رێکخراوی ئاشتی بۆ مافەکانی مرۆڤ
دیاردەی كوشتن و خۆكوشتن لە هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە ئاستێكی مەترسیدار، لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا نزیكەی هەشتسەد هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە و سەدانی دیكەش بریندار بوون، حكومەتی هەرێمی كوردستان لەرێگەی پلانێكی نوێوە هەوڵی كۆنترۆڵكردنی چەك دەدات و لەماوەی تەنیا دوو رۆژدا دەست بەسەر نزیكەی 7 هەزار پارچە چەكدا گیراوە. لەم راپۆرتەدا وردەكاری هۆكارەكانی بەردەوامی دیاردەی چەكداری لە هەرێمی كردستان و پاڵنەرەكانی پشت روداوەكانی كوشتن بخوێننەوە.
سەرلەبەیانی ڕۆژی 28ی 6ی ئەمساڵ، قوتابییەك بەچەك هێرش دەكاتە سەر دوو مامۆستای زانكۆی سەڵاحەدین لە هەولێر و دەیانكوژێت، هاوكات كارمەندانی زانكۆكەش بریندار دەكات. تەنیا رۆژێك دوای كوشتنی دوو مامۆستاكەی زانكۆی سەلاحەدین، كەسێك لە هەمان شار، دەستڕێژی گولە لەخوشكو زاواكەی خۆی دەكات و هەردوكیان دەكوژێت و لە هەمان ئەو ماوەیەدا دوو كەسی دیكە بەچەك كۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا، هەر لەماوەی ئەو چەند رۆژە كەمەدا چەند روداوێكی هەڵكوتانە سەر هاووڵاتیان و برینداركردن بە چەك لە هەرێمی كوردستان تۆمار كراون.
روداوەكانی كوشتن و برینداركردن بەچەك، هەڕەشەو چاوسوركردنەوە و ترساندن، تەقەكردن و هەڵكوتانە سەرماڵان لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا لە هەرێمی كوردستان روودا و دیاردەی راگوزەر بوون لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستانەوە، سەرەڕای چەندینجار هۆشداری دان بە لایەنە پەیوەندیدارەكان بەتایبەتی لە پرسی هەبوونی چەك لە ماڵاندا، بەڵام دۆخەكە تا دەهات خراپتر دەبوو.
روداوەكانی چەند رۆژی رابردوو، لەسەر ئاستی شەقام، حكومەت و پەرلەمان كاردانەوەی زیاتری بەدوای خۆیدا هێنا، هەر ئەمەش وایكرد كە كۆمەڵێك بڕیار لەبارەی پرسی هەڵگرتنی چەك و چالاكبوونی زیاتر دادگاكان بهێنرێتە ئاراوە.
لەكاردانەوەیەكدا دوای روداوەی كوشتنی دوو مامۆستاكە، مەسرور بارزانی هۆشداری دایە وەزارەتی ناخۆو بەوەی كە هەرچی شوێنی چەك فرۆشتن هەیە دابخرێت و هەرچی چەكی بێ مۆڵەتە دەستی بەسەردا بگیرێت تاكو چیتر نەبنە هەڕەشە بۆ سەر ژیانی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان.
رۆژی 30ی مانگ و دوو رۆژ دوای روداوەكە، وەزیری ناوخۆی حومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند بەبڕیاری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كورستان بریاردرا بە داخستنی سەرجەم شوێنەكانی چەكفرۆشتن لەسەرجەم پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان بەوانەشی كە مۆڵەتی حكومەتیان هەیە.
دوای بڕیارەكە ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێم لەگەڵ پارێزگارەكان و ئیدارە سەربەخۆكان كۆبوویەوە و لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاری سەرۆكی حكومەتم راگەیاندراوە بەوەی كە دەبێت سەرجەم شوێنەكانی چەك فرۆشتن دابخرێن، بەوانەشەوە كە مۆڵەتیان هەیە.
دوای ئەم كۆوبونەوەیە، هەڵمەتێكی دەستبەسەرداگرتنی چەك لە پارێزگاكانی هەولێر، سلێمانی، دهۆك و هەڵەبجە و هاوكات ئیدارەكانی گەرمیان و راپەرین دەستی پێكرد، جگە لە داخستنی هەموو دوكان و بازاڕێكی چەك فرۆشتن، هاوكات لەماوەیەكی كەمدا دەست بەسەر سەدان پارچە چەكدا گیرا.
