جاڕنامەی گەردوونیی مافە سێکسییەکان

بەروار: 5 ساڵ لەمەو پێش

جاڕنامەی [گەردوونیی] مافە سێکسییەکان

مافە سێکسییەکان، خۆی لە چوارچێوەی جاڕنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤدا(جگمم) دەبینێتەوە و بەدەقیقی لە بەندی یەکی (جگمم)دا هاتووە؛ «هه‌موو مرۆڤه‌كان به‌ ئازادی‌ له‌ دایكبوون ‌و له‌ باری‌ ئابڕوو ‌و كه‌رامه‌ت‌ و مافه‌كانیانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ‌ یەک یه‌كسانن… ». بەدەربڕینێکی تر مافە سێکسییەکان لەسەر بنەمای مافە گەردوونییەکانی مرۆڤ دامەزراوە کە پێشوەختە لە بەڵگەنامە نێودەوڵەتی و لۆکاڵییەکانی مافەکانی مرۆڤ، لە دەستور و یاسای نەتەوەییەکاندا هاتووە، لە ستاندارد و پرینسیبەکانی مافەکانی مرۆڤدا جێکەوتووە. مافە سێکسییەکان لەسەر بنچینەی ئازادیی سروشتی، کەرامەت و یەکسانی هەموو مرۆڤەکان دامەزراە و بەڵێنی پاراستنی لە هەر جۆرە خەسارێک لەخۆدەگرێت. ئەمەش بەمانای ئەوە دێت مافە سێکسییەکان وەکو مافە گەردوونییەکانی مرۆڤ کە لە (جگمم)دا هاتووە لەسەر ئاستی جیهانی ناسێنراوە و ڕەوایەتی جیهانی وەرگرتووە. بەرهەڵستی و ڕەتکردنەوەی مافە سێکسییەکان لە جیهانی هاوچەرخدا، بەڕادەی بەرهەڵستی و ڕەتکردنەوەی ئەو مافە گەردوونییانەی مرۆڤ کە لە (جگمم)دا هاتووە، کارێکی نەکردە و ئەستەمە.
لەم پنتەوە ئەو ڕاگەیاندنەی «بەرپرسی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی» لەبارەی بڵاوبوونەوەی ڕەزامەندانەی گرتەی ڤیدیۆی ژنێک، بەمەبەستی بەرهەمهێنانی فیلمی پۆڕن، کردەیەکی نایاسایی و دژ بە مافەکانی مرۆڤە کە لەڕێگەی یاساوە کراوە. بەجیا لە هەر ڕەهەندێکی تری پیشەسازی پۆڕن کە دەکرێت لە گۆشە نیگای جیاوازەوە ڕەخنەبکرێت، کاتێک “کەسێک” دەڕواتە ناو پیشەسازی پۆڕنەوە و دەستدەکات بە بەرهەمهێنانی فیلمی پۆرن ناکرێت وەک کەسێکی پێشلکاری دابوونەریت و یاسا نەنووسراوەکانی کۆمەڵگا سەیربکرێت و لەوەش خراپتر لەڕێگەی یاساوە تۆمەتبار و هەوڵی دەستگیرکردنی بدرێت. هەموو ئەمانە دژە بە مافەکانی مرۆڤ.
رەنگە یەکەم ناکۆکی لەمبارەوە ئەوە بێت، یاساناسە کۆنەپارێزەکان بڵێین سەرچاوەی سەرەکی یان یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی یاسادانی هەرێمی کوردستان، دابوونەریتی کۆمەڵگا و نەگۆڕەکانی شەریعەتی ئیسلامە کە بە هەموو شێوەیەک دژە بە بەرهەمهێنانی فیلمی پۆرن و بەچاوی تاوان تەماشای دەکات. ئەم ئەرگومێنتە بەڕواڵەت هەڵگری ڕاستێتییە؛ بەڵام کاتێک وردبکرێتەوە و بخرێتە سیاقی جیهانی هاوچەرخەوە، یەکسەر هەڵدوەشێتەوە و خاڵی دەبێتەوە لە ڕاستی و بەرەو حوکمێکی پێشوەختەی ئایدۆلۆژیی بۆ هەموو سەردەمەکان وەردەگەڕێت. پرسیارە سەرەکییە لێرەدا، بریتییە لەوەی «سنوری راستەقینەی کۆمەڵگای هاوچەرخ تا کوێ دەڕوات؟» کە دەبێت هەموو ئەوانەی سەروکاریان لەگەڵ یاسادا هەیە لەخۆیانی بپرسن.
