سیتسەمی دیکتاتۆریی (یان تۆتالیتاریی)و گەڕەڵاوژێ دەستاودەستی دەسەڵات ئەکەن

بەروار: 3 ساڵ لەمەو پێش

د. رزگار ئاغا

سیتسەمی دیکتاتۆریی (یان تۆتالیتاریی)و گەڕەڵاوژێ دەستاودەستی دەسەڵات ئەکەن

بەشی سێیەم:
١.سەرهەڵدان و داكوتانی  دیکتاتۆریی یان سیستەمی  خۆسەپێن (تۆتالیتاریی) وەک فۆرمی حوکومڕانیی
دیکتاتۆریی یان دەسەڵاتی خۆسەپێن (تۆتالیتاریی) بە فۆرمی حوکومڕانیی رەها ناونراون, ئەگەرچی هێڵێکی کاڵ هەیە ئەم دووانە جیا ئەکاتەوە – ناچیینە ئەو وردەکارییەوە-, بەڵام بە جۆرێکن دەسەڵاتەکانی حوکمڕانیی لە وڵات دا, چربۆتەوە لە دەستی کەسێک یان گرۆیەکی دیارییکراوی وەک پارتێکی سیاسیی یان سوپایەکی سەربازیی. بەم پێیە, هێندی توندوتییژییەکەی جۆرا و جۆرن. ئەم رژێمانە داخراون و رێ بە هییچ پارتێکی سیاسیی تر نادەن تیایان دا گەشە بکات و, هییچ ئۆپۆزسیۆنێکی راستەقیینەش بوونی نییە, هەموو دام و دەستگا و, رێرەوەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیی و, پێوەرەکانی رەوشت بەپێی رێنماییە توندەکانی پارتی دەسەڵات, یان تاکی سەرۆکەوە داڕێژراون. ئەم جۆرانە (خۆسەپێن بە تایبەت) بە سیستەمی گشتگییر ناوزەد کراوە و, بەدەرە لە  جێبەجێکردنی هەر ئایدۆلۆجیایەکی سیاسیی دیارییکراو, بەڵکو رواڵەتێکی ئایدۆلۆجیی هەیە و زۆر بە کاڵیی پیادەی ئەکات و, ئاستی گەندەڵیی و ستەم تیایدا ئەوپەڕییەتی.
راشییڵ نیوێر, لە نووسینێکی دا(١٩),چەند ئاماژەیەکی بە بایەخ ئەدات وەک, وەرگرتنی پێناسەیەکی سادەی بۆ سیستەمی دیکتاتۆریی لە ناتاشا ئیزرۆ, وانەبێژ لە زانکۆی “ئیسێکس” ی بەریتانیی: “کاتێک دەسەڵاتێکی جێبەجێکار ناتوانرێت بگۆڕرێت, ئیتتر ئەوە بۆ خۆی دکیتاتۆرییە”. واتە سیستەمی خۆسەپێنیی لە دەوری تاکە کەسێک, یان تاکە پارتێک بە تەنها فەرمانڕەوایی ئەکات, یان گرۆیەکەی چەکدارە (لە سوپا دا یان دەرەوەی) بکەژ و ببڕە.
هەروەها, داتایەک بۆ رژێمە دیکتۆرییەکان لە رێکخراوی “Freedom House”وە, کە رێکخراوێکی ناحوکوومییە و لە واشنتۆنە, توێژیینەوەی بەبایەخی کردووە بۆ پشتگییریی دیموکراسیی لە وڵاتە دکتاتۆرییەکان دا. فریدەم هاوس پێی وایە سێ یەکی دانیشتوانی سەر زەوی لە ژێر سیستەمی دیکتاتۆریی یان خۆسەپێن و ستەماکاریی دا ئەژیین و, یەک ملیار کەس لە ژێر فەرمانڕەوایی داپڵۆسێنەردا ژیان بەسەر ئەبەن. بە پێی داتاکانی ئەوان, ١٠٦ سیستەمی دیکتاتۆریی یان نێمچە دیکتاتۆریی بە درێژایی رۆژگار هەبوون, کە ئەکاتە ٥٤%ی دەوڵەتەکانی سەر زەوی.

هەتەربوونی دیکتاتۆر( خۆسەپێن) لە سەردەسەڵات, سەرنجێکی ریچارد ئۆڤێریی لە زانکۆی ئێکزییتەر رائەکێشێت, کە باس لە سرووشتی کەسی دیکتاتۆر و خۆسەپێن ئەکات, بە تایبەت یولییوس قەیسەر ئەکات, ئەڵێ: “کەسێکی وەکو یولییوس کە ئەو هەموو دەسەڵاتەی دراێێ بۆ رووبەڕووبووەنەوەی تەنگژەکان؛ ئەبوو, لە دوای تێپەڕبوون و بەسەرچوونی ئەو تەنگژانە, وازی لە دەسەڵاتە کاتییانە بهێنایە, بەڵام هەرگییز ئامادە نەبووە دەستبەرداریان ببێت”, پێی وایە: زۆربەی رژێمە دیکتاتۆرییە هاوچەرخەکان  وەک هتلەر و مۆسۆلیینیی بە نموونە, ئەمانیش لە بارودۆخی سەختی تەنگژەدا پێکهاتن و, بەڵام درێژەیان دا بە دەسەڵات و بوون مایەی نەهامەتی و پەشێویی نەک بۆ وڵاتەکانی خۆیان بەڵکو لەسەر ئاستی جیهان, بۆیە ئەشێت لە داهاتووشدا لە هەمان بارودۆخ دا لەمجۆرە دیکتاتۆرییانە سەرهەڵبدەنەوە. بۆیە ئەڵێ: “لە سەدەی داهاتوودا, تەنگژەی قورس و توندی تر دێـتە ئاراوە, بۆیە لەو بڕوایەدا نییم کە کۆتایی بە سەردەمی دیکتاتۆرییەکان هاتبێت”.
وەک شرۆڤەیەکی بییردۆزیانە لەسەر ئەو مێژووەی دیکتاتۆریی  و دەسەڵاتە خۆسەپێنەکان هەیانە و, ئەو بارودۆخانەی کە بە تەنگژە و پەشێوییەکانەوە پێوەستن, پەیدابوونەوە و ریشەداکوتانی دیکتاتۆریی و سیستەمە خۆسەپێنەکان, بە چەند هۆکار یان بارودۆخێکەوە بەستراوەنەتەوە(٢٠):
١. نائومێدبوونی میللەتان: ئەمە ئەو دۆخەیە کە دوای جەنگی یەکەمی جیهانیی هاتە ئاراوە. جەنگ وێرانکاریی یەدوای خۆیدا هێناوە, لە داڕمانی ئابوورییەوە بۆ گەڕەڵاوژێی نەتەوەیی. لە وڵاتە ئەوروپاییەکان و وڵاتانی ئەمەریکای لاتیین, کە دیموکراسییان لە بەریتانیا و فەرەنسا و ئەمەریکاوە وەرگرتبوو, پاشەکشەیەکی خێرا لە پێرەوکردنی دیموکراسیی بەرەو شکت هات. ئەستەمبوونی گەشەی دیموکراسیی  و, دەستەوسانبوونی لە چارەسەری کێشەکانی حوکومڕانیی و, سستبوونی ئاوەزای کۆمەڵایەتیی و, پەرتەوازەیی ئاڕاستەی سیاسیی, بوون بە مایەی جێخۆشکردن بۆ دیکتاتۆریی و ریشەداکوتانی.

٢. جەنگ و تەنگژەکان: جەنگ لە هەر وڵاتێک دا بوو بێت, دۆخی نائاسایی هێناوەتە ئایەوە, کە پیویستیی بە حوکوومەتی بەهێز هەبووە, کە بە مەترسییەکان بزانێ و رووبەڕوویان بێتەوە. بۆیە, لەم دۆخانەدا هەرچیی پێڕەوە دیموکراسییەکانە بەرەو پەژمووردەیی ئەچن و, ئییتر ئەم جۆرە حوکوومەتانە سرووشتێکی دیکتاتۆرییانە ئەگرنە خۆ, کە هەرچیی دەسەڵاتەکانە لە خۆیاندا کۆی بکەنەوە, بەلام بە کۆتاهاتنی جەنگ , دەسەڵاتەکە دەق دەگرێـت و لەسەر هەمان تەرز ئەمێننەوە.

٣. جووڵانەوە شۆڕشگێڕیی و کودەتاییەکان: شۆڕشە جەماوەریی و, کودەتا سەربازییەکان پەنا بۆ پاساوی نیشتیمانیی و کۆمەڵایەتیی ئەبەن, بۆ گۆڕیینی سیستەمی حوکومڕانیی و جێگرتنەوەی بە حوکومەتێکی واقیعیی, کە لە سەرەتادا کاتیی و دەسەڵاتشکێن بەسەر هەموو پەشێویی و نالەبارییەکان دا, دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن بە رەهایی ئەگرێتە دەست, هەتا حوکومەتێکی سەقامگییر بهێننە ئاراوە. بەڵام زۆربەی جار, ئەو حوکوومەتە درێژکراوەیەکی ئەو دەسەڵاتە رەهایە دەبێـت کە بە کاتیی هێزی دەگرێـتە دەست و فۆرمێکی دیکتاتۆریی وەرئەگرێت و, گۆڕانکاریی تیا دا ئەستەم ئەبێت.