بەگوێرەی زانیارییەكان، لەماوەی تەنیا دوو رۆژدا نزیكەی 7هەزار چەك و زیاتر لە 40 هەزار فیشەكی جۆراوجۆر دەستی بەسەردا گیراوە. بەشێوەیەك كە وەزارەتی ناوخۆی هەرێم دەستی گرتوە بەسەر 2 هەزار و 228 دەمانچە و یەك هەزار و 811 و 3 هەزار و 222 تاپڕ و بادی. هەر لەو ماوەیەكدا دەستگیراوە بەسەر 26هەزارو 523 فیشەكی تاپڕو نۆ هەزار و 524 فیشەكی كڵاشینكۆف و 748 فیشەكی دەمانچە.
دیاردەی كوشتن و خۆكوشتن لە هەرێمی كوردستان بە بەكارهێنانی چەك گەیشتۆتە ئاستێكی مەترسیدار، مانگ هەبووە لە ساڵی رابردوودا زیاتر لە 20 حاڵەتی كوشتن و خۆكوشتن تۆمار كراون، جگە لە كوشتن و خۆكوشتنی ژنان بەبەكارهێنانی چەك، هاوكات زۆرجار كێشە كۆمەڵایەتییەكان بەچەك یەكلایی كراونەتەوە و هەندێكجاریش لەماوەی ساڵانی رابردوودا لەسەر كێشەی زەوی و زار چەندین كەس لەنێوان دوو بنەماڵەدا كوژراون و بریندار بوون.
بەگوێرەی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی پۆلیسی گشتیی هەرێم لەماوەی نێوان ساڵانی 2019 و 2020 5 سەد و 17 حاڵەتی كوشتن و خۆكوشتن لە هەرێمی كوردستان تۆمار كراون. بەشێوەیەك لە ساڵی 2019دا 260 رووداو لەساڵی رابردوشدا 257 رووداوی كوشتن و خۆكوشتن ئەنجامدراون.
روداوەكانی كوشتن و خۆكوشتن بۆ ساڵی 2021 بەهەمان شێوەی ساڵانی رابردوو زۆر زیاتر بوون و بەشێوەیەك كە لەوماوەیەدا زیاتر لە 250 حاڵەتی كوشتن و خۆكوشتن تۆمار كراون. هاوكات لەسەرەتای ئەمساڵەوە ئەم دیاردەیە بەشێوەیەكی تەواو ترسناك پەرەی سەندووە و لە زۆربەی ناوچەكانی كوردستان بەهۆی بەكارهێنانی چەكەوە هاووڵاتیان كوژراون، بریندار كراون، یاخود خۆیان كوشتووە.
هەڵمەتی ئەمجارەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ داماڵینی هاووڵاتیان لە چەك لەكاتێكدایە كە لەماوەی ساڵانی رابردوودا چەندین هەڵمەتی هاویشێوە بەڕێوە چوون، بەتایبەتی لەدوای ئەو روداوانەی كە ژمارەیەكی زۆر هاووڵاتیان تێدا كوژراوە، بەڵام وەك چالاكانی بواری مافەكانی مرۆڤ باسی دەكەن ئەم هەڵمەتانە بەهۆی بەردەوام نەبوونیان و دەستێوەردانی هێزە سیاسییە چەكدارەكان نەیانتوانیووە ببنە هۆكار بۆ كەمبوونەوەی دیاردەی چەكداری و دواجاریش كەمبوونەوەی كوشتن و خۆكوشتن.
بەشێك لەو رەخنانەی لە دەسەڵاتی جێبەجێكردن دەگیرێت ئەوەیە كە نەیتوانیوە یاساكان وەك خۆیان جێبەجێ بكات، هەر ئەمەش وای كردووە كە زۆرجار تاوانەكان دووبارە ببنەوە، بەتایبەت لە پرسی دەستگیركردنی تۆمەتباران، بەڵام لەم چەند رۆژەی رابردوودا، وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان دادگاكانی تۆمەتبار كرد بەوەی كە لە یەكلاییكردنەوەی كەیسەكاندا سستە.
وەزیری ناوخۆ بە پێویستیزانی، ئەوكەسانەی دەستگیر دەكرێت دادگاكان زوو كەیسەكانیان یەكلای بكاتەوە و گوتی دواكەوتنی یەكلاییكردنەوەی دۆسییەكان كە هەنێك جار كێشەیەكی بچوكە، بەڵام دواتر ڕووداوی گەورەی لێدەكەوێتەوە.
