ھەرەمەکەی ماسلۆ و نامۆیی و بێھودەیی تاکی کورد

بەروار: 2 ساڵ لەمەو پێش

ھەرەمەکەی ماسلۆ و نامۆیی و بێھودەیی تاکی کورد

هه‌ڤین كه‌مال شا

ھەرەمەکەی ماسلۆ چییە ؟ پەیوەندی نێوان ھەرەمەکەو ژیانی تاک لەکۆمەڵگا نوێیەکاندا چییە؟ چۆن دەتوانین نامۆیی و بێھودەیی تاکی کورد لێکبدەینەوە بە پێی بیردۆزەکەی ماسلۆ ؟

لەساڵی ١٩٤٣ زانا و دەروونزانی جولەکەی ئەمریکی(ئەبراھام ماسلۆ ) بیردۆزە بەناوبانگەکەی بڵاوکردەوە بەناوی ( پێداویستیە مرۆڤیەکان ) وەلەدوایدا بە ( ھەرەمی ماسلۆ یاخود سێگۆشەی ماسلۆ ) ناسرا لە جیھاندا .

بەپێی بیردۆزەکەی( ماسلۆ) بێت مرۆڤ ھەر لەسەرەتاوەو ھەتا ئێستاش کە ھەوڵی داوە بۆ بەدەست ھێنانی پێداویستیەکانی ژیانی و پارێزگاریکردن لێی ، بەشێوەیەکی ھەرەمی یاخود لە فۆرمێکی شێوە سێگۆشەدابووە .

بەپێی ھەڕەمەکەی ماسلۆ بێت مرۆڤ پێش ھەموو شت پێویستی بە دابینکردنی پێداویستیە سه‌رەتایی و فسێۆلۆژیەکانێتی وەکو : خواردن و خواردنەوە ، ئاو و کارەبا ، شیڵتەر یاخود جێگای نیشتەجێبوون و بوونی شوێنی حەوانەوە ، سێکس و زۆربوون …ھتد .

لەھەرەمەکەی ماسلۆدا پێداویستییە سەرەتاییەکان دەکەوێتە بەشی خوارەوەو یەکەمی ھەڕەمەکە ، بەدوای ئەودا پێداویستی ھەست کردن بە دڵنیایی و ئاسایش و سەلامەتی و جێگیربوون دێت کە ئەمیش بەشی دووەمی ھەرەمەکەیە ، بەدوای ئەودا پێداویستی ھەست کردن بە خۆشەویستی و ھاوڕێیەتی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان دێن کەبەشی سێھەمی ھەڕەمەکە پێکدێنێت ، بەشی چوارەمی ھەڕەمەکە بریتییە لە ھەست کردن بە خودی خۆت و زیادبوونی سێڵف ستیم و پرستیج و دروستکردنی پێگەی کۆمەڵایەتییە ، کۆتا بەش و لوتکەی ھەرەمەکە بریتییە لە سەلماندنی کەسایەتی و بەناوبانگ بوون و داھێنان لەنێو کۆمەڵگادا ، ئەویش لە ڕێگای چالاکییە کۆمەڵایەتیەکان و توێژینەوە لە بوارە جیاوازەکاندا بۆ دروستکردنی تاکی ئاکتیڤ و چالاک و داھێنەر . بەپێی ماسلۆ بێت تەنیا لە ٢٪ مرۆڤەکان دەتوانن بگەنە لوتکەی ھەرەمەکەو کەسانێکی داھێنەر بن .

ماسلۆ لەبیردۆزەکەیدا دەڵێت پێداویستیە سەرەتایی و فسیۆلۆژییەکان دەبێت دابینکراو و تێر کراوبن، پێش ئەوەی تاک بیر لەھیچ بەشێکی تری ھەرەمەکە بکاتەوە یان لە دڵەڕاوکێدا بێت بۆ بەدیھێنانی .

دووەم بەشی ھەرەمەکە کە بریتییە لە ھەست کردن بە دڵنیایی و ئاسایش و سەلامەتی ، ئەم پێداوستیە تەنیا سەلامەتی خود و جەستە ناگەیەنێت بەڵکو جێگیربوونی سیاسی کۆمەڵگا و دڵنیایی دارایی و پیشەیی کایەی گرنگن بۆ ھەست کردن بەم دڵنیاییەو جێگیربوونە .ھەروەھا خۆپاراستن لە ھەموو مەترسییەک کە ھەڕەشە لەتەندروستی وسەلامەتی تاک دەکات وەکو دروست بوونی پێکدادان و جەنگ ، کێشە سیاسی و کێشە تائیفی و خێڵەکیەکان، نەبوونی بیمەی تەندروستی و بێ ئیشی و بەتاڵی ، نەبوونی شوێنی نیشتەجێ و ھەژاری .

