کە بەئەندامی پەرلەمان هەڵبژێردرا هێشتا لەزیندان ئازاد نەکرابو.

 

لەیلا گیۆڤەن کێیە؟

لەیلا لەساڵی ١٩٦٤ لەشارۆچکەی جیهان بەیلی شاری قۆنیا لەدایک بوە، بچکوکترین‌و حەوتەم منداڵی خێزانەیەکەیەتی، وەک نەریتێکی باوی ئەو سەردەمە لەتەمەنی حەڤدە ساڵیدا دەیدەن بەکوری پورێکی و هاوسەرگیری لەگەڵ دەکات، دواتر دەچنە ئەڵمانیاو دەبنە خاوەنی دوو منداڵ، بەڵام هاوسەرگیریەکەیان زۆر ناخایەنێت و لێک جیادەبنەوە، لەیلا خۆی و منداڵەکانی دەگەڕێتەوە بۆ تورکیا.

 


تێکەڵ بون بەژیانی سیاسی

لەیلاگیۆڤەن سەرەتا لەشارۆچکەکەی خۆی قۆنیا هاتوچۆی بارەگای پارتی دیمکراتی گەل (HADEP) دەکات و لەساڵی ١٩٩٤ بەشداری گۆنگرەی ئەو پارتە دەکات، لەبەڕێوەبەرێتی ڕێکخستنی شاردا هەڵدەبژێردرێت و چالاکانە دەست بەکاردەکات، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ پێداویستی خۆی و منداڵەکانی لەکۆمپانیایەکی ڕاپرسی  وەک  بەرپرسیاری هەرێمی قۆنیا دەست بەکار دەکات.

لەیلا دەڵێت “سەرەڕای ناڕەزای خێزانەکەم لەپارتیدا کارم دەکرد لەخێزانەکەمدا گۆشەنیگای نەریتیانە باڵادەست بوو، بۆیە خیزانەکەم بەردەوام بیانووی نەریتیان دەهێنایەوە، دەیان وت تۆ ژنیت کارت بەسیاسەت چیە؟ منداڵت هەیە، جیابویتەتەوە، قسەی پاشملەت لەسەردەکرێت، دەستگیر بکرێیت ئێمە چی بکەین؟ زۆر جەختیان لەوە دەکردەوە واز لەکاری سیاسی بێنم، دەڵێت زۆرباش بیرمە کە ڕۆژێک خوشکە گەورەکەم وتی ئەگەر بچیت بۆکاری پارتی خۆم لەو پەنجەرەیەوە فڕێ دەدەمە خوارەوە، من تەنها خۆم خۆڕاگریم دەکرد لەکارکردن بەبڕیار بوم وازم لێنەدەهێنا، ئامانجیشم ئەوە بو، وەک ژنێک بتوانم لەسەر پێیەکانی خۆم بوەستم، بتوانم بەهەموو کەسێک بڵێم ژنانیش سەردەکەون.

گیۆڤەن دەڵێت “لەساڵی ٢٠٠١ بڕیارم دا بەشێوەیەکی پیشەیی بەشداری خەباتی سیاسی بکەم  ئیتر منداڵەکان گەورە بون و هیچ شتێک نەما بو من بەقۆنیاوە گرێ بدات، هەموو ئەو پێداویستیانەی  لەماڵەوە بون و لەئەڵمانیا هێنابووم بەسەر خاوەن پێداویستیەتایبەتیەکاندا دابەشمکردو جانتایەکم هەڵگرت و چومە ناوەندی گشتی لە” باڵگات”ی ئەنقەرەو لەهەمان ساڵدا کۆنگرە بەستراو لەبەڕێوە بەرێتی باسکی ناوەندی گشتی باسکی ژنان هەڵبژێردرام، لەهەمان کاتدا ئەندامی ئەنجومەنی پارتی دیموکراتی گەل بووم ،لەدوای قۆنیا یەکەم گۆرەپانی سیاسی خەباتم ئەدەنە بو، سێ ساڵ لەئەدەنە کارم کرد”.

لەیلا گیۆڤەن لەکارکردندا ژنێکی ئازاو لێهاتوو بوە بۆیە زۆربەی جار کە کێشەیەک دەبێت پێشنیاری لەیلا دەکەن و دەڵێن لەهەر شونێنێک کێشە هەبوو با لەیلا بچێت چارەسەری دەکات.

 

بەشداری هەڵبژارنە خۆجێیەکان

لەهەڵبژاردنی خۆجێیەکانی ساڵی٢٠٠٤ لەیلا کاندید دەبێت بۆ سەرۆکی شارەوانی کوچەک دیکلی و  پێش کاندیدەکانی تر دەداتەوەو دەبێتە سەرۆکی شارەوانی کوچەک دیکلی.