٤. سەربەخۆیی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی: سەربەخۆیی نەتەوە ژێردەستەکان, یان جیابوونەوەی وڵاتەکان بوون بە مایەی گۆڕانکاریی سیاسیی گەورەی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی. ئەم پرۆسەیەش بەپێی شێوەی شۆڕشی جەماوەریی, یان کودەتای سەربازیی, یان بڕیاری نێودەوڵەتیی بووە. بۆیە, نائارامیی ئەم گۆڕانکارییانە, بوون بە مایەی گەشەی دەسەڵاتە دیکتاتۆریی و خۆسەپێنەکان و, ئییتر لە دەستی دیکتاتۆریی تاک یان گرۆیەک یان پارتێکی سیاسیی دا باڵی کێشاوە و بۆ زیاتر لە دەیەیەک ماونەتەوە. هەروەک لە دوای جەنگی دووەهەمەوە, میللەتان بەرەنگاری هەژموونی کۆمۆنیستیی بوونەوە و, لە سەرەتایانەوە دەستبەرداری هەموو مافە هاونیشتیمانیی و سەربەستییە سیاسییەکانیان بوونەوە و باوەشیان بۆ دیکتاتۆرەکان کردەوە بۆ سەرگرتنی پرۆژە سیاسیی و ئابوورییەکانیان. ئییتر, حوکوومەتە دیکتاتۆرییەکان روویان لە هەڵکشان کرد و, جێی خۆیان توندکرد لە وڵاتەکانیان کە گۆڕانکاریی تیایان دا ئەستەم بووە.

٢. وڵاتانی سیستەمی  دیکتاتۆریی (یان خۆسەپێنیی) کەسێتی و سیستەمی سەربازیی
لە کتێبی “دیکتاتۆرییەکان چۆن ئییش ئەکەن- How Dictatorships Work “(٢١) لە لایەن سێ زانای سیاسەتەوە: باربرا گیدیس و جۆزیف رایت و ئەریکا فرانتز, ئامڕازی راستەکەرەوە پێشکەش ئەکەن, بۆ چۆنیەتی لێسەندنەوەی دەسەڵات لە لایەن خۆسەپێنەکانەوە و لابردنیان و, تیۆریان هەیە لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ئەم دەسەڵاتانە. کتێبەکە سامانێکی گەورە لە داتای تۆکمە و راست, پێشکەش بە هەموو لایەنێکی پێوەندییداری سیاسیی و تەناتە جەماوەر ئەکەن. کتێبەکە, داتای ٢٨٠ رژێمی خۆسەپێن لە خۆ ئەگرێت, کە دەسەڵاتیان لە نێوان ساڵانی ١٩٤٥ هەتا ٢٠١٠ یە, بە شرۆڤە و شیکاری زانستیی و بەڵگەداریی تۆکمەوە. بە جۆرێک, داتا و زانیارییەکانیان لە بارەی خۆسەپێنەکانەوە لە بێشکەوە هەتا گۆڕەکانیانە, بە ورد و درشتی بییرۆکە و ستراتییجەکانیانەوە. چۆن ئەگەنە دەسەڵات, چۆن ئەمێننەوە و بەردەوام ئەبن, دەسەڵاتیان بەسەر ئاسایش و هەواڵگیریی و سوپا, دامەزراندنی پارتی سیاسیی و جەنگی دەروونیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتیی, هتد..؟!
ئەم زانایانە, لەسەر ئەو بۆچوونەن کە هەموو رژێمە خۆسەپێنەکان هاوشێوە نیین, پەیکەری رژێمە خۆسەپێنەکان زۆر جیاوازن لە یەکترییەوە, ئەمەش کاریگەریی زۆری هەیە لەسەر هەڵوێست و سەرگرتنی پلانی هێزی نێودەوڵەتیی لە گۆڕیینی رژێمەکان دا. پۆلێنکردنی “گادیس” بۆ رژێمەکان بریتیین لە, بنەماڵەی دەسەڵات, تاکە حیزبی دەسەڵات, یان تاکە کەسی دەسەڵات, گرۆی سەربازیی, یان تێکەڵێک لەوانە. ئەم پۆلێنانە گرنگن کە پێناسەیەک بن بۆ زانیین وئیش لەسەرکردنی چۆنییەتی پێکهێنانی پەیکەری دەسەڵاتی حوکومڕانیی ئەم جۆرانە, کە کاریگەریی زۆریان هەیە لەسەر گۆڕانکاریی بەرەو دیموکراسیی و, لەسەر رێگە و, تەنانەت لەسەر شێوازی گۆڕانکارییەکەش.
دیکتاتۆرییە کەسێتییەکان, گەورەتریین کێشەن نەک بۆ میللەتەکانیان, بەڵکو بۆ سیاسەتداڕێژەکانی دونیا, کە لە خەمی خستنەوەی ئاشتیی دان لە بەرامبەر روخاندنی رژێمە خۆسەپێنەکان دا. دیکتاتۆرییە کەسێتییەکان, دەسەڵاتی وڵاتیان لە خۆیان دا کۆکردۆتەوە. بە مەبەستانە سوپا و پۆلیسی فەرمی وڵات لاواز و بێ هەژموون ئەکەن, کە هەرگییز نەبنە مایەی رووخاندنی دەسەڵاتەکەیان. دەسەڵاتی یاسادانان دەستەوسان ئەکەن وەکو هەر نەبن وایە, کاتێک لە سەروو ئەم دەسەڵاتەوە بڕیارەکان, بە دەر لە یاسا ئەسەپێنن بەسەر هەموو کایەکانی حوکوومەت و کۆمەڵگە دا. قەدەغەی پارتی سیاسیی تر ئەکەن, یاخود پارتە سیاسییە نەیارەکان پێ ملکەچ ئەکەن. کۆمەڵگای مەدەنیی لە هەناوی پارتی سیاسیی خۆیانەوە پێک دەهێنن و, کۆمەڵگە و رێکخراوە بێ لایەنەکان پەراوێز و ژێرچاودێریی دەکەن. هەموو دەنگ و ناڕەزاییەک بە هەڕەشەی نیشتمانیی و دژ بە دەسەڵات دائەنێن. هییچ دامەزراوەیەکی تری لە بریی (بدیل) بوونی نییە, هەتا سەرۆک لە دەسەڵات لا ببات, لە چەشنی دەسەڵاتی سەربازیی یان پارتێکی سیاسیی بەهێز. سەرۆک خۆی و دەوڵەت بە یەک دەسەڵات دائەنێت, هییچ بژاردەیەکی تری دەری سیاسەتی سەرۆک بوونی نییە و, تەنها بژاردە هەر ژێرفەرمانیی دەسەڵاتی سەرۆکە. دەسەڵاتی سەربازیی لە چەند یەکەیەکی تایبەتیی سەر بە سەرۆک و پارتە سیاسییەکەی دا کۆکراوەتەوە, لە سەروو هەموو بڕیارێکەوەن و, لە لایەن کەس و کاری پلە یەکی سەرۆکەوە سەرکردایەتی ئەو یەکە سەربازییە تایبەتانە ئەکرێت.
ئییتر ئەمجۆرە حوکومڕانییانە, مایەی نیگەرانییەکی گەورەن بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی, کە میللەتانی ژێر ئەو دەسەڵاتانە بێزاربوون لە دیکتاتۆرەکانیان و, کەمتریین رێ و شوێن و میکانییزم شک ئەبەن بۆ دانووستان لەتەک ئەم سەرۆکانەدا, بۆ رازییکردنیان بە دانووستان یان دەستبەرداربوونێکی خوایشتانەی دەسەڵات. نموونە لەمجۆرانە: مل نەدانی قەزافیی و بێ هێزیی سوپاکەی لە ئاستیی بەپرسیارێتیی دا, وایکرد کە دەستتێوەردانی سەربازیی چارەسەر نەبێت, بەڵام بۆ یەمەن چارەسەر بوو؛ چونکە عەلی عەبدووڵا ساڵح ئەو هەژموونەی نەبوو بەسەر سوپاکەی دا, بۆیە ئەو ترازانەی لە لایەن ئۆپۆزسیۆنەوە لەناو سوپاکەی دا روویدا, بە زەحمەت توانی رێی لێ بگرێت. لە عێراق, دیسان ملە نەدانی سەدام حسێن بۆ دەستهەڵگرتن لە دەسەڵات و بە پشتییوانی سوپای بەهێزی ژێر فەرمان و یەکەی تایبەتەکانی خۆی و دەستگا هەواڵگییریی و ئاسایشەکانی, درێژەیان دابوو بە دەسەڵاتەکەی. تەنها چارە بۆ راماڵیینی ئەم رژێمە کەسێتییانە, دەستتێوەردانی سەربازیی دەرەکییە.