لەم بوارەدا دیموکراتیەت چەمکێکی گرنگە بۆ ھەستکردن بە دڵنیایی لە کۆمەڵگەدا، چونکە تەنیا دیموکراتیەت وجێگیربوونی سیاسی و داراییە، دەتوانێت ھەست بە دڵنیایی و ئاسایش بۆ تاک فەراھەم کات لە کۆمەڵگای نوێ و تازەگەردا .

کاتێک تاک دووبەشی یەکەمی ھەڕەمەکەی بۆ ڕەخسێنرا ، دەگاتە سێیەم بەشی ھەڕەمەکە کەپێداویستی ھەست کردنە بە خۆشەویستی و ھاوڕێیەتی و دروستکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان و پەیوەست بوونە بە کۆمەڵگاوە . ئەم پێداوستیانە کە بەدیدەھێنرێت بۆ تاک ، تاکێک دروست دەبێت کە متمانەی بەخۆیەتی ، سێلف ستیمی بەرزە ، چوست و چالاکە لە کۆمەڵگا .

کاتێک تاک ھەست بە خۆشەویستی و دڵنیایی دەروونی و کۆمەڵایەتی و دارایی و سیاسی دەکات، ئەم دڵنیاییە ڕێخۆشکەرە بۆ بەدیھێنانی بەشی چوارەم و پێنجەمی ھەڕەمەکە کە بریتییە لە سەلماندنی خود و دروست کردنی پێگەیی پیشەیی و کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگا و ئینتمایی کۆمەڵایەتی و ، بەدوایدا پێداوستیە باڵاو ڕۆحیەکان دێت و تاکی ڕۆشنبیر و بەرھەمھێنەر و داھێنەر دروست دەبێت .

نھێنی ئەم ھەڕەمە لەوەدایە کە دەیسەلمێنێت تاک ناتوانیت بگات بەھیچ ستەیجێک یان پلەیەکی باڵا و ڕۆحی یاخود ھەست بە خۆشەویستی و ئینتیمایی کۆمەڵایەتی و خاوەندارێتی کێشە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانی کۆمەڵگاکەی بکات ، ئەگەر پێشتر پێداوستییە سەرەکی وفسیۆلۆژییەکانی دابین نەکرابێت ، و جێگیربوونی سیاسی و ئاسایش و سەلامەتی لەگەڵ دڵنیابوونی کۆمەڵایەتی و دارایی بۆ فەراھەم نەکرابێت .

ئەگەر کۆمەڵگایەک نەتوانێت بەشە سەرەتاییەکانی ھەڕەمەکە بۆ تاکەکانی دابین کات ، و پێداویستیەکانی تێر کات ئەوا دەبێتە خاوەنی تاکی بێھیواو دوودڵ و خەمۆک ، ھەست کردن بە بێئومێدی و بێھودەیی و نامۆیی سیمای تاکی ئەم کۆمەڵگایانە دەبێت ، کەلەوانەیە بگاتە ڕادەی دروستبوونی کۆمەڵگایەکی پڕ لە تاوان و تووندوتیژ و جنێوفرۆش .

ئەگەر ئێستا ژیانی تاکێکی کورد لە کۆمەڵگایی کوردەواریدا بھێنین و تەماشای بکەین و بەپێی پێداویستیەکانی ھەڕەمەکە لێکدانەوەی بۆ بکەین ، دەگەینە وەڵامی ئەو پرسیارەی( کە ئایا تاکی کورد بۆ ئەوەندە ھەست بە بێھودەیی و نامۆیی و بێھیوایی دەکات ؟؟ تاکی کورد بۆ تاکێکی ناڕۆشنبیر و جنێوفرۆش و حەزی بە تووند و تیژییە ؟ تاکی کورد تاوانبارەکەیە یاخود ئەو دەسەڵات و سیاسەتەی کە لە سێبەریدا دەژی و ناتوانێت سادەترین پێداویستییە سەرەتایی و فسیۆلۆژییەکانی بۆ دابین کات ؟
یاخود دەتوانین بپرسین :
ئایا تاکی کورد تاکێکە ھەموو پێداوستیە سەرەکی و فسیۆلۆژی و ھەست کردن بە ئارامی ودڵنییایی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی بۆ فەراھەم کراوە ، ھەتا وەکو تاکێک بێت بتوانێت بگاتە ئاستی سەرووتر لەھەرەمەکە و بتوانێت تاکێکی چالاک و ئەکتیڤی کۆمەڵگا بێت ؟

