مافی دایەنیكردنى مناڵ له پاش جیابونه‌وه‌ى ژن و مێرد
جیابونه‌وه یاخود «ته‌ڵاق» یه‌كێكه له حاڵه‌ته كۆمه‌ڵایه‌تیی و خێزانی و یاساییه‌كان، كه زۆرترین قسه‌و باسی له‌باره‌وه ده‌كرێت له‌هه‌ریه‌كه له‌و بوارانه، ئه‌گه‌رچی له شه‌ریعه‌تى ئیسلامیی دا كه هه‌وێنى یاسا كارپێكراوه‌كانى بوارى باری كه‌سێتییه له عێراق و كوردستان، وه‌كو «بێزراوترین حه‌ڵاڵكراوه‌كان» هه‌ژمار كراوه.
به‌گوێره‌ی یاسا‌و به پێی شه‌ریعه‌تی ئیسلامی، له‌دوای جیابونه‌وه‌ی ژن و مێرد كومه‌ڵێك ئه‌رك ده‌كه‌وێته سه‌رشانی پیاوان به‌رامبه‌ر به ژنان، بۆیه ئه‌گه‌ر پیاو خۆی له‌و ئه‌ركانه لابدات ئه‌وكاته دادگا به‌پێی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی پێدراوه ئه‌ركه‌كانیان پێ جێبه‌جێ ده‌كات، یه‌كێك له‌و مافانه‌ش كه بۆ ئافره‌تی ته‌ڵاقدراو چه‌سپاوه به‌پێی یاسا، مافی دایه‌نه‌كردنی (حضانه) مناڵه به ئافره‌تی ته‌ڵاقدراو.
كاتێك ژن و مێرد له ژێر سێبه‌ری یه‌ك خانودا ده‌ژین، په‌روه‌رده‌كردنی مناڵ له‌سه‌ر هه‌ردو لایه، به‌ڵام ژن كه جیابوه‌وه له مێرده‌كه‌ی، ئه‌گه‌ر خاوه‌ن مناڵ بو و توانای به‌خێوكردنی مناڵه‌كانی هه‌بو، له‌پێشترین و باشترین كه‌سه بو دایه‌نه‌كردنی مناڵه‌كانی، به‌ڵام چه‌ند خاڵێك هه‌یه كه په‌یوه‌ندیداره به‌م پرسه‌وه، هه‌وڵده‌ده‌ین له‌میانى ئه‌م بابه‌ته‌وه سه‌ره‌نجی له‌باره‌وه بوروژێنین.
1. ئایا هیچ مه‌رجێك هه‌یه تاوه‌كو ئافره‌ته‌كه شایسته‌ی دایه‌نه‌كردنی مناڵه‌كانی بێت؟
به‌پێی ماده‌ی 57، بڕگه‌ى یه‌ك و دو له یاسای باری كه‌سێتی، له‌و كاته‌وه‌ی گرێبه‌ستی هاوسه‌رگیری ئه‌نجام ده‌درێت له‌نێوان ژن و مێرد و دخول له‌نێوانیان رو ده‌دات، ژنه‌كه شایسته ئه‌بێت به دایه‌نه‌كردنی مناڵه‌كانی، به‌ڵام به چه‌ند مه‌رجێك. له‌وانه:
1. پێویسته دایكه‌كه عاقڵ بێت.
2. پێویسته دایكه‌كه توانای به‌خێوكردنی مناڵه‌كانی هه‌بێت.
3. پێویسته خاوه‌ن ره‌وشتێكی به‌رز بێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌گه‌ر سه‌لمێنرا كه ئافره‌ته‌كه «به‌دڕه‌وشته» له‌م حاڵه‌ته مافی دایه‌نه كردنی نامێنێت.
2. مافی ئافره‌ته‌كه چییه له به‌رامبه‌ر به‌خێوكردنی مناڵه‌كانی؟
به پێی ماده‌ى 57 له‌یاسای باری كه‌سێتی، ئافره‌تی ته‌ڵاقدراو كه هه‌ڵده‌ستێت به دایه‌نه‌كردنی مناڵه‌كانی، مافی وه‌رگرتنی (كرێی) ده‌بێت له‌و پیاوه‌ی كه ته‌ڵاقی داوه، ئه‌م مافه‌ش مافێكی جێگیره، واته ئه‌گه‌ر رێكه‌وتنێكی پێشوه‌خته كرابێت له‌نێوان ژن و مێرده‌كه، هیچ ئاسه‌وارێكی له‌سه‌ر ئه‌م كرێیه نابێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بژێوی مناڵ له‌سه‌ر باوكه، ئیتر ئه‌و مناڵه ئه‌گه‌ر كچ بێت هه‌تا شو ئه‌كات و ئه‌گه‌ر نێرینه‌ش بێت تا ده‌گاته ئه‌و راده‌یه‌ی كه كاسبی ده‌كات و ده‌بێته سه‌رچاوه‌ى داهات.
ئه‌م كرێیه‌ش وه‌ك له بڕگه 3 ی ماده‌ی 57 له‌یاسای باری كه‌سێتی دا هاتوه، به‌رێكه‌وتن ده‌كرێت له‌نێوان ئافره‌ته‌كه و ئه‌و كه‌سه‌ی بژێوی مناڵه‌كانی ئه‌كه‌وێته ئه‌ستۆ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر دیاریكردنی كرێكه ناكۆك بون، له‌م حاڵه‌ته دا دادگا كرێكه دیاریی ده‌كات، زۆرجار دادگا به پێی باری دارایی و بژێوی پیاوه‌كه ئه‌م كرێیه ده‌خه‌مڵێنێت.