سیستەمی سەربازیی
رژێمی سووریا و میسر جیاوازبوون لە رژێمەکانی لیبییا و یەمەن لە پێکهاتەیان دا. ئەگەرچیی موبارەک و ئەسەد هەردووکیان سەرۆکی بەهێز بوون, بەڵام دەسەڵاتیان لەتەک سوپادا بەشکردووە. کاتێک دەسەڵات ئەکەوێتە دەست سوپا لە وڵاتێکی دکیتاتۆریی دا, تەنانەت ئەگەر ئەو دەسەڵاتەش هاوبەش بوو لەتەک سەرۆک دا, هێشتا سوپا کلیلی گۆڕانکاریی و وەرچەرخانە. بەڵام, دەسەڵاتی یەکلاکەرەوە ئەو ئاستە پیشەییە سەربازیەیە کە پابەندیی و پێوەندیی کاریگەری هەیە لەتەک کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی دا. پیشەمەندیی سوپا ئەوەیە لە ژێر هەژموونی هییچ هێزێکی میلیشیایی هۆز و بنەماڵە, یان یەکەی تایبەتیی سەرۆکەوە نییە و, فەرمانی لەوانەوە بۆ نایەت. وەک ئەوەی لە عێراق و لیبییا و یەمەن دا هەبووە و ئێستاش هەمان دۆخی هەیە. سوپای فەرمیی, پێوەری پییشەیی نێودەوڵەتیی خۆی پەیڕەو ئەکات, کە تۆکمەیی و شکۆی گەورەی داوتێ, نەک پابەندبوونی بە خێڵ و بنەماڵە و سەرۆک و پارتە سیاسییەکەیەوە. ئەفسەرە گەورەکانی ئەم سوپا فەرمییە سیستەماتییکانە, ئازادانە بڕیارەکانیان لە ئاستی بەرپرسیارێتی ناوخۆ و دەرەوە ئەدەن, بێ منەتن لە دەستبەرداربوونی پلەی سەربازیی و پێگە ئیداریی و سوپاییەکەیان, هەروەک ئەبینرێت چەندەها دەستلەکارکێشانەوەی ئازادانە لە سوپاکانی ئەکوادۆر و هندۆراس و پیرۆ و پۆلیڤیا و تەنانەت لە سوپای تورکییش دا لە رابردوو دا زیاتر بەدیی کراوە.(٢٢)
دیارە لە نێو ئەم سوپا سیستەماتیکانەدا, وڵاتانێک هەن کە بودجەی سەربازییان لە دەرەوە بۆ دابیین ئەکرێـت و, وەک تایلاند بە نموونە, هەرکات سەرکردەکان بە خراپ ئەو بووجەیە بەکاربهێنن, ئەوا نارەزایی نێو سوپا ئەبێتە مایەی کودەتای سەربازی لە وڵاتەکەدا. هەر کاتێکیش, کەمبوونەوەی ئەم بووجەیە لە لایەن سەرچاوە دەرەکییەکەوە پێوەندیی بەوەوە هەبێت کە دەستبەرداری دەسەڵات ببن, ئەوا بێ سێ و دوو ئەکشێنەوە و, کەمتریین لێکەوتەی کرژیی و وێرانکاریی لێ دەکەوێتەوە.
سیستەمە سەربازییەکانی زۆربەی وڵاتانی ئەمەریکای باشوور, پێوندییەکی پتەویان هەیە بە کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە, ئەگەرچیی لەم وڵاتانەدا لە سایەی حوکوومەتە نادیموکراسییەکانیانەوە, مافەکانی مرۆڤ بە ئاشکرا پێشێل ئەکرێن. بەڵام ئەم سوپایانە پشتییوانی دارایی ئەکرێن لە لایەن زۆر وڵاتەوە و دیارتریینیان ئەمەریکایە. بۆیە, ئەمەریکا هەرکات ئەم پشتییوانییە ببڕێت, لەتەک ئەم سوپایەدا ئەکەوێـتە دانوستانەوە. ئەگەر ئەمەریکا داوا لەم سوپایە بکات گۆڕانکاریی تێدا بکرێت, یان حوکوومەت بگۆڕرێت, ئەوا ئەم سوپایە بەوپەڕیی ملکەچییەوە دەکشێتەوە و پابەندی مەرجەکان ئەبێـت, نەک ئابڕووی نێودەوڵەتیی خۆی تێک بکات.
بۆیە, دەستاودەستکردنی ئاشتییانەی دەسەڵات لەم جۆرە وڵاتانەدا ئارامتر و ئاسانتر و خێراترە, هەر کرژیی و بەیەکدادانێکیش هەبێـت, بە بەرژەوەندیی پاراستنی هەژموونی ئەو سوپا سیستەماتییکە ئەکەوێتەوە, کە دژ بەهەر پێشێلکارییەک دێتە دەست, کە پێوەستە بە گۆڕانکاریی دەسەڵات یان پابەندبوون بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەوە.

پێوەر بۆ گۆڕانی سیستەمی خۆسەپێن
وەکو بیردۆزەی زانستی سیاسیی, کەوتنی دیکتاتۆرەکان چڕێنراوەتە سێ دۆخەوە:(٢٣)
١.شکستی تەواوەتیی
بە پێی ئەو لێکۆڵیینەوە و شرۆڤە زانستییانەی لە هەناوی زانستیی سیاسییەوە هەڵقوڵاون, ناتوانرێت پێشبیینی هییچ پێشبیینیی یان دەرئەنجامێکی ماتماتییکییانە بکرێت بە پێی ئەو پێوەرانەی کە پێشکەشکراون. بە نموونە, سێ رژێمی خۆسەپێن ئەڕووخێن, بەڵام جێگرەوەکانیان بە تەواویی جودان لە یەکتریی؛ مانەوەی دەسەڵاتی دیکتاتۆری لە زائییر (١٩٩٢), جێگرتنەوەی دیکتاتۆرییەتێک بۆ یەکێکی تر لە ئێران (١٩٧٩), لە چیلی دا گۆڕانکاریی بەرەو دیموکراسیی جێی رژێمی خۆسەپێنی ئەگرێـتەوە.

٢.شکستی سەرکردە
پێوەری دووەم بۆ روخانی دەسەڵاتی خۆسەپێن, شکستی سەرکردەیە کە تیایدا دیاریی ئەکرێـت و, کەی سەرکردە دەسەڵات جێ ئەهێڵێت. ئەمەش بە مردنی سرووشتی, دەستاودەستکردنی رێکخراوانە و دەستوورییانە, یان گۆڕانکاریی ناڕیکخراوانە.

٣. تەواوبوونی ماوەی یاسایی حوکومڕانیی حوکوومەت
ئەم پێوەرە, تێگەیشتن ئەدات لە بارەی چەمکی بڕیاردان لەسەر مانەوەی حوکوومەت, بریاردان لە ماوەی مانەوە لە پێگەدا بۆ دامەزراوە سیاسیی و حوکوومییەکان. لە دەسەڵاتە خۆسەپێنەکان دا سەرۆکەکان هەمیشە بە دوای پاساوێک ئەگەڕێ، بۆ درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتییان, وەک درووشمی سەرۆکی هەمیشە پێویست, باری نائاسایی, پێداویستیی قۆناغ, تەنگژەکانی دەوڵەت, هەڕەشەکانی دەرەوە, لەمجۆرە پاساوانە کە دوای درێژبوونەوەی ماوەی سەرۆکایەتییەکەیش, خراپتر ئەبن و باشتر نابن. ئەگەر, هەر ویسترا ,بەهەر هەل و مەجێک سەرۆک لاببرێت, ئەوا ئەو ئەڕوا و نزیکتریین کەسی سەرۆک لە برا یان کوڕی خۆی جێی ئەگرێـتەوە. بەم جۆرە, دەسەلاتە خۆسەپێنەکە مانەوەیەکی زیاتر ئەدات بە خۆی, ئەمەش لە رژێمی پادشایی وەک سەعوودیە و کوەیت و ئەمارات و ئەردەن و ئێرانی پێشوو, یان لە رژێمە ئایدۆلۆجییەکان دا روو ئەدەن وەک بەعسی سوریا, حافز ئەسەد مرد بەڵام بەشاری کوڕی هاتۆتە جێی, لە میسر پارتی  بەردەوام بووە بە و مردنی ناسر و کوشتنی سادات هەتا جێگرتنەوەی بە موبارەک. ئەمانە, ئەو دۆخانەن, کە چارەسەریان نییە مەگەر گۆڕانکاریی دەستاودەستکردنی دەسەڵات لە نێو پارتە سیاسییەکانی ئەو وڵاتەدا روونەدات.
مردنی سەرۆک, نەبووەتە مایەی هەڕەشە بۆ رووخانی دەسەڵاتی خۆسەپێن. چونکە رژێمە خۆسەپێنەکان بەردەوامییەکی پەیکەریی خێزانیی سیاسەتیان هەیە, کە سرووشتێکی سیستەماتییکیان هەیە لە هەڵبژاردنی جێگرەوەیەک, بە بێ ئەوەی هییچ کاریگەرییەکی لەسەر تۆکمەیی رژێمەکەیان هەبێت و, رووبەرووی رووخان نابنەوە. بە نموونە, سوعوودییەی عەربیی دوای مردنی شا خالد(١٩٩٢), کوشتنی شا فەیسەل (١٩٧٥) و, مردنی جابر احمد الصباح شای کوەیت, بێ هییچ ترازان و دابەشبوونی خێزانیی و لاسەنگبوونی دەسەڵاتیان, بەردەوامییان داوە بە فەرمانڕوایی.
ئەم پێوەرانە, کە بۆرووخانی دەسەڵاتی خۆسەپێن داڕێژراون, تەنها دەرئەنجامن, نەک مەرجی گۆڕانکاریی, بۆیە لە واقیع دا هییچ ئاماژەیەکی تۆکمە نادەن کە ئاسۆیەکیان لێوە دەربکەوێ. بەڵام دیارە, ئەم دۆخانە پێچەوانە نایەنەوە لە تەک دوانزە پێوەر و ئاماژەدەرەکانی دەوڵەتی شکستخواردوو, کە لە لایەن “Foreign Policy” و سندووقی نێودەوڵەتیی ئاشتییەوە جێگییر کراون- لە بەشی دووەم دا رییزکراون-(٢٤), کە بەردەوام هەڵسەنگاندن و رییزبەندیی دەوڵەتەکانی پێ دەکرێت. دیارە, تەنها رییزکردن و ناساندنن بۆ هەموو ئەو دەوڵەتانەی کە سیستەمێکی خۆسەپێن تیایان دا زاڵە و, مایەی شکستخواردنن لە قۆناغێکی حوکومڕانیان دا.