ڕابوورد ئەو سەردەمانەی کە سنوری کۆمەڵگاکان، سنورە ڕەقەکانی جوگرافیایەکی دیاریکراو بوو، ڕابوورد ئەو سەردەمانەی کە تەنیا یەک‌مێژووی دیاریکراوی ناوچەیەک، سەرچاوەی ڕەوایەتیدان و دیسان‌بەرهەمهێنانەوەی ژیان لەو ناوچەدا بوو. هاوتەریب بە کۆمەڵگای بنیاتنراو لە ئەرزی واقیع‌دا، کۆمەڵگا بێ‌شوێنە مەجازییەکان لەئارادان کە لە هەموو شوێنێک حزوریان هەیە. کۆمەڵگا لە هەزارەی سێیەمدا بەناو گلۆباڵیزەبوون و دیجیتاڵیزەبوون‌دا، چیدی هەمان کۆمەڵگای ڕەق‌وتەقی پێشوو نییە کە هەموو سنورەکانی بەزەقی و بەتۆخی دیاربوون. لەم پنتەوە کاتێک بەشێک لە نەوەی هەزارەی سێیەم، لە جوگرافیایەکی دیاریکراوی وەک هەرێمی کوردستان‌دا دەژین، بۆ ئەوان سنوری جیهانیان تەنیا بریتی نییە لەپابەندبوون، ئازادی و پێدراوەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵکو دواسنوری جیهانی ئەوان سنوری گۆی زەوییە؛ واتە بێ‌سنوری سنوریانە.
لەپەیوەند بەمەوە زیاتر لە دوو دەیەیە، دەستەواژەیەک بۆ نەوەی هەزارەی سێیەم و چاخی دیجیتاڵ پەیدابووە کە تاڕادەیەک دەقیقە بۆ گوزارشتکردن لە دۆخی ئەم سەردەمە و ئەو دەستەواژە بریتییە لە “خۆجێیی دیجیتاڵ” (digital native). خۆجێیی دیجیتاڵ دەربڕی ئەو دۆخە نوێیەیە کە ئێستای جیهانی پێداگوزەردەکات؛ هەر بۆیەش هاوکات، لاوانی تۆکیۆ، سیدنی، مۆسکۆ، نیو دێلهی، کابول، ڕێیکەڤیک، بەرلین، لیشبۆوە، ڕەبات، کەیپ تاون، تۆرێنتۆ، نیۆیۆرک، هاڤانا و سانتیاگۆ و سلێمانی … هتد پانتاییەکی فراوانی هاوبەشییان هەیە کە لە مێژوودا بێ‌پێشینەیە. دەبێت ئەژماری ورد بۆ ئەم پانتاییە هاوبەشە بکرێت و بەر لە هەمووشت لەباری ماف و یاسادا ڕەنگدادەتەوە، پاشان بۆ کەلتوور، ستایل و شتەکانی تر بپەڕێتەوە. لەم نەزمە جیهانییەی ئێستادا، ئەمە ڕووداوێکی خۆویست، دڵخوازنە و زیهنی نییە تا بشێت بەریپێبگیرێت یان سەرکووتبکرێت، بەڵکو ڕووداوێکی جیهانی-حەتمییە و لە هەموو پارچەکانی جیهاندا ناونشین بووە جگە لە هەڵکردن لەگەڵی بەشێوەیەکی تەندرووست، هیچ شتێکی تری واقیعیانەی لەگەڵ ناکرێت.
ئەوەی ڕوویداوە لەسەردەمی دیجیتاڵیزەبوونی جیهاندا، کرانەوەی لۆکاڵ نییە بەڕووی جیهاندا و پەلهاویشتی جیهان نییە بۆ لۆکاڵ وەک ئەوەی لە گلۆباڵیزەبوون‌دا ڕوویداوە و گۆڕان لەسەر ئاستی بەشەکیدا ڕوویدابێت؛ بەڵکو ئەوەی ڕوویداوە، هاوکات هاتنەوەیەکی پانتایی جیهانە لەناو لۆکاڵدا بە ئەندازەی لۆکاڵ و کشانی پانتایی لۆکاڵە لەناو جیهان‌دا بەئەندازەی جیهان. لەم ترازانە توندوتیژەدا، سەرلەبەری نەزمەکە دیسان‌دەچنرێتەوە و چیدی