3. له‌چی كاتێك دا ئافره‌ته‌كه مافی دایه‌نیی له‌ده‌ست ده‌دات؟
به‌پێی بڕگه‌ى 7 له ماده 57ى هه‌مان یاسا، ئافره‌ته‌كه مافی دایه‌نیی له‌ده‌ست ده‌دات به‌یه‌كێك له‌م حاڵه‌تانه:
1. له حاڵه‌تی له‌ده‌ستدانی یه‌كێك له مه‌رجه‌كانی دایه‌نێتی وه‌ك له‌سه‌ره‌وه خستمانه رو.
2. له‌حاڵه‌تی مردن.
3. ئه‌گه‌ر ئافره‌ته‌كه له ئاینی ئیسلام هه‌ڵگه‌ڕێته‌وه له‌كاتێك دا پێشتوتر موسوڵمان بوبێت.
له‌م حاڵه‌تانه دایه‌نییه‌كه ده‌كه‌وێته سه‌ر باوك، به‌مه‌رجێك به‌رژه‌وه‌ندی مناڵه‌كه له‌گه‌ڵ باوكه‌كه‌ی بێت، چونكه ئه‌گه‌ر ئه‌م كاره به‌رژه‌وه‌ندی مناڵه‌كه‌ی تێدا نه‌بێت، دادگا كه‌سێك هه‌ڵده‌بژێرێت بۆ دایه‌نه‌كردنی مناڵه‌كه.
4. ئایا ئافره‌تی ته‌ڵاقدراو به دوباره هاوسه‌رگیریی كردنه‌وه‌ی مافی دایه‌نێتیی له‌ده‌ست ده‌دات؟
لێره‌دا ده‌بێت جیاوازی له‌نێوان 2 حاڵه‌ت دا بكه‌ین: ئایا ئه‌و پیاوه‌ی كه ئافره‌ته‌كه‌ی ته‌ڵاق داوه له ژیان دا ماوه یاخود مردوه؟ ئه‌گه‌ر پیاوه‌كه له‌ژیان دا مابێت و ئافره‌ته‌كه بیه‌وێت شو بكاته‌وه، لێره‌دا دادگا بڕیار ده‌دات به‌مانه‌وه‌ی مناڵه‌كه لای باوكی یاخود لای دایكی، واتا ئه‌م مافه بۆ كامیان جێگیر ئه‌بێت ئه‌كه‌وێته سه‌ر بڕیاری دادگا، ئه‌مه‌ش له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی مناڵه‌كه.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر پیاوه‌كه مردبو، له‌م حاڵه‌ته دا به پێی بڕگه‌ی (ب له ماده‌ى 57)ى یاسای باری كه‌سێتی، مناڵه‌كه هه‌ر لای دایكه‌كه ده‌مێنێته‌وه به‌چه‌ند مه‌رجێك، له‌وانه:
1. دایكه‌كه هه‌مو مه‌رجه‌كانی دایه‌نێتی وه‌ك له وه‌ڵامى پرسیاری یه‌كه‌مدا هاتوه، پاراستبێت.
2. دادگا قه‌ناعه‌ت بێنێت به‌وه‌ی مناڵه‌كه به‌مانه‌وه‌ی لای دایكه‌كه توشی زیان نابێت.
3. پێویسته ئه‌و پیاوه‌ی ئافره‌ته‌كه شوی پێده‌كات له‌كاتی گرێبه‌ستی هاوسه‌رگیریه‌كه به‌ڵێن بدات كه چاودێری مناڵه‌كه ده‌كات و هیچ زیانێكی پێ ناگه‌یه‌نێت، له‌هه‌ركاتێك دا ئه‌م پیاوه له‌به‌ڵێنه‌كه‌ی خۆی لایدا، ئه‌وه ده‌بێته هۆكارێك كه ژنه‌كه داوای جیابونه‌وه‌ی لێ بكات به‌پێی بڕگه‌ی (ج له‌ماده‌ی 57).
كه‌واته مناڵ هه‌ر لای دایكه ده‌مێنێته‌وه هه‌تا ته‌مه‌نى 15 ساڵ، به‌و مه‌رجه‌ی مه‌رجه‌كانی دایه‌نێتی تیدابێت، دواى ئه‌و ته‌مه‌نه‌ش، به‌پێی بڕگه‌ی 5 ماده‌ى 57، مناڵ سه‌ر پشك ده‌كرێت بۆ مانه‌وه‌ی لای دایكی یاخود باوكی، به‌ڵام له‌م حاڵه‌ته‌ش دا پێویسته دادگا قه‌ناعه‌ت بكات له دروستی ئه‌و جێگه‌یه‌ی كه مناڵه‌كه هه‌ڵیبژاردوه سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش دوای ته‌واوبونی ماوه‌ی دایه‌نییه‌كه، ئه‌گه‌ر به حوكمی دادگاش ماوه‌كه كۆتایی هاتبێت، ئافره‌ته‌كه بۆی هه‌یه داوای وه‌رگرتنه‌وه‌ی مناڵه‌كه‌ی له‌و كه‌سه بكات كه حوكمی وه‌رگرتنه‌وه‌ی مناڵه‌كه‌ی بۆ ده‌رچوه