٣. ئایا روخانی رژێمی خۆسەپێن مەرجە سیستەمێکی دیموکراسیی بەدوای خۆی دا بهێنێـت؟

مێژوو, ئەوەی ساغکردۆتەوە کە گۆڕانکاریی دامەزراوەیی و پەیکەریی لە ئەنجامی رووخانی رژێمێکی خۆسەپێن و, لابردنی هەموو سەرانی ئەو رژێمە, مانای ئەوە نیین کە گۆڕانکارییە بەرەو دیموکراسییە.

پرسیارگەلێک دین بە هۆش دا, لەوانە, بۆچیی ئەمە ئەگەر ئەستەمیش نەبێـت بەڵام زۆر سەختە؟ بێگومان, وەڵامەکە لە دیارییکردنی ئەو لایەنە هەژمووندارە کاریگەرەدایە, کە لە دوای روخاندنی رژێمی پێشوو بڕیاری چارەنووسی دواتر ئەدات, چ پلانێکی پێویستی هەیە بۆ هێورکردنەوەی توندوتییژیی, چۆن رێگریی لە شەڕی ناوخۆ و کێبڕکێی چەکدارانە بۆ دەسەڵات,ئایا کودەتای تر رووئەدات؟ ئەم هەل و مەرجانە کامانەن بۆ دیارییکردن و هەڵبژاردنی سەرکردە و هەڵبژاردنی سیاسەتی دوای هەرەسی رژێمی پێشوو. لە وڵاتەکانی بەهاری عەرەبیی و لە عێراقی دوای ٢٠٠٣, ئەم هەل و مەرجانە بە ئاشکرا شکستخواردوو بوون. زەمیینەیەکی تر لە ئامادەباشیی دا بوون بۆ ئاراستەگۆڕیینی شۆڕشەکان. دیارە, ئەوەی چاوەڕوان ئەکرا لە رواڵەتی ئەو شۆڕشانە, لە چاوەڕوانیی بیردۆزەیی زانستی سیاسیی و سیاسەتکار و چاودێرەکانەوە, کە کۆتاهاتنی دیکتاتۆریی و دەسەڵاتە خۆسەپێنەکان بن. بەڵام, ئەوەی رووی دا بە بەراورد لەبەرامبەر ولاتێکی دیموکراسیی دا – ئەوەی بە رواڵەت دیارە, سەرکردە و سیاسەتی داهاتوو لە دەستی خەڵک دایە لە رێی هەڵبژاردنەوە- دەسەڵات ئەچێتە دەستی هەڵبژێراوانی خەڵک لە دەستگا جۆربەجۆرەکانی وڵات دا. بەڵام ئەوەی رووی دا و رووئەدات لە تەواوی ئەم وڵاتانە بە عێراقیشەوە, سەرباری پیادەکردنی پرۆسەیەکی دیموکراسیی نادرووست وەک هەڵبژاردن, سەرکردە جێگرەوەکان بە هەمان دیید و ستراتییج و تەموحەوە, دیکتاتۆرانە و خۆسەپێنانە ئاراستەی حوکوکڕانییان گرتەبەر و بەهەمان میکانییزمەکانی پێشووەو خراپتریش. بۆیە, بەوپەڕی نەشتەرگەریی سیاسیی بوێرانەی چاوقایمانەوە, کەوتنە وێزەی جەستەی پرۆسەی هەڵبژاردن, کە لێرەوە جێ پێی خۆیان قایمکرد لەبەرامبەر دیموکراسیی دا, کە بە نەبەکامی و لە ژێر چاودێریی و سەرپەرشتی خۆیاندا تەرزێکی تری دیموکراسیی گەڕەڵاوژەیان هێنایە ئاراوە. ئییتر, لە کاندییدەکانی هەڵبژاردنەوە دەستیان پێکرد, بڕیاریان دا خۆیان دەستنیشانیان بکەن نەک خەڵک, فوویان تێ بکەن, هانیان بدەن وتاری ئاگراویی دژ بە دەسەڵات بە نووسیین و بە قسە بدەن بە گوێی جەماوەردا, هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنیان بۆ رێک بخەن لە شار و شارۆچەکان, خەڵکیان بۆ کۆکردنەوە, دەزگاکانی راگەیاندن خرانە سەر پشت, بە هەموو دەزگا راگەیاندنەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن و بێ لایەنیشەوە لە کاردا بن بۆ شییریینکردنی ئەو کاندییدانە. دواجاریش, لە رێی هەڵبژاردنەوە هەر خۆیان جیاکردنەوەی ناوەکانیان بۆ ئەکەن و, لەبارتریینیان (نەک زۆرتریین براوەی دەنگ) بۆ ئەو گەمە دیموکراسییە هەڵدەبژێررێن, کە مەرج نییە دەنگیشیان هێنا بێت, هەتا ببن بە پشتییوان و گوێڕایەڵ بۆ دەسەڵات, یان هەر لەسەر ئەو زمانە ئەیانهێڵنەوە, هەتا نارەزاییەکی فشۆڵی بێ کارییگەر پیشان بدەن بەرامبەر خۆسەپێنیی و نادادییەکانی دەسەڵات. بۆیە, دواجار رەوشێک هاتە کایەوە, دەسەڵاتی دیکتاتۆریی نوێ بێ یان کۆن, هەر خۆی زاڵە بەسەر هەر ئەنجامێکی هەڵبژاردنەوە.

بەهاری عەرەبیی
بەهاری عەرەبیی کە لە سەرەتاکانی ساڵی ٢٠١١ دا بەواقع گۆڕانکاریی ریشەیی خستەوە لە ناوچەکەدا, کە بە تونس دەستی پێکرد, پاشان میسر و لیبییا. گۆرانکارییەک کە ناسەقامگییرییەکی زیاتر و پەشێویی لێکەوتۆتەوە.  راستە, ئەم سێ گۆڕانکارییە روخانی رژێمەکانی بەدەمەوە بوو. زەینەلعابدیین بن عەلیی بە خێرایی لە تونس کەوت, پاشان حوسنی موبارەک خۆی وازی هێنا, بەڵام بە شێوەیەکی کتوپرانە کوژرا, ئەگەرچی دەستی لە دەسەڵات بەرنەئەدا و پەنای بردە بە هێزی نێودەوڵەتیی بۆ گفتی سەلامەتیی لە دەرچوونی لە لیبییا. عەلیی عەبدوڵای سەرۆکی یەمەن یش ملی نەیا واز لە دەسەڵات بهێنێت سەرباری ناڕەزایی و ململانێی ناوخۆ. سورییاییەکان دەستیان بە نارەزایی کرد لە دەست رژێمی بەعسی ئەسەد, بەلام بەرەبەرە وڵاتی بەرەو دۆخێکی نالەباری خوێن و وێرانکاریی  و شەڕی ناوخۆی دوو رو درێژ هێنا. پرسیار ئەوەیە , دۆخی میسر بەو ئاسانییە نەبوو بەڵام موبارەک زوو دەستبەرداری دەسەلات بوو, قەزافی بەو شۆرشە خوێناوییە کۆتایی پێ هات و تا ئێستاش نەچووەتەوە سەر خۆی, دەستبەرداربوونی عەلی عە بدووڵا ساڵحیش وەک دانوستانێک کۆتایی هات دوای ئەوەی بە برینداریی برایە سوعوودییە و لەوێ پێی وترا چییتر دەسەلاتت تەواو بووە و ناتوانییت بگەڕێیتەوە بۆ یەمەن. باشە ئەی بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی هییچ کارییگەرییەکی بەرچاوی نییە بۆ دۆخی سووریا, هییچ ئاسۆیەک دیار نییە بۆ کۆتاهاتنی ململانێ لەوێ؟(٢٥)
تیرۆریستە جیهادییەکان, بوون بە کایەی نیگەرانیی گەورەی حیهان لە ئێستادا, کە بۆچوونی تۆکمە هەیە لەسەر ئەوەی کە گەشەسەندنیان بەهۆی ئەو هەموو داپڵۆسیینەوە بووە, کە لە لایەن ئەو حوکوومەتە عەرەبییانەوە – کە پشتیوانیکراوی رۆژئاوان- بەجێهێنراون لە دژی میللەتەکانیان. زۆربەی تاوانکارانی کارەساتی ١١ی سێپتێمبەر, خەڵکی سوعوودییە بوون. رژێمی ئەسەدی داپڵۆسینەریش, بەشداربوو لە دەرکەوتنی جیهادییە جەنگاوەرەکان لە سەرەتاکانی ٢٠٠٠ دا, بەو کۆمەک و بەخشیینانەشەوە, کە کردیان بۆ میلیشیا جیهادییەکان لە سوریادا و, کە وای کرد پێگە سەرکردایەتییەکانی ئەو گرۆ جیهادییانە درووسکراوەکانی خۆیان بن, کە لە دەوڵەتە داپڵۆسێنەرەکانی وەک سوعوودییە و قەتەرەوە هاتبوون. هەرچۆن لە دوای جەنگی دووهەمیش, ئەوە تەنها رێکەوت نەبوو, کە تەنگژەیکانی دوای جەنگ هۆکارەکەی رووسیا بووبێت, کە ئەویش رژێمێکی ستەمکاریی هەیە, بەو هەڵسوکەوتە دوژمنکارانەیەوە, بوو بە مایەی بشێویی و تەنگژەی ئۆکرانیا, وەهاش دیارە کە ئەم توندوتییژییە لەو ناسەقامگییرییە ناوخۆییەی رووسیاوە سەری گرتبێت.
تەنگژەی ئێستای جیهانی عەرەبیی, بریتیی نییە لە دەستتێوەردانێکی گەمژانەی رۆژئاوا, بە پێچەوانەوە, لە ئاسەواری داگییرکردنی ئەفغانستان و عێراق دا, رۆژاوا دەرسێکی چاکی لێوە فێربوو. بەهۆیەوە, ئەمەریکا بە سەرۆکایەتی باراک ئۆباما خۆی بەدوور گرت لە دەستێوەردانی سەربازیی لە سووریادا لەم ساڵانەی دواییدا. ئەگەر ئەوەش هەر روویدا بێت, تەنها لە بەگوێپێکردنی نەتەوە یەکگرتووەکان بووە و, شوێن ئەو وتە کەلەپوورییە کەوتووە کە ئەڵێت “بەرپرسیارێتیەک بۆ پارێزگارییکردن”, لە سووریادا هەتا ئەم دواییە نەبێت, هییچ دەستێوەردانێکی نەکرد, ئەمەش حوکوومەتە رۆژاواییەکانی خستە بەردەم تۆمەتی خەمساردییەوە, لە رووبەڕووبوونەوەی هەڵسوکەوتە دڕەندەکانی ئەسەد و, تۆمەتی تری پێچەوانەش, هەر زۆر مایەی شوورەیی بوو.