لەمبارەیەوە بەشێك لە چالاكانی كۆمەڵگەی مەدەنی ڕەخنەی ئەوە دەگرن كە یاسا بەپێی پێویست بۆ هەموان سەروەر نییە، هەرئەمەش وایكردووە زۆرجار كەسەكان خۆیان پەنا بۆ وەرگرتنەوەی مافەكانیان ببەن، یاخود ترسیان لەو دەرئەنجامە نەبێت كە دەبنە لێكەوتەی دوای روداوەكان، ئەوان دەڵین كەسانی تاوانبار ترسیان لە سزادان نییە، لە دادگا و بەندیخانەكانی هەرێم تاوانباران لە دوای بەندكردنیان بە ئاسانی بە كەفالەتی مادی و شەخسی ئازاد دەكرێن، یاخود تەنانەت كێشەكەش ناچێتە دادگا و لەرێگەی خێڵەوە دەبەخشرێن، ئەمە جگە لەوەی هەندێك لە تاوانباران بە پاڵپشتی هێز و كەسی و حیزب و دەزگا و عەشیرەت، رووبەڕووی یاسای ناكرێنەوە.
دەسەڵاتی جێبەجێكردن و دادوەری لەماوەی رابردوودا لەئاستی روداوەكانی كوشتن و برینداركردندا نەبوون، هەم هێزە ئەمنییەكان بەگوێرەی پێویست نەیانتوانیوە سەرجەم ئەو تۆمەتبارانە دەستگیر بكەن كە تاوانیان ئەنجامداوە، بەتایبەتی ئەوانەی لەلایەن هێزە حكومڕانەكانەوە داڵدە دراون، هەمیش دەسەڵاتی دادوەری لەم رووە كەمتەرخەمی هەبووە. ئەمە جگە لەوەی كە زۆر جار كێشەكان لە نوسینگەی كۆمەڵایەتی حزبەكان یان لەلایەن كەسایەتییە كۆمەڵایەتیەكان بەشێوەیەكی كاتی چارەسەر كراون، بەڵام دواتر روداوی نەخوازریاون لێ كەوتووە.
بەگوێرەی یاسای ژمارە 16 بڕگەی 3 تایبەت بەچەك كەساڵی 1993 لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە پەسەندكراوە هەركەسێك بەبێ مۆڵەت چەكی ئاگرین یان عەتادەكەی لەژێردەستدا بێ یان هەڵیبگرێ، سزای بەندكردن كە لەساڵێك كەمتر نەبێت دەدرێت، هەروەها غەرامەش دەكرێ خۆ ئەگەر تاوانیشی پێبكات بەپێی جۆرەكەی ماددەكانی دەگۆڕێت.
بەگوتەی زیا پتروس سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بەشێكی زۆر لەو چەكەی لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا بۆ ئەنجامدانی تاوان بەكار هاتوون، ئەوانە بوون لەدەست ئۆرگانە فەرمییەكانی حكومەتدا بوون. باس لەوەش دەكات زۆربەی روداوەكانی كوشتن كە لە هەرێمی كوردستان تۆمار كراون لەماوەی دە ساڵی رابردوودا بە چەك ئەنجامدراون و بەشی زۆریشیان ئەو چەكانە بوون كە مۆڵەتی فەرمییان نەبووە، “لەگەڵ ئەوەشدا سەدان روداوەی دیكە بوونیان هەیە كە بە چەكی مۆڵەتدار ئەنجامدراون”.