دواترو لەساڵی٢٠٠٩ دەبێتە کاندید بۆسەرۆکی شارەوانی ویرانشەهری ئورفا، ڕکەبەرەکانی لەپارتی دادوگەشە پێدان لەعەشرەتی گەورەبون و لەهەمانکاتدا جاشیش بون و هەرچی پروپاگەندەی هەڵبژاردنیش بووە لەسەر ژن دایدەڕێژن، بەڵام لەیلا بەجیاوازیەکی زۆروە پێش کاندیدەکانی تردەداتەوەو سەردەکەوێت، ئەمەش سەرەتایەکی گرنگ بووە بۆ پێشوەچونی ژنان لەوناوچەیەدا، وەک خۆی دەڵێت “وەک شۆڕشێک وابو ئەنجام درابێت چونکە لەئۆرفا کلتوری فیوداڵیی پیاو تیایدا باڵادەست بوو”.

دوای هەشت مانگ لەهەڵبژاردنی و لەئۆپراسیۆنیکدا، بەناوی کۆما جڤاکێن کوردستان، ئۆپراسیوێنێکی پاکتاوی سیاسی و نەژادی بوە، لەگەڵ زیاتر لەبیست سەرۆکی شارەوانی دەستگیردەکرێت و چوارساڵ و نیو لەزیندان بەڕێ دەکات و لەساڵی٢٠١٤ لەزیندان ئازاد دەکرێت و دەست دەکاتەوە بەخەبات و لەکۆمیسۆنی بەڕێوەبەرێتیە خۆجییەکان پارتی بەردەوام دەبێت.

 

لەزیندانەوە بۆ پەرلەمان

لەهەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٥ کاندید پەرلەمان دەبێت لەئۆرفاو دەتوانێت سەرکەوتن بەدەست بێنێت و دەبێتە ئەندانی پەرلەمان، بەڵام پارتی دادوگەشەپێدان ئەنجامەکانی بەدڵ نابێت و بڕیار دەدات هەڵبژاردن دوبارە بکرێتەو بەڵام لەجاری دووەمدا بەجیاوازیەکی کەم دەرناچێت.

لەهەڵبژاردنەکانی دواتردا کاتێک لەزیندان دەبێت و بەنوێنەری هەکاری هەڵدەبژێردرێت بۆ پەرلەمانی تورکیا و  دوای زیاتر لەساڵێک ئینجا دەچێتە پەرلەمان.

بەهۆی هەڵوێستەکانی دژی داگیرکاری تورکیا بۆسەر عەفرین جارێکی تر دەستگیردەکرێت، لەزیندانیش دژی گۆشەگری سەر ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان عەبدوڵا ئۆجەلان مان لەخواردن دەگرێت و نزیکەی هەشتا ڕۆژ لەمانگرتن بەردەوام دەبێت، و بەهۆی تێکچونی باری تەندروستیەو ئازاد دەکرێت بڕیار دەدات لەدەرەوەی زیندانیش لەمانگرتن بەردەوام بێت،کاتێکیش مانگرتن دەشکێنی کە عەبدوڵا ئۆجەلان پەیامێک دەنێرێ و داوای کۆتاییهێنان بەمانگرتن دەکات.

لەیلا گیۆڤەن لەساڵی ١٩٩٤ بەردەوام هەوڵی داوە وەک ژێکی کورد بێت لە خەبات و تێکۆشان وەک خۆی دەڵێت هەوڵم داوە وەک ژنێک ، دایکێک ،کوردێک،فێمنیستیک ،بونی خۆم بسەلمێنم، هیچ ئاسان  نەبوو بچمە گۆڕەپاتی سیاسی کەلەگەڵ پیاودا ئاوێتە بوە، منیش بۆ ئەوەی دژە سودەکانی ژنبوون بێوەژنمانەوە بگۆڕم بۆسوود، لەهەمووهەڤاڵانم زیاتر کارم دەکرد، وەکو ژنێک دەبوایە باوەڕ بەخۆم بێنم کە سەربەخۆ دەتوانم لەسەرپێ بمێنمەوە دەتوانم بچمە نێو سیاسەت کە سفرەی گورگانە و دەتوانم لەبەڕێوەبەرێتیە خۆجیەیەکاندا لەسەرۆکە پیاوەکان سەرکەوتوتر بم و لەگۆرەپانی قۆرخکراودا لەشارەوانیدا دەتوانم بەپاکی بمێنمەوە، بۆیە توشی زۆر تەنگانە بوم، ئەو باوەڕیەی کە بۆ تێکۆشان و بەهاکان لای من هەبووڕاوەستان بەرامبەر زەحمەتیەکان بەهێزەوە ڕاکردنی زیاتر بۆسەرکەوتن.

لەدوا پەیامیشیدا دوای دەستگیرکرنی ڕایگەیاند “ئێمە وەک ژنی کورد بەڵێنمان بەگەلەکەمان داوە تاوەکو کورد ئازاد نەبێت تێکۆشانەکەمان لەهەر دۆخێکدا بێت بەردەوام دەبێت”.