جیهان و لۆکاڵ هاوسنور نابن و نابن بە هاوسێی یەک، لەجیاتی ئەوە؛ سنوری نێوانیان دیارنامێنێت و هاوماڵدەبن. ئەوەی پێشووتر ئەبستراکت بووە بەفیعلی کۆنکرێتی‌دەبێتەوە و ئەوەی کۆنکرێتی ‌بووە بەفیعلی ئەبستراکت‌دەبێتەوە. ئەوەی لۆکاڵی بووە جیهانی دەبێتەوە و ئەوەی جیهانی بووە لۆکاڵی دەبێتەوە. بەڵام هێشتا هەموو ئەمانە بەمانای هاوشووناسی تەواوەتی لۆکاڵ لەگەڵ جیهاندا نییە و تەواو بەیەک یەکسان نابن؛ ئەمەش دۆخەکە دوو هێند ئاڵۆزتر و فرەدیووتر دەکات.
لە دۆخێکی لەم شێوەدا بیرکردنەوە لە یاسا ئیدی نابێت بیرکردنەوەی ئەبستراکت بێت، بەومانایەی تەنیا دابوونەریت و نەگۆڕەکانی شەریعەتی ئیسلامی لەبەرچاو بگرێت؛ بەها و مافە گەردوونییەکان وەلاەبنێت و پشت لە کۆمەڵگا بێ‌شوێنە مەجازییەکان بکات کە تاکەکانی کۆمەڵگا بە فیعلی لەڕێگەی ئامێرە دیجیتاڵەکانەوە نیشتەجێین. بیرکردنەوە لە یاسا دەبێت کۆنکرێتی بێتەوە، لانیکەم بەها و مافە گەردوونییەکان لەپێشچاو بگرێت. دەبێت ئەوانەی کە لە هەرێمی کوردستان سەروکارییان لەگەڵ یاسادا هەیە سنوری بنهەنگەڵی خۆیان تێپەڕێنن و مێشکیان لە زەبری ژەنگی نەگۆڕە لۆکاڵی و ناوچییەکان پاکبکەنەوە و ڕوانگەیان لەمەڕ یاسا، گەردوونی و هاوچەرخبکەنەوە.
لەم پنتەوە دەشێت ئاماژە بە مافە سێکسییەکان بدرێت کە «کۆمەڵەی جیهانیی تەندرووستیی سێکسی، سەرەتا جاڕنامەی [گەردوونیی] مافە سێکسییەکانی لە سیانزەهەمین کۆنگرەی جیهانیی سێکسۆلۆژیا، لە ڤالەنسیای ئیسپانیا لە ساڵی ١٩٩٧ ڕاگەیاند و پاشان لە ساڵی ١٩٩٩ لە هۆنگ‌کۆنگ لەلایەن جڤاتی گشتیی کۆمەڵەی جیهانیی تەندرووستیی سێکسیەوە پەسەندکرا و پاش ئەوە لەلایەن جاڕنامەی کۆمەڵەی جیهانیی تەندرووستیی سێکسییەوە پشتڕاستکرایەوە: تەندرووستیی سێکسی بۆ هەزارە (٢٠٠٨). جاڕنامە هەڵسەنگێنراوەکە لەلایەن ئەنجومەنی ڕاوێژی کۆمەڵەی جیهانیی تەندرووستیی سێکسیەوە لە مارچی ٢٠١٤ قەبووڵکرا».
لەم سۆنگەوە، وەرگێڕانی ئەم بەڵگە نامەیە لەلایەن «چەپی نوێ»وە – جاڕنامەی [گەردوونیی] مافە سێکسییەکان (جگمس) – وەک بەڵگەنامەیەکی یاسایی و مافی؛ سەرەتا بۆ ئەوانەی کە سەروکاریان لەگەڵ یاسا و مافدا هەیە بەردەست بێت و بەتەنیشت لۆکاڵەوە، ڕوانگەیان گەردوونی و هاوچەرخبکاتەوە؛ پاشان بۆ هەموو تاکەکانی کوردستان بەردەستبێت؛ بەو هیوایەی ڕایگشتیی هۆشیارانە لەسەر ئەم مافە بنچینەییانە بەرهەمبهێنێت. دواجار تاکی کوردیش لانیکەم لەباری مافی و یاساییەوە، بیر لە دیووە گەردوونییەکەی خۆی وەک مرۆڤێکی بەسروشت ئازادیی نیشتەجێی جیهانی هاوچەرخ بکاتەوە؛ تا ئەو چەوساندنەوانەی لەم پانتاییەدا لەسەرێتی ڕووبەڕووی بێتەوە و بەرەو پووکانەوەی ببات.
ـــ ـــ ــــ ـــــ ــــ ـــ ــــ ــــ ــ ـــ