عەباس فەتاح ئەندامی پەرلەمانی كوردستان رەخنە لەدەسەڵاتی جێبەجێكردن و دادوەری دەگرێت بەوەی كە نەیاتونایووە یاساكان وەك خۆیان جێبەجێ بكەن و جەختیش لەوە دەكاتەوە كە یاسای پێویست بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم دیاردەیە بوونیان هەیە، “لە هەموو دونیا چەك زۆرەو ئەتوانی بە دەستیشی بهێنی و لەو چەكانەی كوردستانیش پێشكەوتوترن، لە كوردستانیش یاسای هەیە بۆهەڵگرانی چەك و مەرجەكان و ڕێكارەكانیشی دیاری كراوە، یاسای سزادانی تاوابارانیش لە كوردستان بە سزای گونجاوەوە بەركارەو لە یاسای هەلگرتنی چەك ئەوەش دیاری كراوە كە پیویستە وەزارەتەكانی ناوخۆو پێشمەرگە شوێنی هەڵگرتنی چەكی كارمەندو هێزەكانی هەبێت بۆكاتی نەمانی ئەرك”. ئەو پەرلەمانتارە روونیكردەوە، ئێستا لێرە بۆمان دەردەكەوێت كێشەی ئەو هەموو كوشتنانە نە هەبونی زۆری چەكە و نە نەبونی یاساییە، بەڵكو هۆكار جێ بەجێ نەكردنی یاساكانە و باڵا دەستی حیزبە بەسەر دەسەلاتی جێ بەجێ كردن و دڵ ڕاگرتنی خەلكانێكە. ئەو ئەندامەی پەرلەمانی كوردستان جەخت لە جێبەجێكردنی یاساكان بەسەر هەموو تاكێكی كۆمەڵگەدا دەكاتەوە و بە پێویستی دەزانێت كە یاسا بۆ هەموان لە هەرپلەو پۆست و لایەنێكی سیاسی بێت سەروەربێت، بەپێچەوانەوە دیاردەی كوشتن بەردەوامی دەبێت.
لەپاڵ جێبەجێنەكردنی یاساكان، كەتەرخەمی دەسەڵاتی جێبەجێكردن لە دەستگیركردنی تۆمەتباراندا، خراپی مامەڵەی هێزە دەسەڵاتدارەكان بەتایەبتی لە پرسی داڵدەدانی تاوانباران و دابەشكردنی چەك بەسەر ئەندام و لایەنگرەكانیان، چەندین هۆكاری دیكە وایانكردووە كە دیاردەی چەكداری و دواتریش كوشتن و بریندار كردن بە چەك لەهەرێمی كوردستان بەردەوامیان هەبێت، لەوانە حەزی زۆری خەڵكی بۆ بوونی چەك لەماڵەوە، بەشێوەیەك زۆرجار خەڵك بۆ دەربڕینی خۆشی بەكاری دەهێنێت، بوونی سنوورێكی فراوان لەگەڵ وڵاتانی دراوسی كە ئەمەش دەبێتە هۆكار بۆ كەمی كۆنترۆڵكردن، ئەمە جگە لە گەراندنەوەی چەك لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە بۆ ماڵی خۆیان لەكاتی تەواوبوونی دەوامی فەرمی لەپاڵ ئەوەشدا كەمی رۆڵی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی و بەتایبەت ڕێكخراوەكانی پاراستنی مافی مرۆڤ لە هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتیان و ئاشناكردنی كۆمەڵگا بە بنەماكانی ڕێزگرتن لە شكۆی مرۆڤ.
لەلایەكی دیكەوە چەندین هۆكاری دیكەی وەكو قەیرانی ئابووری، سیاسی، بەرزبونەوەی ڕێژەی بێكاری، خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن و پاڵنەرە دەروونییەكان وایانكردووە كە كوشتن و خۆكوشتن بگاتە ئاستێكی مەترسیدار.
زریان عومەر، توێژەری دەروونی، بۆچوونی وایە كە بەشێكی زۆری تاوانەكانی كوشتن و خۆكوشتن بەهۆی ئەو هەڵچوونە خێراییەوە دروست دەبن كە ڕووبەرووی كەسەكە دەبنەوە، بەڵام ئەگەر بێت و ئەو كەسە ئامرازەكانی كوشتن و خۆكوشتنی لەبەردەستدا نەبێت، بەئەگەرێكی زۆرەوە لە ئەنجامدانی تاوانەكە پاشگەز دەبێتەوە، “هەرچەندە چەندین تاوان لە هەرێم ڕویانداوە كە كەسەكە بەپلان كارەكەی كردووە و پێشتر نەخشەی بۆ كێشاوە، بەڵام دیسانەوە لەم دۆخەشدا بوونی كەرەستەكانی كوشتنن و خۆكوشتن دەبنە هاوكاری ئەنجامدانی تاوانەكە”. ئەو توێژەرە دەروونییە، بۆچوونی وایە كە