٥. لە دیکتاتۆرییەوە بۆ پاشاگەردانیی و گەڕەلاوژێ
ماپیو فون روهر(٢٦) نووسییویەتی کەوتنی دیکتاتۆریی, هەمیشە بابەتێک نیین مایەی خۆشنوودیی بێت, کریستیان هۆفمانی هاوڕێم نووسینێکی لە (  SPIEGEL International) بڵاوکردۆتەوە, تیایدا ئەڵێت کە  کاتێک هاووڵاتیانی هەر دەوڵەتێک سەرپشک ئەکەیت لە نێوانی دیکتاتۆریی و گەڕەلاوژێدا کە بەدوای کەوتنی رژێمەکەدا دێت؛ دیکتاتۆریی بە سووکترین شەڕ ئەزانن, بەوەی گوزەرانێکی جێگییری بژێوییان بۆ دەستەبەر ئەکەن بە بێ هیچ گۆڕانکارییەک.
ئەم برواپێبوونانە, چەشدارن و لە تەک هەڵگیرسانی شەری ناوخۆ لە سووریادا نوێبوونەوە, هەروەها بەهاری عەرەبیی, بەشدار بوو لە پێبەخشنی ئومێدێکی گەورە رووە و دیموکراسیی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەم بیروبۆچوونە نموونەییە, زۆری نەبرد بوو بە مایەی نائومێدبوونی زۆرێک لەوانەی کە خۆیان بە خەڵکیی واقیعیی سیاسیی ناوئەبرد و, ئەم بابەتەیان بەوپەڕی راستییەوە تاوتوێ ئەکرد و, سەرباری ئەوەی کە پەیامەکەیان بانگەشەی سەقامگیریی بوو, هییچ مانای گاڵتە و سۆزداریی نەبوو , بەڵکو واقیعیی بوو, بەڵام ئایا بەو شێوەیە بوو؟
هەندێ لە ئەندامانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی, هەوڵی بلاوکردنەوەی چەمکی سەقامگیریی سیستەمی دیکتاتۆریی ئەدەن, بە ڕێگەی ئەوەی, ناوە ناوە یادەوەریی چاکەکانی ستەمکارە لەسەر کارلابراوەکە بکەنەوە, ئەمە جگە لە سەراب هییچی تر نییە! هەڵەکە لەوێدایە, کە دیکتاتۆریی بە دۆخێکی سەقامگییر ناوببرێت, جا ئەگەر وەها بوایە, ئەو دیکتاتۆرە نەئەرووخا, حوسنی موبارەک لە میسر و موعەمەر قەزافی لە لیبییا و زەین ئەلعابدیین لە تونس.

روهەر, پێی وایە سەرباری ئەوەی کە خەڵک هەرچۆنێک بییر ئەکەنەوە, شەپۆلەکانی راپەڕیینی عەرەبیی, پشتیوانیی ئەو بۆچوونە ناکات, کە ئەڵێ “دیکتاتۆریی بەدییلی گەڕەلاوژێ یە”, بەڵکو چیرۆکی ئەو رژێمانە ئەگێڕێتەوە کە رۆژئاوا پشتیوانیی ئەکردن – هەمان بەیت و بالۆرە ئەڵێنەوە- و پاشان لەپڕێکا و بەخێرایی رووخان؛ چونکە بنەمای ئەو بابەتانەی کە قوڕی کرد بەسەریاندا, کێشەکانی بێکاریی لاوان و لاوازیی ئابووریی و باری شێواوی کەوتووی دەوڵەت بوو.

٦. وانەکانی رووداوەکانی مێژوو
لە دەیەی پێشوودا, ئەوانەی روویاندا, لە دیکتاتۆریی خراپتر بوون, خراپتر لە نائامادەیی ئازادیی, خراپتر لە داپڵۆسیین: جەنگی ناوخۆیی و پەشێویی. “دەوڵەتی شکستخواردوو” کە لە پاکستانەوە هەتا مالیی باڵی کێشاوە, بەدییلی دکتاتۆریەت مەرج نییە دیموکراسیی بێت – لە زۆربەی حاڵەتەکاندا گەرەلاوژێیەکە. لە ساڵانی داهاتووش دا, پێناسەی سیاسەتی جهانیش لە نێوان دوو جەمسەری دیموکراسیی و دەوڵەتی ستەمکاریی دا نییە, بە هێندی ئەوەی لە نێوان دەوڵەتی بەکار و دەوڵەتی بێکاردایە.
بە گوێرەی تۆماس هۆبس, بنچیینەکە برییتە لە سیستەم, ئەرکی گەوهەریی دەوڵەت ئەوەیە سیستەمێکی یاسایی بسەپێنێت بۆ ملکەچپێکردنی “دۆخێکی سرووشتی”, کە لە رۆژگاری شەڕی ئەهلیی ئینگلیزیی دا نووسیوویەتی, ئەڵێ: قۆرخکردنی توندوتیژیی لە لایەن دەوڵەتەوە, شەرعییە, کاتێک بۆ پارێزگاریی گیانی هاوڵاتیی و مومتەلەکاتی هاوڵاتی دەوڵەت بەکاری بهێنێـت. هەر کاتێکیش دەوڵەت نەتوانێت سیستەم مسۆگەر بکات, ئیتر, هەڕەشەکردنی “جەنگی یەکێک دژ بە ئەوی تر” سەرهەڵدەدات. ئەمەش ئەو ” دۆخە سرووشتیی” یە کە ناوی لێناوە.

ئەڵمانیا, دوایین ماوە کە لە گەڕەلاوژەوە درێژ بووەوە, پێش ٤٠٠ ساڵ بوو لە دوای جەنگی سی ساڵەکەی. لە ماوەی نێوان ئاشتیی و سەقامگییریی درێژی دوای جەنگی جیهانی دووەم, رۆژئاوادا کەوتۆتە رۆژگارێکەوە کە بەردەوامبوونی سیاسەت رۆڵی خۆی ئەگێڕێت. لە رۆژگاری دەیەکانی جەنگی سارددا, ئەو هەڕەشەیەی کە کەوتبووە سەر ئەوروپای رۆژئاوا, لەو دەوڵەتە لاوازانە و مییرەکانی جەنگی رێکخراوی تیرۆریستییەوە نەبوو, بەڵکو لە کۆمۆنیستەوە بوو. سەردەمەکە, بە رووبەڕووبوونەوەی نێوان دیموکراسیی رۆژئاوایی و, دیکتاتۆریی سۆسیالیستیی ئەناسرێـت: پێچەوانەی دیکتاتۆریی دیموکراسیی.