جاڕنامەی [گەردوونیی] مافە سێکسییەکان
بەزانینی ئەوەی کە مافە سێکسییەکان بۆ بەدەستهێنانی بەرزترین ئاستی تەندرووستیی بەردەست، زۆر پێویستن؛ کۆمەڵەی جیهانیی تەندرووستیی سێکسی:
ڕایدەگەێنێت مافە سێکسییەکان لەسەر بنەمای مافە گەردوونییەکانی مرۆڤ دامەزراوە کە پێشوەختە لە بەڵگەنامە نێودەوڵەتی، لۆکاڵییەکانی مافەکانی مرۆڤ، لە دەستور، یاسای نەتەوەیی، ستاندارد و پرینسیبەکانی مافەکانی مرۆڤ، هەروەها لە مەعریفەی زانستی پەیوەند بە سێکسواڵیتە و تەندرووستیی سێکسی مرۆڤ ناسێنراوە.
جەختدەکاتەوە سێکسواڵیتە یەکێک لە لایەنە سەرەکییەکانی ژیانی مرۆڤ بەدرێژایی تەمەنێتی کە سێکس، جێندەر، شوناس، ڕۆڵ، ئینتیمای سێکسی، ئیرۆتیسیزم، چێژ، نزیکایەتی و وەچەخستنەوە لەخۆدەگرێت. سێکسواڵیتە لە هزر، فانتازیا، ئارەزوو، باوەڕ، تێڕوانین، بەها، ڕەفتار، کردە، ڕۆڵ و پەیوەندی‌دا ئەزمووندەکرێت و دەردەبڕدرێت. لەکاتێکدا سێکسواڵیتە دەشێت ئەم هەموو ڕەهەندانە لەخۆبگرێت بەڵام مەرج نییە هەموو ئەوانە هەمیشە ئەزموون یان دەرببڕدرێت. سێکسواڵیتە بە فاکتەرە بایۆلۆژیی، دەروونی، کۆمەڵایەتیی، ئابووریی، سیاسیی، کەلتووری، مافی، مێژوویی، ئایینی و ڕۆحانییەکان کاریگەردەبێت.
پێی‌وایە سێکسواڵیتە سەرچاوەی چێژ و ساغڵەمییە و هەروەها بەشدارە لە تەواو بەدیهێنان و دڵخۆشبووندا.
جەختدەکاتەوە، لەپەیوەند بە سێکسواڵیتەوە، تەندرووستیی سێکسی بریتییە لە دۆخێکی ساغڵەمی جەستەیی، سۆزداریی، دەروونی و کۆمەڵایەتیی نەک تەنیا لەئارادانەبوونی نەخۆشی، نوقسانی یان کەمئەندامی. تەندرووستیی سێکسی بەرکەوتنێکی پۆزەتیڤ و ڕێزدارانە بۆ سێکسواڵیتە و پەیوەندییە سێکسییەکان دەخوازێت و هەروەها ئیمکانی هەبوونی ئەزموونی سێکسی چێژبەخش و بێ‌مەترسی، بەبێ هیچ ئیجبار، هەڵاوێرد و توندوتیژییەک دەخوازێت.
جەخدەکاتەوە تەندرووستیی سێکسی بەبێ تێگەیشتنێکی فراوان لە سێکسواڵیتە، نەپێناسەدەکرێت، نە فەهمدەبێت و نە بەردەستدەبێت.
جەختدەکاتەوە بۆ بەدەستهێنان و پاراستنی تەندرووستیی سێکسی، مافە سێکسییەکانی هەموو تاکەکان دەبێت، ڕێزی لێبگیرێت، بپارێزرێت و هەروەها بهێنرێتەدی.
پێی‌وایە مافە سێکسییەکان لەسەر بنچینەی ئازادیی سروشتی، کەرامەت و یەکسانی هەموو مرۆڤەکان دامەزراە و بەڵێنی پاراستنی لە هەر جۆرە خەسارێک لەخۆدەگرێت.
ڕایدەگەێنێت یەکسانی و نەبوونی‌هەڵاوێرد، بنەمای مافەکانی مرۆڤە کە مانەوە و باشترکردنی [دەڕەخسێنێت]، هەروەها قەدەغکردنی هەموو چەشنەکانی جیاکاری، بێبەشکردن یان بەرتەسکردنەوەیەک بەگوێرەی نەژاد، ئیتنیک، ڕەنگ، ڕەگەز، زمان، ئایین، بۆچوونی سیاسی یان بۆچوونەکانیتر، زاگەی نەتەوەیی یان کۆمەڵایەتی، خاوەندارێتی، لەدایکبوون یان هەر دۆخێکی تر لەوانە؛ ناکارامەیی، تەمەن، نەتەوە، باری خێزانی و خێزانداری، ئینتیمای سێکسی و شوناسی جێندەری، دۆخی تەندرووستی، شوێنی نیشتەجێبوون، باری ئابووریی و کۆمەڵایەتی لەخۆدەگرێت.
پێی‌وایە ئینتیما سێکسییەکان، شوناسە جێندەرییەکان، دەربڕینە جێندەرییەکان و جیاوازییە جەستییەکانی تاکەکان پاڵپشتی مافەکانی مرۆڤ دەخوازێت.
پێی‌وایە هەموو جۆرەکانی توندوتیژی، هەراسانکردن، هەڵاوێرد، بێ‌بەریکردن و ناوزڕاندن مافەکانی مرۆڤ پێشێلدەکەن و کاریگەری [خراپ] لەسەر تەندرووستی تاکەکان، خێزانەکان و جڤاتەکان دادەنێت.
ئاشکرایدەکات پابەند بە ڕێزگرتن، پاراستن و هێنانەدی مافەکانی مرۆڤ بۆ جێبەجێکردنی هەموو ئازادی و مافە سێکسییەکان دەبێت.
ئاشکرایدەکات مافە سێکسییەکان، مافی هەموو مرۆڤەکانە بۆ هێنانەدی و دەربڕینی سێکسواڵیتە و چێژوەرگرتن لە تەندرووستی سێکسی بەلەبەرچاوگرتنی مافی ئەوانیتر دەپاڕێزێت.