بۆ وەڵام دانەوەی ئەم پرسیارانە دەتوانین چاوبخشێنین بە چەند ستاتیستێک کەلەبواری جیاوازدا کراوە لەم ناوچەیە ، بۆ ئەوەی بزانین کۆمەڵگا ڕۆژھەڵاتیەکان بە گشتی و کۆمەڵگایی کوردەواری بە تایبەتی لە بەشی خوارەوەی ھەڕەمەکەیە
بۆ نموونە ، بەپێی ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لەبواری برسێتی و ھەژاری لە جیھاندا کراوە ، ئامارەکان دەڵێن ووڵاتی عێراق بەڕێژەی ٢٢.٩٪ ڕێژەی برسێتی تیادایە (برسێتی بەمانایی تاک لە ١٨٠٠ کالۆری کەمتر ووزەی خۆراکی وەربگرێت لە ڕۆژێکدا ).

بەپێی ڕاپۆرتێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕێژەی ھەژاری لە ھەرێمی کوردستان لەساڵی ٢٠١٧ دا (١٥ بۆ ١٦٪ ) بووەو ، لە عێراق دا ( ٣٥٪) بووە .

ئەگەر بێنە سەر باسی ڕێژەی بێکاری ، ئەوا لەھەرێمی کوردستان لە ١٤٪ دایە بەڵام بە پێی راپۆرتی وەزارەتی پلاندانان لە عێراقدا ٦ملیۆن کەس بێکارن و ھیچ کارێکیان نیه‌، رێکخراوی یونسێف سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، سەرەڕای کەمبوونەوەی تووندوتیژییەکان لە عێراق، بەڵام شەڕوپێکدادانەکان زیانی گەورەی بە گیانی ھەزاران ھاووڵاتی ئەو وڵاتە گەیاندووە ئاماژەی بەوەشدا، لەنێو ھەر چوار منداڵێکی عێراقی یەکێکیان لەژێر ھێڵی ھەژاری ژیان بەسەر دەبات.

ئەگەر بێینە سەر ڕێژەیی قەیرەیی و شوونەکردن ئەوا ڕێژەکەی زۆر زۆرە کە لە ٧٠٪ دایە لەعێراق و بەھەمان ڕادەش لە ھەرێمی کوردستان .ئەمە جگە لە ڕێژەیەکی زۆری جیابوونەوەو کێشە خێزانیەکانی کە لە دادگا یەکلایی نەکراونەتەوە .
ئەم ھەموو ئامارانە تەنیا یەک شتمان بۆ دەردەخات ، کەئەویش ئەوەیە :
” ئەگەر لێکدانەوە بۆ بارودۆخی تاکی کوردی بکەین بە پێی ھەرەمە دەروونیەکەی ماسلۆ ، ئەوا زۆر بە ئاسانی بۆمان دەردەکەوێت کەتاکی کوردی و کۆمەڵگایی کوردی لە بەشی خوارەوەی ھەڕەمەکەدایە، واتە لەو ڕیز بەندیەدایە کەپێویستی بە خواردن و خواردنەوەو جێگەیی نەشتەجێ و سێکس و زۆربوونە بەپلەی یەکەم ، ئینجا ھەستکردن بە دڵنیایی و ئاسایش و جێگیربوون بە پلەی دووھەم ” .

کۆمەڵگایەک کە باری ئابووری و پیشەیی باش بێت لەگەڵ سیاسەتێکی جێگیر و دیموکراتخواز ، تاکێک بەرھەمدێنێت کە کەمتر دوودڵە بەرامبەر ئێستاو داھاتووی ، لە دڵەڕاوکێدا نیە بۆ خۆیی و خێزانەکەی ، تاکێکی چالاک و بەرھەمھێنەر دەبێت و ھەندێک جاریش داھێنەر ، ئەمەش زۆر بە ڕوونی دەبینرێت لە کۆمەڵگا ڕۆژئاواییەکان .