لە فەرەنسا, ئەو خەڵکانەی کە باستییل یان گرت لە ساڵی ١٧٨٩ دا و, ئەو شۆرشگێڕانەی کە سەری پادشا لویسی شانزەیەمیان پەراند, بە دڵنیاییەوەو بییریان لەم دەربڕیینانە نەکردبووەوە لەو کاتەدا. ساڵانێکی پڕ ترس و تۆقی تیرۆر لە دوای شۆرش هات, پاشان دکیتاتۆریی هات. شەست ساڵی رەبەقی خایاند هەتا دیموکراسیی فەرەنسی سەری هەڵدا. ئایا باشتر نەبوو, کە فەرەنساییەکان خۆیان دوور بگرتایە لە یاخییبوون؟

زۆر دەگمەنە, جڵەوی شۆرش بگیرێت لە دەرەوە, چونکە هۆکارەکانی لە ناوەوە هاتوون, لە سەدەی هەژدەدا شۆڕشی فەرەنسا بەرپا بوو بەهۆی تەنگژەی دارایی و, شڵەژانی کۆمەڵایەتیی لە سەر زەوی و زار, ئەگەر بیرمەند هەبووایە لەو کاتەدا, کە شرۆڤەی جیۆسیاسیی بکردایە, ئەوا بە دڵنییاییەوە پەسەندی یاخییبوون و سەربریینی پاشایان نەئەکرد و, بەڵکو ئاگادریان ئەکردنەوە لەو دواهاتە دژوارانەی کە زیانی بە سەقامگییریی ئەوروپایی هێنا و, پێ ئەچوو کە فەرەنساییەکانیش بە گوێیان بکردنایە.

لە رووسیادا, گوێزانەوە لە سیستەمی یەکێتیی سۆڤییەت بۆ دیموکراسیی شکستی هێنا, رووسیاییەکان توانایان هەبوو لە هەڵبژاردنێکی دیموکراسییانەدا, دەنگی خۆیان بدەن زۆر یان کەم و, بەهۆیەوە بەش بەشێنەی ئابووریی روویدا. بەڵام سەروەریی یاسا هێشتا نەیتوانیی رەگی  خۆی دابکوتێت.  لە بریی ئەوە, ئارەزوو و گەندەڵیی دەستی باڵای درێژ کرد. ئیتر, قۆرخکردنی دەسەڵات لە هێزەوە سەری کیشا. پۆتیین جێگرەوەیەکی دیکتاتۆرانەی یەڵسنە.
ئەمە ئەو بارودۆخە بوو, کاتێک بوریس یەڵسن هات و ڤلادیمیر پۆتیینی کرد بە سەرۆک وەزیران لە ساڵی ١٩٩٩ دا. یەڵسن لای وابوو, پۆتین, سەرۆکی هەواڵگییریی ناوخۆیی, تەنها کەسە بتوانێـت پارێزگاریی لە وڵات بکات. ئەرکی پۆتین ئەوەبوو, کاتێک سەرۆکایەتی رووسیای  بۆ ماوەیەکی کورت گرتە دەست, گێڕانەوەی دەوڵەتێکی هەرەسهاتوو بوو, بۆ جێ و رێی خۆی.
هەروەها, داوای لێکرد کە سەرۆکایەتی دەوڵەتێکی فراوان بکات, کە دانیشتوانێکی چڕی پەرشەوەبووی هەیە و, هەژموونی دەوڵەت هەمیشە فشۆل بووە تیایدا: “رووسیا گەورەیە و (قەیسەر)یش دوورە”, رووسیا, هێشتا تارمایی گەرەڵااوژەێی سەرەتاکانی سەدەی حەڤدەی پێوە دیارە – بە مێژووی رووسیاوە هەڵواسراوە. بە پێچەوانەی ئەمەوە, زۆرێک لە خەڵک, سەردەمی بریجنیف ی مشت پۆڵایین, بە بەختەوەرترین رۆژگاری ئەم دوایینانەی رووسیا دائەنێن. ئەوە شیشان یش, دەستی کرد بە چەکداریی بۆ سەربەخۆیی و, بەڵام دەوڵەتەکەی بەرەو هەڵوەشان چوو.

لە یوگۆسلاڤیا, دواتر زۆر روونتر بووەوە, کە خستنی ستەمکارەکان زۆر ئاسانترە لە دامەزراندنی دیموکراسییەکان. سەرباری ئەوەی مووشەک بارانکردنی چەند هەفتەیەکی کەم, بەسە بۆ ئەوەی سیستەمە ستەمکارییەکان بەر زەبری کوشندە بکەون – نموونەی ئەوەی کە بەڕێوە ئەبرا, لە لایەن میلیسۆڤیچ و قەززافیی و سەددام ومەلا عومەر و, تەنانەت لە ئەوروپاش وەک وڵاتە بچووکەکانی وەک بۆسنە و هەرزەگۆڤیین و کۆسۆڤۆ,  ساڵانی خایاند, هەتا دەوڵەتێکی سەقامگییر, لەنییوەی رێگادا بە حوکوومەتی دیموکراسیی گونجاوەوە, بونیاد بنێن.
کۆششەکە – ئیتر لە رووی پارە و کارە بوو بێت – گەورە بوون. بە درێژایی ساڵان, دەسەلات لە بۆسنەدا بەدەست نوێنەری سامییەوە بوو لە بۆسنە و هەرزەگۆڤیین دا – ئەوەش نووسینگەیەک بوو, کە ڕیکەوتنی دایتۆن بۆ ئاشتی, دایمەزراند – بەلام, لە کۆسۆڤۆدا, نەتەوە یەکگرتووەکان بوو کە وڵااتی بەرێوە ئەبرد.

شۆڕشە ئاشتییەکان لە ئەوروپای رۆژهەڵات, لە نەوەدەکان دا ئەم بۆچوونەیان یەکلاکردۆتەوە,  هەرەسی دیکتاتۆریی سۆسیالیستیی نەبووە مایەی گەڕەڵاوژێ, بەڵکو بوو بە مایەی رەگداکوتانی سیستەمی دیموکراسیی نوێ. ئەم چەواشەییە لەوەوە دروست بووە کە مرۆڤ تەنها لەسەریەتی ئەو بەربەستانە لابەرێت, کە رێ لە دیموکراسیی ئەگرێـت کە بۆ خۆی بێ پاساو سەرهەڵبدات.

لە سیستەمی گەڕەڵااوژەدا, بۆشاییەکی حوکمڕانیی ئەخولقێنرێت, لایەنی دەسەڵاتدار, کارەکانی وەک دەوڵەت نمایش ئەکات, بە مانای ئەوەی, هەمیشە فۆرمی یاسایی بۆ دەستدرێژیی و قۆرخکاریی و نادادییەکانی حوکمڕانیی ئەدۆزێـتەوە, دەستگا دادوەرییەکان بێدەنگ ئەکات. ئەم جۆرە بەڕێوەبردنە,  لە ئاستی خوارتری دەستگای حوکوومیی لاوازیشەوەیە. ئەمەش, ئەو لێکەوتە ئالۆزانەی لێ دەکەوێـتەوە, کە بە گران جیاوازیی لە نێوان لایەنی فەرمیی و نافەرمیی ئەکرێت لەو دەوڵەتانەی کە ناڕوونن, هەروەها هێڵی نێوان ئابووریی فەرمیی و نافەرمیی و نامەشروع تیادا ون ئەبێـت.
ئەوەی مایەی مەترسیی گەورەیە, لە دەستاودەستکردنی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی بۆ گەرەڵاوژە, هییچ دەوڵەتێکی گەڕەلاوژە نییە بە تەواوی لە گەڕەڵاوژەدا بێـت. ئەگەرچی سیماکانی گەڕەڵاوەژە زۆر زاڵترن تیایدا. لەم رژێمانەدا, زیاتر چەواشەکارییەک لە کاردایە, کە کلپیپتۆکراتە گەورەکان, خۆیان و تۆڕەکانیان, رۆڵی گیرفانێکی شاراوەی حوکوومەت ئەبیینن تیایدا. ئەم گیرفانانەن کە چارەنووسی حوکمڕانییان دراوەتە دەست. بە تەریب لەتەک ئەمەدا, گیرفانێکی تر بۆ حیزب, لە رێی ئۆرگان و دەستگا خێرخوازیی و مەدەنییەکانییەوە, جیادەبێتەوە و, باربۆی قوورس ئەکرێن و, ئەبێتە سەروەسێـتی زۆر رەهەندی حوکمڕانیی و, لەوێوە دەسەڵاتی بەسەر کۆمەڵگەدا ئەکێشێت, هەژموونی بەسەر دەستگا حوکوومییەکانیش دا زاڵتر ئەکات, بە جۆرێک پێوەندییە شەرعیەکانی حوکوومەت و هاوڵاتی کز و لاواز ئەکات.