مافە سێکسییەکان، ئەو بەشانەی مافەکانی مرۆڤن کە پەیوەندییان بە سێکسواڵیتەوە هەیە و بریتین لە:
١- مافی یەکسانی و نەبوونی‌هەوڵاوێرد
هەرکەسێک مافی هەیە، چێژ لە هەموو مافە سێکسییەکانی وەرگرێت، بەبێ هیچ چەشنە جیاکارییەکی وەکو نەژاد، ئیتنیک، ڕەنگ، ڕەگەز، زمان، ئایین، بۆچوونی سیاسی یان بۆچوونەکانیتر، زاگەی نەتەوەیی یان کۆمەڵایەتی، خاوەندارێتی، لەدایکبوون یان هەر دۆخێکی تر لەوانە؛ ناکارامەیی، تەمەن، نەتەوە، باری خێزانی و خێزانداری، ئینتیمای سێکسی و شوناسی جێندەری، دۆخی تەندرووستی، شوێنی نیشتەجێبوون، باری ئابووریی، کۆمەڵایەتی و ئەو دۆخانەی تر کە بەتێروتەسەلی لەم جاڕنامەدا هاتووە.

٢- مافی ژیان، ئازادی و ئاسایشی کەسی
هەرکەسێک مافی ژیان، ئازادی و ئاسایشی هەیە بەجۆرێک ناکرێت ئەو مافانە لەبەر هۆیەکانی پەیوەند بە سێکسواڵیتەوە لەخۆەوە بەرتەسک‌بکرێتەوە، هەڕەشەی لێکرێت یان وەلاوەبنرێت؛ لەوانە ئینتیمای سێکسی، کردە و پەیوەندیی سیکسی بەگوێرەی هەردوولا قەبوولکراو، شوناسی جێندەری، دەربڕینی سیکسواڵیتە یان بەهۆکاری بەردەستکردن و پێشکەشکردنی خزمەتگووزاری گرێدراو بە تەندرووستی سێکسی و وەچەخستنەوەوە.

