چێژ یان ئاسوودەیی؟ نهێنی ژیانێکی داھێنەرانەیە

چێژ یان ئاسوودەیی؟ نهێنی ژیانێکی داھێنەرانەیە

مرۆڤ هه‌میشه‌ ته‌قه‌لای به‌ده‌ستهێنانی شادیەتی، ھەوڵی ھەموو کەسێ تەنھا بۆ خۆشبه‌ختی و سەلامەتیە. فەیلەسوفەکان بەدووی وەڵامی ئەم پرسیارانەدا گەڕاون: ( بنچینه‌ی ژیان شادیه‌ و خه‌می تێدەکەوێ؟ یاخود ژیان هیچ نیه‌ جگە لە خۆسه‌رقاڵكردنێکی بێ ھوودە به‌شوێن شادیەکی کاتی له‌نێو واقیع و سەرئەنجامێکی تاڵ و تراژیدی؟) بەڵام لە ڕاستیدا ڕوانین لە دیدی ڕەشبینی و پڕھیوایی پەیوەندی ھەیە بە پێناسەی ژیان لای ھەر تاکێک و ھەر کەسەش بەپێی بایۆلۆجیا و ئەو ڕوداوانەی پیایداتێپەڕیوە پێناسەیەکی جیاوازی بۆ ژیان ھەیە.
بەڵام ئایا ئەوە ڕاستە کە خۆمان لە پێشبینیە خراپەکان بدزینەوە و ئەو ڕاستیە فەرامۆش بکەین کە لەھەر لەحزەیەکدا ئەگەری مەرگ و کۆتایی ژیانمان نزیکە؟
ڤایرۆسێک، بەکتریایەکی تەواو بچکۆلە لەگەڵ پارویەک نان دا، یان لەگەڵ قومێک ئاودا لەھەر لەحزەیەکدا ڕەنگە کۆتایی بەژیانت بھێنێ
کەواتە چۆن مرۆڤ لە توانایدایە مەرگ و تراژیدیا و کۆتاییەکان لەبیربکات؟ چۆن دەتوانێ لە نێو جەنگ و ھەزاران کردەوەی خراپ و جیھانێکی مەترسیداردا، پێبکەنێ؟ لەبیربکات ؟ ھاوسەرگیری بکات و وەچەبخاتەوە؟ خانو دروست بکات و پلانی درێژخایەن دابنێ؟ چۆن دەتوانێ شتێک دروست بکات و ناوی لێبنێ (ژیانی شایستە) ؟
ئەوەی کە ڕوونە دوو ڕێگای لەبەردەستایە و دەبێ یەکێکیان ھەڵبژێرێ، یان چێژ یان ئاسوودەیی چێژوەرگرتن لە ژیان یارمەتیدەرە بۆ لەبیرکردنی ھەموو ئەگەرە مەترسیدارەکان بەڵام ڕێگایان لێ ناگرێت، ھەروەک دەکرێ چێژ لە شتێکی باش یان خراپ وەربگرین ھەرچی ڕێگای دووەمە کە کارکردنە بۆ بەدەستھێنانی ئاسوودەیی مەرجەکانی کەمێک قورسترە و پێویستی بە ڕەچاوکردنی پرانسیپ و ئاکارە مرۆییە بەرزەکانە واتە بۆ بەدەستھێنانی ئاسوودەیی مەرجە سوود لە ھەموو شتێکی باش وەربگرین
بۆ نموونە: ئەو کاتەی کە خۆت ئۆتۆمبیلێکی نوێ لێدەخوڕیت چێژت پێ دەبەخشێت، بەڵام ئەوکاتەی بە ئۆتۆمبیلەکەت یارمەتی کەسێک دەدەیت و نزیکی دەکەیتەوە لەشوێن کارەکەی ئاسوودەیت دەستدەکەوێت دیارە ئەمەش کاتێک ڕوودەدات کە ھەست بە پێویستیەکانی کەسانی بەرامبەر بکەیت و لەھەوڵی رەخساندنی باشترین دەرفەتی ژیان بیت نەک تەنھا بۆ خۆت بەڵکو بۆ خۆت و ھەر مرۆڤێکی تر کە بێگومان وەک تۆ مافی ژیانی ھەیە.
بەدەستھێنانی ئاسوودەیی بۆ تۆ، پەیوەندی بەوە ھەیە تا چەندە بۆ دەووروبەرەکەت بەسوودیت، تا چەندە باری ژیان ئاسان دەکەیت و تاچەندە داھێنان دەکەیت لە بەخشین نەک لە وەرگرتن، ئەمەش بە زانست دەکرێت، ئەوکات داھێنانەکانت لە خەمی پێویستیەکانی خەڵکەوە سەرچاوە دەگرێت و زانستیش بەھای راستەقینەی وەردەگرێ، ئەمەش بنەمای ئاسوودەییە.

سیامەند خەلیل

تاگەکان :