بەهۆی هێرشێكی دڕندانە لە كەركوك چوار كەس كوژران
لە شەوی 2 لەسەر 3ی 11ی 2021 سەعات 1:40 دەقیقەی شەو دوو كەس لەگەڕەكی ئازادی لە كەركوك كە دوو هاوڕێی نزیكی یەكترن بەناوەكانی (علی ابراهیم هەمزە) و (نەبەز انوەر مامە)، بەشێوەیەكی دڕندانە هەڵدەكوتنە سەر ماڵێك و بە دەمانچەی بێدەنگ چوار كەسیان كوشت بەناوەكانی (سیروان فاضل كاكە علی، سارا ابراهیم عزیز) هاوسەری (سیروان) لەگەڵ منداڵەكەیان(ڕاهۆز سیروان فاضل) و (فاطمە پیرۆت عبدالرحمان) كە دایكی سارایە.
بنكەی پۆلیسی ئازادی لە كەركوك لە نوسراوێكدا بۆ دادوەری دادگای لێكۆڵینەوەی كەركوك باس لەوە دەكات، شەوی 3ی 11ی 2021 لە حاڵەتێكی كوشتن ئاگادار كراونەتەوە و دوای ئەوەی هێزەكانیان چونەتە شوێنی روداوەكە بۆیان دەركەوتووە چوار ئەندامی خێزانێك لە ناو ماڵەكەیاندا كوژارون.
باسی لەوەشكردووە، شایەتحاڵێك بەناوی (لقمان خالد یاسین) كە دراوسێی ئەو ماڵەیە كە ڕوداوەی تێیدا روویداوە، قسەی بۆ پۆلیس كردوە و وتویەتی كەمێك پێش رووداوەكە لە بەردەرگای خۆیان وەستاوە و دوو كەسی چەكداری بینیوە كە چوونەتە ئەو ماڵە و دوای كەمێك بە پەلە هاتونەتە دەرەوە و رۆیشتون، دواتر چوەتە ماڵەكەی دراوسێیان و كەبینیویەتی هەمویان كوژراون، پۆلیسی ئاگاداركردوەتەوە.
پۆلیسی راشیگەیاندوە، بەپێی دوای لێكۆڵینەوەكان و بەپێی ئەو بەڵگە و زانیارییانەی لە بەردەستیاندایە بۆیان یەكلایی بووەتەوە كە (علی ابراهیم هەمزە) بەهاوكاری (نەبەز انوەر مامە) ئەو تاوانەیان بە دەمانچەی بێدەنگ ئەنجامداوە، بەڵام بۆ شوێنێكی نادیار هەڵاتون و تائێستا دەستگیر نەكراون، لەگەڵ ئەوەشدا دۆسێی لێكۆڵینەوەیان بۆ كراوەتەوە و هێزەكانی پۆلیس بەدوایاندا دەگەڕێن و هەموو زانیارییەكیشیان لەبارەی ئەو دوو كەسە داوەتە سەرجەم بنكەكانی پۆلیس.
هۆكاری روداوەكە
بەوتەی بنكەی پۆلیسی ئازادی لە كەركوك، لە چەند ساڵی رابردودا (علی ابراهیم هەمزە) كاتێك لە درەنگانێكی شەودا لە یەكێك لە یانەكانی شەوانە دەگەڕێتەوە و سەرخۆش بووە، لەگەڵ كەسێكی تر دەبێتە شەڕیان، دواتر دەستگیركراوە و دواتر بە كەفالەت ئازاد كراوە، لەسەر ئەو روداوەش كچێك بەناوی (دڵنیا ابراهیم حمد) كە پێشتر رازیكراوە هاوسەرگیری لەگەڵ علی بكات پەشیمان دەبێتەوە لە هاوسەرگیرییەكەی.
بە پێ ئەو زانیارییانەی دەست ێکخراوی ئاشتی بۆ مافەکانی مرۆڤ كەوتون، كەسێك بە ناوی (هەرێم ابراهیم عزیز) كە برای (سارای كوژراوە) (دڵنیا ابراهیم حمد) دەناسێت و دوای ئەوەی پەیوەندی خۆشەویستی لەنێوانیاندا دروست دەبێت، لەساڵی 2018 عێراق بەجێدەهێڵن و روو لە ئەوروپا دەكەن كە ئەو كچە پێشتر خۆشەوستی (علی-بكوژی سەرەكی خێزانەكەی كەركوك) بووە.
پاشان كە (علی) زانیویەتی ئەو كچەی بە نیازبووە هاوسەرگیری لەگەڵ بكات پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ كوڕێكی تر دروستكردوە و عێراقیشی بەجێهێشتووە، بەدواداچونی زۆری كردوە بۆئەوەی كەسوكاری (هەرێم ابراهیم عزیز) بدۆزێتەوە، چونكە زانیویەتی (هەرێم) لە ئەوروپایە و دەستی پێی ناگات، بۆیە دوای ماوەیەك ماڵی ئەو خوشكەی (هەرێمی)ی لە گەڕەكی ئازادی لە كەركوك دەدۆزێتەوە و درەنگانی شەوی 2 لەسەر 3ی 11ی 2021 بەهاوكاری (نەبەز انوەر مامە)، هەڵیكوتاوەتە سەر ماڵی (سارا) و بە دەمانچەی بێدەنگ (سارا) و هاوسەرەكەی و منداڵەكەی و دایكی (سارا)شی كوشتووە.