٣- مافی ئازادیی مامەڵە و بڕیاردان لەمەڕ جەستە
هەرکەسێک مافی کۆنتڕۆڵ و بڕیاردانی ئازادانەی لەمەڕ بابەتەکانی پەیوەست بە پەیوەندییە سێکسییەکان و جەستەی خۆی هەیە. ئەم مافانە، هەڵبژاردنی مامەڵەی سێکسی، هەڵبژاردنی هاوەڵی سێکسی و هەڵبژاردنی چۆنییەتی پەیوەندییەکان بەگوێرەی مافەکانی ئەوانیتر لەخۆدەگرێت. بەر لە هەر جۆرە تاقیکردنەوە، دەستوەردان، چارەسەری، نەشتەرگەری یان لێکۆڵینەوەی پەیوەست بە سێکسواڵیتەوە، بڕیاردانی ئازادانە و هۆشیارانە دەخوازێت، [لە کەشێکدا کە] ڕازیبوونی هۆشیارانە و ئازادنە [لەئارادابێت].

٤- مافی ئازادبوون لە هەر چەشنە ئەشکەنجە یان مامەڵە و سزای بێ‌بەزەییانە، نامرۆڤانە و ئیهانەئامێزانە
هەرکەسێک دەبێت ئازادبێت لە هەموو چەشنەکانی ئەشکەنجە و مامەڵەی بێ‌بەزەییانە، نامرۆڤانە و ئیهانەئامێزانەی پەیوەست بە سێکسواڵیتەوە: لەوانە، لایەنە کردارییەکانی نەریتە زیانبەخشەکانی وەکو؛ نەزۆککردنی زۆرەملێ، بەرگرتن بەئاوسبوون یان لەباربردنی کۆرپەلە و فۆرمەکانیتری ئەشکەنجە، مامەڵەی بێ‌بەزەییانە، نامرۆڤانە و ئیهانەئامیزانە، بەهۆکاری ڕەگەزی کەسێک، جێندەر، ئینتیمای سێکسی، شوناسی جێندەر و دەربڕینی سێکسواڵیتە و جیاوازییە جەستەییەکان دەشێت ئاماژەی پێدرێت.

٥- مافی ئازادبوون لە هەموو فۆرمەکانی توندوتیژی و زۆرەملێ
هەموو کەسێک دەبێت، لە هەر جۆرە توندوتیژی سێکسی و زۆرەملێیانە ئازاد بێت لەوانە؛ دەستدرێژی، ئیستیغلالی سێکسی، گێچەڵی سێکسی، ملهۆڕی، چەوساندنەوە سێکسی، کویلایەتی، کڕین‌وفڕۆشتن بەمرۆڤەوە بەمەبەستی قوستنەوەی سێکسی. هەروەها هەرکەسێک دەبێت بەدووربێت لە پشکنینی پەردەی کچێنی و بەکاربردنی توندوتیژی بەهۆی کردارە سێکسییەکانەوە چ واقیعی بن یان خەیاڵی، ئینتیما سێکسییەکان، شوناسی جێندەر، دەربڕینی سێکسواڵیتە و جیاوازییە جەستەییەکان.