بە پێچەوانەوە ، ئەو کۆمەڵگایانەی کە ئەم پێداوییستیە سەرەکیانەی بۆ فەراھەم ناکرێت وەکو کۆمەڵگایی کوردی ، کۆمەڵگایەکە ھەمیشە دوودڵی و نامۆیی و بێھودەیی و سەر لێشێواوی و خەمۆکی سیمای تاکەکانێتی ، ھەر بۆیە دوای ھەموو بانگەوازێک و گووتارێک دەکەوێت کە ئەو پێداویستییە سەرەتاییانەی بۆ دابین کات ( زۆر بەڕوونی دەتوانین ئەوە ببینین لە کاتی بانگەشەی ھەڵبژاردنەکاندا ، ئەو لیستانەی کە دەنگدەرانیان بە خەڵاتی ماددی قایل دەکەن دەتوانن زۆرترین دەنگ بێنن و دەتوانن زۆر بەئاسانی دەنگدەر بکڕن .)

ھاوکێشەکەی ماسلۆ زۆر سادەو ڕوونە ، پێمان دەڵێت تۆ نابێت چاوەڕێی کۆمەڵگایەکی تەندروست و ڕۆشنبیر و بەرھەمھێنەر و داھێنەر بکەیت ، لەکۆمەڵگایەک تاکەکانی بچووکترین پێداویستی و مافە سەرەتایی و فسێۆلۆژیەکانیان بۆ دابین نەکرابێت و ، ھەست بە ئارامی ودڵنییایی و جێگیربوون نەکەن .

بەپێچەوانەوە دەبێت چاوەڕێی نەوەیەک بکەین کە تاسەرئێسقان باوەڕی بەخودی خۆیی نیە، بێ متمانەیە بەرامبەر ھەموو کارێک و پرۆژەیەکی چاکسازی ، نەوەیەک باوەڕی بە عەبەسیەت و بێھودەیی ژیان ھەیە( کەئەمەش بەڕوونی دەبینرێت لە ھۆنراوەو نوسینەکانی نووسەر و شاعیرە لاوەکاندا) ، نەوەیەک خەمۆکی و بێئومێدی و نامۆیی سیمایی ھەرەزاڵی تاکەکانێتی بەداخەوە ، نەوەیەک دوور لەھەموو بەھا مرۆڤایەتی و ڕۆحییە باڵاکان .

بەپێی ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی (WHO) باری ئابووری و دارایی خراپ ، ھەژاری و بێكاری ، بوونی فشاری کۆمەڵایەتی و دەروونی ، بوونی شەڕوکێشە سیاسیەکان ، سەر لێشێواوی و بێسەرپەرشتێتی ، یەکێکە لەھەرە ھۆکارە گرنگەکانی خەمۆکیی ، کەلەوانەیە ببێتە ھۆی نەخۆشی جەستەیی وەک شەکرە ، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن ، نەخۆشیەکانی دڵ ، ھەروەھا دەبێتە ھۆی سلوک و ڕەفتاری نادروست و لادانی ئەخلاقی . ھەر بۆیە دەبینین بەڕێژەیەکی زۆر نەخۆشییە دەروونیەکان و خەمۆکی و خۆکوشتن ، تووندوتیژی کۆمەڵایەتی وتاوان و ئالوودەبوون بە ماددە ھۆشبەرەکان و جنێوفرۆشی ڕۆژ بە دوای ڕۆژ لەزیابووندایە لە کۆمەڵگایی کوردی .

پەراوێز و سەرچاوەکان :
١- هرم ماسلو والعالم .. اللاجدوی‌ وفقدان الژات كنتیجه‌ للفقر وانعدام اڵ‌من. Noon post. Com
٢- كتاب الحاجات النفسیه‌ فی حیاه‌ الناس الیومیه‌ ( قرا‌وه‌ جدیده‌ فی هرم ماسلو ) .
د. حمدی علی الفرماوی.
٣- Maslow’s Hierarchy of Needs
By Saul McLeod, simply psychology .
٤- Maslow’s hierarchy of needs.
Wikipedia. Org .
٥- The 5 Levels of Maslow’s Hierarchy of Needs and How they Affect Your Life.
Oxford royal academy .com
٦- The Importance of Maslow‌s Pyramid of Needs.
The school of life .com
٧- ئامارەکان : ئاماری ئەنجوومەنی ناوەندی عێراقی بۆ ساڵی ٢٠١٨ . باس .نیوز .
دەستەیی ئاماریی ھەرێمی کوردستان — ٢٧-٢-٢٠١٨.
ئاژانسی زاگرۆس .