دوو نووسیینی گرنگ هەن لە بارەی گەڕەڵاوژێی جیهانییەوە, یەکێکیان ئەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٤, لە لایەن ریچارد هاس, سەرۆکی ئەنجوومەنی پێوەندییە دەرەکییەکانی ئەمەریکا و ئەوی تریان راپۆرتێکە لە لایەن بانکی ئەڵمانیاوە لە لایەن پێنج شارەزاوە نووسراوە. نووسیینەکەی هاس بە ناوی “سەردەمی گەڕەلاوژێ- The Era of Disorder”(٢٧) خوێندنەوەیەکی وردی کردووە بۆ چەندیین دووریی لە سەردەمی گەڕەڵاوێ, ئەو رۆژگارە مێژووییەیە کە تیایدا ئەژیین و, پێی وایە مەرج نییە لە ئێستادا هەستی پێ بکەین, چونکە هیییچ رۆژگارێکی مێژوویی لە کاتی خۆیدا هەستی پێ ناکرێت پێش ئەوەی تەواو ببێت. نموونەی سەردەمی رێنسانس ئەهێنێتەوە کە لە رۆژگاری خۆیدا نەزانراوە کە سەردەمی گەشەی ئەقل بووە, هەتا دواتر ئەو بریارەی لەسەر دراوە.
هاس, ئاماژەی داوە بە رۆژگاری باڵادەستی تاک جەمسەریی ئەمەریکا, هەر لە رووخاندنی دیواری بەرلیین (٢٥ ساڵ لەمەوبەر) و کۆتایی جەنگی سارد (٤٠ ساڵی خایاند), رای وایە کە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەو گرێ نەکراوەیەی گەڕەڵاوژەی جیهانییە, کە زۆر دەرگای شرۆڤە و لێکدانەوەی دەقە دۆگماییەکانی کرۆدۆتەوە. ئەو تێکڕژانە ئالۆزانەی لە ناوچەکەدا روویان داوە, هەر لە سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبییەوە هەتا ئەم ساتە و, پەلکێشانی بۆ دوادوایی جیهان. هاس ئەڵێ: رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە فۆناغەکانی یەکەمی سی ساڵ جەنگی نوێدا تێپەر ئەبێـت, بەو پێیەی کە باوەشکردنەوە بە سیاسەت و دیین, بوون بە مایەی ململانێی دوورودرێژ و دڕندانە و هەندێکجار لەناو سنووری یەک وڵات دا.
ئاسیا, ئەگەرچیی  لای خۆیەوە, لە زۆر شوێنی تر لە ئاشتیی دا بووە, بەڵام هێشتا هەمووی پر لە مەترسیی بووە و, هەموو ساتێک لە تەقیینەوەدا بووە, بەهۆی ئەو داواکارییە هەرێمیی و ناوچەییانەی نێوان دەولەتەک دراوسێکان, لەسەر خاک و ئاو, کێشەی نەتەوایەتیی, دەگمەنبوونی رێکارە دیبلۆماسییەکان بۆ رێگرتن لە بەیەکدادانی سەربازیی.
هۆکاری تریش هەن کە مایەی گۆڕانکاریی گەوهەریین لە جیهان دا, بڵاوبوونەوەی دەسەلات بەناو وڵاتان و لایەنی ناحوکوومی زۆردا, هەر لە رێکخراوە تیرۆریستی و میلیشیا دیینیی و رەگەزییەکان, هەتا ئەگات بە ململانێی کۆمپانیا و رێکخراوە ناحوکومییەکان, بڵاوبوونەوەی چەکی نایاسایی و, تلیاک و بازرگانی تری قەدەغەکراوەوە.
رووسیا لە سەردەمی پۆتیین دا, سوورە لەسەر بەکارهێنانی ترس و تۆق بۆ گێڕانەوەی بەشە ونبووەکنی ئیمپراتۆریتیەکەی. ئەوروپا کەم دەستە لە هەر ئامڕاز و توانایەک کە رۆلێکی جیهانیی ببینێت.
هاس دێتە سەر رۆڵی ئەمەریکا لە عێراق و سوریادا, پێی وایە جەنگی عێراق لە ٢٠٠٣ دا کرژیی و نائارامیی گەورەی نێوان سوننە و شیعەی نایەوە و, ئەو بەربەرستەی تێکشکاند لەبەردەم چاوچنۆکییەکانی ئێران دا. بانگەوازی ئمەریکا بۆ گۆریینی رژێمی سوریایی نەچووە سەر, دوای ئەوەی هێزە حوکوومییەکە هەموو ئاگادارییەکانی ئەمەریکای پشتگوێ خست, چەکی کیمیایی بەکارهێنا بە بەردەوامیی. بۆشاییەکی خستە ناوچەکەوە کە بوو بە سەرهەلدانی دەوڵەتی ئیسلامیی (داعش) و, بەپێی قسەی هاسو ئەمەریکا هییچی پێ نەکراوە لە ئاست ئەم رووداوانەدا, کە دواتر جگە لە گەڕەڵاوژێ هییچی تری لێ نەکەوتۆتەوە.
تێکچوونی هاوسەنگییەکانی نێوان رووسیا و ئەمەریکا بەدرێژایی چەند دەیەیەکی دوای جەنگی سارد و, پابەندنەبوونی رووسیا بە پەیماننامە جیهانییەکانی وەک وێستیڤالیا (١٦٤٨) لە داگییرکردنی سەربازیی خاک و وڵاتانێک کە مافی لەسەر یان نەبووە و, سەرپێچیی و پابەندنەبوونی بەو پەیمانانانەی دوای هەڵوەشانی یەکێتیی سۆڤیەت دابوونی. بە هەمان شێوە داگییرکردنی ئەفغانستان و عێراق لە لایەن ئەمەریکاوە. ئەوە کۆمەڵێک گەڕەڵاوژەی تر کە کەوتوونەتەوە لە ئەنجامی تێکچوونی کەش و هەوا و, توانەوەی جەمسەرەکانی باکوور و, کاریگەریی لەسەر ئاوی ئۆقیانووسەکان و, جەنگی سیبرانیی و, هەڕەشەی تیرۆریستی و, سەرکێشیی ئیران و کۆریای باکوور لە چالاکیی ئەتۆمییان دا.
لە کۆتایی نووسیینەکەدا, هاس ئەڵی: ئەنجامەکەی ئەوەیە, دینایەکی کەمتر ئارام و گەشەسەندوو ئەکەوێتەوە, بەڵام تواناشکانی کەمترە بۆ لە رووداوەستانەوەی هەرچییەک کە لە دوای جەنگی ساردەوە بە پێچەوانە کەوتۆتەوە.

دووەمیان, تیمێکی توێژیینەوەی بانکی ئەڵمانیی بە سەرۆکایەتی جییم ڕیید – ستراتییژداڕێژی بانکەکە – توێژیینەوەیەکیان کردووە بە ناوی “سەردەمی گەڕەڵاوژێ: سەردەمی نوێی ئابووریی و سیاسەت و چۆنییەتی ژیانمان- The Age of Disorder – the new era for economics, politics and our way of life”(٢٨)  وە, کە لە دییدێکی ئابوورییانەوە لە تێکچوونی سیاسەتیی نێودەوڵەتیی ئەڕوانن. توێژیینەوەکە پێی وایە “هەموو شتەکان لە ئابوورییەکانەوە پێکدێنەوە هەتا ئوسوڵ و سیاسەت و ژیانی رۆژانەمان”. توێژەروەکان, لەودیوی هۆکاری ڤایرۆسی کۆرۆناوە ئەرواننە هۆکارەکان, کە هەرەشە لە هەلسەنگاندنە جیهانییەکان ئەکەن کە هەموو ئوسولەکان لە بەرزبوونەوەدان و حوکوومەت و کۆمپانیاکان ئەبن بەژێر قەرزی زۆرەوە. لە رووی جیۆپۆلەتیکیشەوە, چیین هەوڵی گێڕانەوەی رۆڵی سیاسیی خۆی ئەدات وەک هێزێکی ئابووریی جیهانیی بەڵام بە سیاسەتێکی لێبرالییانەی رۆژئاواییەوە, ئەمە لە بەرامبەر ئەمەریکا دا سەردەمێکی گەڕەڵاوژێی هێناوەتە ئاراوە. توێژیینەوەکە پێداگیریی ئەکات لەسەر “لێرەوە بەیەکدادانی رۆشنبییریی و بەرژەوەندییەکان دەرئەکەونز سەردەمی شڵەژانەکان – بەتایبەتی دە ساڵی داهاتوو- رەنگە دەیەیەکی سەرکەوتوو یان دابڕان بێت بۆ ئەوروپا”. لێکانەوەی ئەم توێژیینەوە بەستراوەتەوە بە چەند بابەتێکەوە: تێکچوونی پێوەندیی ئەمەریکا و چیین و شکانەوەی جیانگیرییەکی بێ سنوور, دەیەیەکی ناوازەی ئەوروپا, بەرزبوونەوەی قەرزەکان, هەڵئاوسانی دارایی و چوونەوەیەکی, نایەکسانی و پەرچەکردارە خێراکانی لێرەو لەوێ, فراوانبوونی بۆشایی نێوان نەوەکان,  کێشەکانی کەش و هەوا و, شۆرشی تەکنۆلۆجیی.
رابۆرتەکە ساڵانی نێوان ١٩٨٠-٢٠٢٠ بە سەردەمی دووەمی جیهانگیریی دائەنێت و, پێی زەحمەتە ئەم سەردەمە زێڕیینە بەردەوام بێـت و, بە هەند وەرگرتنی ئاراستە پێشیینەکانیش لە ئابووریی دا گەورەتریین هەڵە ئەبێت.