٦- مافی سنوری تایبەتی
هەرکەسێک مافی سنوری تایبەتی هەیە؛ لەمەڕ سێکسواڵیتە و ژیانی سێکسی و هەروەها لەمەڕ ئازادیی بەکارهێنان جەستەی خۆی و ئەو کردە و پەیوەندییە سێکسییانەی کە هەردوولا لەسەری ڕێککەوتوون بەبێ دەستوەردان و تەداخولکردنی ملهوڕانەی ئەوانیتر. ئەمە مافی نەدرکاندنی زانیارییە شەخسییەکانی پەیوەست بە سێکسواڵیتەوە بۆ ئەوانیترش لەخۆدەگرێت.

٧- مافی هەبوونی بەرزترین ستانداری تەندرووستیی بەردەست، لەوانە تەندرووستیی سێکسی؛ لەگەڵ ئیمکانی ئەزموونی سێکسیی تەندرووست، خۆش و بەچێژ
هەرکەسێک مافی دەستخستنی بەرزترین ئاستی تەندرووستی و ساغڵەمیی بەردەستی پەیوەست بە سێسکواڵیتەوە هەیە لەوانە؛ ئیمکانی ئەزموونی سێکسیی تەندرووست، خۆش و بەچێژی هەیە. ئەمە بەردەستبوون، بەدەستەوەهاتن و پەسەندکراوێتیی چۆنییەتی خزمەتگووزارییە تەندرووستییەکان دەخوازێت و هەروەها بەردەستکردنی ئەو دۆخەش کە کاریگەری و دیاریکردنی تەندرووستی، لەوانە تەندرووستیی سێکسی لەخۆدەگرێت.

٨- مافی چێژوەرگرتن لە سوودەکانی پێشکەوتنە زانستییەکان و لایەنە کرداییەکانی
هەرکەسێک مافی چێژوەرگرتن لە سوودەکانی پێشکەوتنە زانستییەکان و لایەنە کرداییەکانی لەپەیوەند بە سێکسواڵیتە و تەندرووستیی سێکسییەوە هەیە.

٩- مافی بەردەستبوونی زانیاری
هەرکەسێک دەبێت زانیاریی زانستی دەقیق و قابیلی فەهمی پەیوەست بە سێکسواڵیتە، تەندرووستیی سێکسی و مافە سێکسییەکان لە سەرچاوە جیاوازەکانەوە بەردەست‌بێت. زانیاری لەوجۆرە نابێت ملهوڕانە سانسۆر، قەدەغە یان بەمەبەست بەدپیشانبدرێت.

١٠- مافی پەروەردە و مافی پەروەردەی تەواوەتیی سێکسی
هەرکەسێک مافی پەروەردە و مافی پەروەردەی تەواوەتیی سێکسی هەیە. پەروەردەی تەواوەتیی سێکسی دەبێت لەگەڵ تەمەنی گونجاو، وردبینیی زانستی، توانایی کەلتووری تەبابێت و لەسەر مافەکانی مرۆڤ، یەکسانی جێندەری بەندبێت و بەرکەوتنی پۆزەتیڤی نیسبەت سێکسواڵیتە و چێژ هەبێت.

١١- مافی دەستپێکردن، پێکهێنان و کۆتاییهێنان بە هاوسەرگیری و جۆرە پەیوەندییە هاوشێوەکانیتری، پشتبەستوو بە یەکسانی، ڕەزامەندیی تەواوەتی و ئازادانە
هەرکەسێک مافی هەڵبژاردنی ئەوەی هەیە هاوسەرگیری بکات یان نا، هەروەها مافی دەستپێکردنی هاوسەرگیری، هاوەڵێتی و پەیوەندییە هاوشێوەکانی ئازادانە و تەواو ڕەزامەندانەی هەیە. هەموو تاکەکان مافی یەکسانیان لەسەرەتا، لەکاتی هاوسەرگیری و هەروەها لەکاتی کۆتاییهێنان بە پەیوەندیی هاوسەرێتی و پەیوەندییە هاوشێوەکانی هەیە، بەبێ هەڵاوێرد و هیچ جۆرە بێبەریکردنێک لە هیچ شتێک. ئەمە مافە یەکسانەکانی خۆشگوزەرانیی کۆمەڵایەتی و ئەوانیتر بەبێ لەبەرچاوگرتنی فۆرمی پەیوەندییەکان لەخۆدەگرێت.

