بۆ یەکەمجار زیندانییەک لەزیندانەوە دەبێتە کاندید بۆ پەرلەمانی کوردستان”

شێروان شێروانی کە یەکێکە لەزیندانیانی دەڤەری بادینان، لەسەر لیستی “ڕەوتی هەڵوێستی نیشتمانی” کاندید دەبێت بۆ پەرلەمانی کوردستان، گەر یاسای کۆمسیۆن ڕێگە بەکاندیدبونەکەی بدات، یەکەمجارە لەمێژوی پەرلەمانی کوردستاندا، زیندانکراوێک ببێتە کاندید.

عەلی حەمە ساڵح، بڕیاردەری ڕەوتی هەڵوێستی نیشتمانی ڕایگه‌یاند، “هێشتا لیستەکەمان تەواو نەکردووەو چاوەڕوانین بزانین سبەی چی لێدێت.”

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی کۆمسیۆنی باڵای سەر بەخۆیی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ڕۆژی یەکشەممە 31ی3ی 2024، تا کۆتایی دەوامی فەرمی دوا وادە دەبێت بۆ تۆمارکردنی لیستی کاندیدانی هاوپەیمانیەتیەکان و لایەنە سیاسییەکان و ئەو کەسانەی دەیانەوێت بەشداربن لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا، بەڵام تا ئێستا بەشێک لەلایەنەکان و ڕەوتەکان لیستی کاندیدانیان پێشکەش بەکۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان نەکردووە.

بارزان شێروانی، برای شێروان بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووه‌، “ڕەوتی هەڵویستی نیشتمانی قسەیان لەگەڵ شێروان کردووە بۆ ئەوەی کاندیدبێت بۆ پەرلەمانی کوردستان، سبەی یەکشەممە یەکلاییدەبێتەوە، ئێمە بڵاوی ناکەینەوە، چاوەڕوانی ئەوەش دەکەین شێروان چی دەڵێت لەسەر لەو بارەیەوە.”

ناوبراو ده‌ڵێت، “ئاگادارین کە دەسەڵات چەندین کەیسی دیکەیان بۆ شێروان ئامادەکردووە لەئەگەری بون بەکاندید بیجوڵێنن تا لەزیندان بمێنێتەوە.”

ڕەوتی هەڵویستی نیشتمانی و شێروان و کەسوکارەکەشی چاوەڕوانی ئەوەن کۆمسیۆن وەڵامیان بداتەوە له‌باره‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ یاسای هەڵبژاردن ڕێگە دەدات بەکەسێک لەزیندانەوە خۆیی بۆ پەرلەمان کاندید بکات، گەر ڕێگەیدا ئەوە دەبێتە یەکەم کەس لەهەرێمی کوردستان و لەزیندانەوە کاندیدبێت بۆ پەرلەمان.

لە 22ی 10ی‌ ساڵی 2020 ژمارەیەک لەڕۆژنامەوان و چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەدەڤەری بادینان بەتۆمەتی سیخوڕی و تێکدانی ئاسایشی گشتی دەستگیرکران و سزای زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنرا. سەرەڕای ئەوەی کە یاساناسان و وڵاتان چاودێری دادگاییەکەیان کردو چەندینجار مانگرتیان لەزیندان ڕاگەیاند، بەڵام دواتر سزاکانیان لەڕێگەی کەیسی دیکەوە بۆ درێژکرایەوە، شێروان شێروانی یەکێک بوو لەزیندانیکراون و تا ئێستاش لەزینداندایەو هێشتا سزاکەی ماوە کە کۆتایی پێ بێت و ئازادبکرێت.

تاگەکان :