مەیلی گەڕانەوە بۆ دواوە؟
کامیان باشترە, دکتاتۆریەتێک بە ئاسایش و ئارامیی و سەقامگییرییەوە, یان دیموکراسییەک (بە رواڵەت؟) بە گەڕەلاوژێ و بێ ئاسایش و دڵئارامیی و نائامادەیی دەسەڵات بە مەبەستانە و بە ئاشکرا؟
ئەم پرسیارە, بە داخەوە, لەناو جەرگەی میللەتەوە سەری هەڵهێناوە. پێ ئەچێت ئەوەی کە پێی ئەڵێن “شۆڕشی دژ ” لە لایەن پاشماوەکانی رژێمە ستەمکارە بەسەرچووەکانەوە دنە ئەدرێن, ئەوان بە بەرنامە لەئاوێ لێڵ دا مەلە ئەکەن, چاوەڕیی ئەم هەلەن بێنەوە پێشەوە. ئەوانن زیاتر ئەم پرسیارە ئەکەن درووشم و چەمکێکی نوێ بۆ کۆمەڵگە. راستە, ملدان و رازیببون بە گەڕانەوە بۆ دۆکتاتۆریی تەنها بە شوێنکەوتنێکی کوێرانەی ئەم چەمکە نییە, بەڵکو زەمیینەخۆکردنەکە ئەو ستەم و دەستدرێژیی و تاڵانکاریی و نابەرپرسیارێتییەی دەسەڵاتی فەرمانڕەواییە ناچاریی ئەهێنێتە ئاراوە. لە میسر خۆزگە بە رۆژگاری موبارەک, لە تونس خۆزگە بە رۆژگاری زەین ئەلعابدیین و لە عێرای خۆزگە بە بەعس و سەدام!! خەڵک دوای نائومێدبوون لە پرۆژەی رۆژهەلاتی ناویینی دیموکراسیی نوێ کە درۆترین بانگەشەی ئەمەریکا بوو بۆ ناوچەکەی گوێزایەوە و کردی بە پاساوی بەهاری عەرەبیی و راپەڕیینەکانی تر.
لە وڵاتێکدا, کاتێک دیکتاتۆرەکەی ئەڕوخێنرێت و, ئییتر بۆ چەند مانگێک, گەڕەڵاوژێ یەک بەدوای خوێدا رائەکێشێت وەک لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپای رۆژهەڵات دیمان, بەڵام لە وڵاتانی ناوچەکەدا, دەرکەوتنی دیکتاتۆرێکی تر دێتە ناوە, سەیری عێراق بکەیت,  گەڕەلاوژەیەکی بێ وێنە لە مێژوو ئەنووسرێتەوە؛ ئەو هەموو دابەشبوونە مەزهەبیی و رەگەزیی و نەتەوەیی و وێرانکاریی و دزی و تاڵانیی و کوشتن و بڕیینە لە سەردەستی شۆڕشگێڕە دیموکراسییخوازەکان! لە سەردەستی هەڵبژاردنی رووکەشانەی بنکەفراوان, ەناوی دیموکراسییەوە لە دوای سەدام, لەسەر جەستەی عێراق و عێڕاقییەکان ئەندامی ئەدەن بە بەرچاوی ئەمەریکا و رۆژئاوا و نەتەوەیەکگرتووەکانەوە.
لە میسر , بە گوێرەی ئەوانەشەوە کە لایەنگییریی سەقامگیریی ئەکەن بە هەر نرخێک بێت, سەرباری ئەوەی کە میسرییەکان بە دەنگەکانی هەڵبژاردن نەیانتوانی ئەزموونێک بە هەموو رەهەندەکانییەوە تاقیی بکەنەوە, لە رێی هەڵبژاردنی حوکوومەتەکەی مورسیی و, بێ ئومێدکران لە مافی دیموکراسیی خۆیان, ناچارکران باوەش بۆ سیستەمێکی سەربازیی دیکتاتۆریی بە سەرۆکایەتی عەبدولفەتاح سیسی بکەنەوە, ئەم هەنگاوەش, کاتێکی باشتر ئەدات بە رژێمەکە کە درێژە بە خۆسەپاندن و ستەمکاریی بدات بە پاساوە هەمیشە دووبارەبووەکانەوە.  بەڵام, ئەم گەڕانەوەیە بۆ دیکتاتۆریی, هەموو ئەو کێشە ئابووریی وکۆمەڵایەتییانەی بوو بە مایەی لابردنی حوسنی موبارەک, درێژەی درایەوە  و, جارێکی تریش ئەبێتەوە بە پێشەنگی نوێبوونەوەی ناڕەزایی و توندوتییژیی. لە سووریا, دۆخەکە هێشتا وەک خۆیەتی, ئەو بیرۆکەیەش کە زۆر جار نووسراون, گوایە کودەتای سەربازیی بەسەر ئەسەد دا, ڕێ خۆش ئەکات بۆ سەقامگیریی, پێ ناچێت ئەم بیرۆکەیە راست بێت, چونکە ئەو ململانێیانەی کە هەڵگییرساون, بەوە چارەسەر نابن, کە پەیکەرک بە پەیکەرێکی تری ستەمکار بگۆڕیت.

توێژەر و چاودێرە سیاسییەکان, بە هەڵەدا چوون لەوەدا کە کەوتنی دەسەڵاتە دیکتاتۆر و خۆسەپێنەکان بە حەتمییەتی کەڵەکەبوونی کێشە ئابووریی و ئازادییەکان بن. ئەگەر بە خێرایی چاوێک بگێڕیین بە مێژووی سیاسەتەی زۆریینەی ئەو دەسەڵاتانەدا, ئەوە زەق دیارە کە بە تەنها خۆیان لە گۆڕەپانی سیاسەتکردن دا نەبوون. بەڵکو, لە پەنا خۆیان دا چەند پارتێکی سیاسیی کارتۆنی یان بەرژەوەندیداریان هەڵسوڕاندووە بۆ تۆکمەکردنی دەسەڵاتە خۆسەپێنەکەیان. جاری وەهاش هەیە کار لەمە زیاتری پێویست بووە, بە تایبەت کە رووبەڕووبوونەوەی گەورە کەوتۆتە نێوان دەسەڵات و خەڵکەوە. دەسەڵاتی خۆسەپێن, خۆی پارتێکی سیاسیی ئۆپۆزسیۆنی دروستکردووە, چەند کەسێتییەکی ناوخۆیان رائەسپێرن بۆ هەڵبڕیینی دەنگی ناڕەزایی و ترازان لە پارتی دەسەڵات – یان پارتە هاوپەیمانەکانی دەسەڵات-, بەڵام ورد ئەبن لەوەی کە قەبارە و پێگەی جەماوەریی ئەو پارتە نوێیە لە ئاستی  خۆیاندا بێت, کە رواڵەتێکی چەواشەکار بدات بەو رووبەڕووبوونەوەیە و قۆناعێکی ساختەی چاکسازیی یان دەستاودەستکردنی دەسەڵات بگەیەنێـت, بە تێپەڕبوونی کات دەستی درۆی هەڵدەماڵڕێت و دواجار جەماوەر نائومێد ئەبن لە راستگۆیی و ستراتییجییان و, بۆیە لێیان دوورئەکەونەوەە. بەڵام جارێکی تر بە ترازانێکی نوێی سیاسیی, گرۆیەکی تر دێنەوە مەیدان بۆ ئەو نمایشە سیاسییە پلان بۆ دارێژراوە. بۆیە, کەوتنی دیکتاتۆر یان دەسەڵاتی خۆسەپێن لە توانای خەڵکێک دا نییە کە هەمیشە شوێنکەوتە یان چاوەڕێی ئاماژەی ئەم و ئەوێکی ناو ئەو پارتە سیاسییە باوانەی دەسەڵات بن. لێرەوە بۆیە ئەبینرێـت, کەمتریین رۆژگاری ئەم جۆرە دەسەڵاتانە بیست و سیی ساڵی خایاندووە و, دواجاریش لە دوای کەوتنیشیان, جێگرەوەیەکی باشتریان نەبووە.

سەرنجێک:
ئەم باسەی سەرەوە, زۆر بەنزییکیی پێوەندیی بە دۆخی هەرێمی کوردستانەوە هەیە, بەوەی ناچێتە ئەقڵەوە گۆڕانکاریی گەورەی ئەرێنیی بەسەر بار و دۆخی سیاسیی و قەوارەی هەرێم دا بێت, بە دوورگرتن لە هەر گۆڕانکارییەکی جیددی لە ناوچەکەدا  بەگشتیی و زۆر بەتایبەتییش لە عێراق دا. هەتا گەڕەڵاوژە تەنها بژاردە و کۆڕای نێودەوڵەتیی بێت لە عێراق دا و, ستراتییجێکی روون لای ئەمەریکا لەگەل ئێران و تورکیادا لە ئارادا نەبێت, هییچ ئاسۆیەک بەدیی ناکرێت بە گوێرەی کوردەوە, نەک لە باشوور بەڵکو لە رۆژئاوا و باکووریش, سەرباری ئەو دۆخە کرژە ناسەقامگییرەی ناوچەکەی گرتۆتەوە.

بەشی چوارەم ماوە, باس لە رووخاندنی سیستەمە خۆسەپێنەکان ئەکات بە هەوڵی ناوخۆیی یان بە پشتییوانی دەرەوە.
———————————–
• بەشی سێیەمە لە زنجییرە نووسیینی: حوکومڕانیی شکستخواردوو لەنێوان گەڕانەوە بۆ دیکتاتۆریی ‌و پاشگەردانیی دا، کامیان چارەسەرە؟

* پرۆفیسۆری یارییدەدەر لە ئەندازیاریی ستراکچەر لە دەستەی کوردستانیی بۆ دیراساتی ستراتییجیی و توێژیینەوەی زانستیی/ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژیینەوەی زانستیی.