١٢- مافی بڕیاردان لە هەبوون یان نەبوونی منداڵ، ژمارەی منداڵ و ماوەی نێوانیان و مافی بەردەستبوونی زانیاری و شێوە جۆراوجۆرەکانی هەبوون یان نەبوونی منداڵ
هەرکەسێک مافی بڕیاردان لە هەبوون یان نەبوونی منداڵ، ژمارەی منداڵ و ماوەی نێوانیانی هەیە. مومارەسەکردنی ئەم مافانە، بەردەستکردنی دۆخێک دەخوازێت کە کاریگەر و دیاریکەری تەندرووستی و ساغڵەمی بێت لەوانە خزمەتگووزارییەکانی وەچەخستنەوە و تەندرووستی سێکسی پەیوەست بە ئاوسبوون، بەرگرتن بە ئاوسی، پیتاندن، کۆتاییهێنان بە ئاوسێتی و هەڵگرتنەوەی منداڵ.

١٣- مافی ئازادیی هزر، بیروباوەڕ و دەربڕین
هەرکەسێک مافی ئازادیی هزر، بیروباوەڕ و دەربڕینی پەیوەست بەسێکسواڵیتەوە هەیە و هەروەها هەرکەسێک مافی دەربڕینی سێسکواڵیتەی خۆی بۆ نموونە لەڕێگەی ڕواڵەت، پەیوەندیگرتن و هەڵسوکەوتی خۆیەوە بەلەبەرچاوگرتنی مافی ئەوانیتر هەیە.

١٤- مافی کۆمەڵبوونی ئازادانە و گردبوونەوەی ئاشتییانە
هەرکەسێک مافی ڕێکخستن، پەیوەندی‌پێوەکردن، گردبوونەوە، پاڵپشتیکردن و خۆپیشاندانی ئاشتییانە لەپەیوەند بە سێکسواڵیتە، تەندرووستی سێکسی و مافە سێکسییەکانی هەیە.

١٥- مافی بەشداریکردن لە ژیانی گشتی و سیاسی
هەرکەسێک مافی هەیە ژینگەیەک دەستەبەربکات کە بەشداری چالاک، ئازادانە و مانادار لە لایەنە مەدەنی، ئابووریی، کۆمەڵایەتی، کەلتووری، سیاسی و لایەنەکانیتری وەکو ژیانی مرۆڤ لە ئاستە لۆکاڵی، نەتەوەیی،ناوچەیی و نێودەوڵەتی بڕەخسێنێت. بەتایبەت هەموو تاکەکان مافی بەشداریکردن و جێبەجێکردنی سیاسەتە دەستنیشانکەرەکانی خۆشگوزەرانیی خۆی، لەوانە سێکسواڵیتە و تەندرووستیی سێکسی خۆی هەیە.

١٦- مافی بەردەستبوونی دادپەروەری، چارەسەری و قەرەبووکردنەوە
هەرکەسێک مافی بەردەستبوونی دادپەروەری، چارەسەری و قەرەبووکردنەوەی لەبەر پێشێلبوونی مافە سێکسییەکانی هەیە. ئەمە دەستبەکاربوونی کاریگەر، کافی، کرداری و پەروەردەی گونجاو، یاسایی، دادوەری و ئەوانیتر لەخۆدەگرێت. چارەسەری ئەمانە لەخۆدەگرێت: قەرەبووکردنەوە لەرێگەی ئابڕووسەندنەوە، تەعویزکردنەوە، دڵخۆشکردن و پێدانی دڵنیایی دووبارەنەبوونەوە