خێزان، قوتابخانە و كۆمەڵگە كاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر ئاڕاستەكردنی ژیانی تاك لەسەر خود و لەسەر كۆمەڵگە هەیە، تەنانەت هەندێكجار دەكرێت وڵاتانی دراوسێ بەهۆی بوونی سنووریان لەگەڵ كۆمەڵگەیەكدا، یاخود وڵاتانی جیهان بەهۆی بوونی تۆڕەكانی پەیوەندییەوە كاریگەرییان لەسەر دروستبوونی تاك هەبێت، جا ئەم كاریگەرییە بەشێوەی باش بێت یاخود خراپ، ئەو توێژەرە دەروونییە باس لەوەش دەكات كە بەشێوەیەكی گشتی ئەو هەڵسوكەوتەی تاك لەناو كۆمەڵگەیەكدا دەیكات، رەنگدانەوەی ئەو كلتورەیە كە لەو كۆمەڵگەیەدا بوونی هەیە، لەبارەی هۆكارەكانی كوشتن، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە تاكی كۆمەڵگەی عێراق بەهۆی كۆمەڵێك بارودۆخی جیاوازەوە، لەرووی دەروونییەوە تاكێكی ناجێگیرە، “مرۆڤ بونەوەرەێكی هەستیارە، دەكرێت لە ماوەی خولەكێكدا هەستەكانی چەندینجار بگۆڕێن، بەڵام زۆر ئاساییە بەهۆی ئەو شێوە ژیانەی كە تاك پێیدا تێدەپەڕێت لەناو كۆمەڵگەدا بەهاوكاری كەرەستەكانی بەردەستی ئاڕاستەی ژیانی كەسەكە دیاری بكرێت، بەواتایەكی تر مەیلی ئەنجامدانی توندوتیژی لای مرۆڤ لە هەموو دنیادا بوونی هەیە، بەڵام پەروەردە و یاسا رێگرن لەوەی مرۆڤ ئەوەی ویستی بیكات”. ئەو توێژەری دەروونییە، جەخت لەوە دەكاتەوە كە بوونی پەروەردەی دروست لەناو خێزان تا دەگاتە زانكۆ و دواجاریش كۆی كایەكانی دیكەی ژیان هۆكاری سەرەكین بۆ شێوازی ئەنجامدانی هەڵسوكەوتی كەسەكە لە ژیاندا. “بێ كاری، خراپی باری ئابووری، بوونی كەرەستە بۆ ئەنجامدانی تاوان، نەبوونی سزای پێویست و دروستنەكردنەوەی تاوانباران لەناو گرتوخانەكاندا، پاڵنەرن بۆ ئەنجامدانی تاوان، لای كەسانی پێگەیشتوو”، بەگوتەی ئەو توێژەرە دەروونییە بەهۆی ئەوەی وڵاتی عێراق تاوانی زۆری تێدا ئەنجامدراوە لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، هاوكات لەبەر ئەوەی هەموو كەرەستەكانی ئەنجامدانی تاوان بەردەستن، دروستكردنی كۆمەڵگەیەكی بێ كوشتن كارێكی ئاسان نابێت، بەڵام دەكرێت بە چەندین شێوازی جیاواز، لەوانە بە پڕۆگرامی خوێندن و بەرنامەی جۆراوجۆر، حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان، جا رێكخراوەكان بن یاخود میدیاكان هاوكاربن لە دروستكردنی تاكێك كە كەمتر دەستی بچێتە ئەنجامدانی توندوتیژی.
هەر بەهۆی زیادبونی تاوانی كوشتن لەهەرێمی كوردستان، كۆمەڵەی كۆمەڵناسان و دەرونناسانی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا كە ئاڕاستەی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانیان كردووە زیادبونی كوشتن و توندوتیژی، چارەسەرنەكردنی كێشەی كۆمەڵایەتی و دەرونییەكان كە رۆژبەڕۆژ لە زیادبوندان، بۆ نەبوونی سەنتەری توێژەرانی كۆمەڵایەتی و دەرونییە لەگەڕەكەكان و دانەمەزراندنی دەرچوانی كۆمەڵناسی و دەرونناسی و كاری كۆمەڵایەتی گەراندووەتەوە، “وەك پسپۆڕی بوارە كۆمەڵایەتی و دەرونییەكان و ئەمانەتی زانستی و پیشەیی بۆ چارەسەركردنی كێشەی كۆمەڵایەتی و دەرونی و كەمكردنەوەی دیاریدەی كوشتن و توندوتیژی، داوا دەكەین لە هەمو گەڕەكێكدا سەنتەری خزمەتگوزاری درونی و كۆمەڵایەتی دابمەزرێت و ستافی بۆ دابنرێت، هەروەها لەهەموو قوتابخانەو زانكۆ و پەیمانگاكاندا توێژەری دەرونی كۆمەڵایەتی دابمەزرێنن”.