دەستور چییە و جۆرەکانی کامانەن؟
ئەم نووسینە هەوڵێکی سەرەتاییە بۆ ناساندنی دەستورو بنەماکانی، بەشدارییەکی سادەیە بۆ قسەکردن لەسەر دەستورو گرنگییەکەی، جۆرەکانی، رەگەزەکانی، چۆن پێداچوونەوە بە دەستوردا دەکرێت، چۆن دەستورێک پەکدەخرێت یا کۆتایی پێدێت و لادەبرێت و یەکێکی دیکە لە شوێنی دادەنرێت، ئەو لایەنانە کامانەن کە مافی هەموارکردن یان رەتکردنەوەی دەستوریان هەیە؟
سەرەتا دەستور وشەیەکی نە کوردییە نە عەرەبی، بەڵکو وشەیەکی فارسییەو لە دوو بەش پێکدێت: (دەست) بە مانای بنەما/قاعیدە دێت، (ور) بە مانای خاوەن دێت، هەردووکیان بەسەریەکەوە بە مانای خاوەن بنەمادێت. لێرەدا مەبەست لە خاوەن بنەما دەستورە، بەو پێودانگەی دەستور ترۆپکی یاساکانەو هەڵدەسێت بە دیاریکردنی بنەما سەرەکییەکانی دەوڵەت، شێوازی سیستمەکەی، شێوەی حکومەتەکەی، رێخستنی دەسەڵاتە گشتییەکانی. لەبەر ئەوەیە دەوترێت دەستور دایکی یاساکانە، یان دەستور بەرزترین یاسایە لە وڵاتدا. جگە لەوە دەوترێت دەستور بریتییە لە کۆمەڵە بنەمایەکی سەرەکی کە لە رێگەیانەوە، کاروبارەکانی دەوڵەت و چۆنیەتی پیادەکردنی حوکم رێکدەخرێت. لەلایەکی دیکەوە دەوترێت دەستور بریتییە لە کۆمەڵە یاسایەک، پەیوەندی تاک لە ناو دەوڵەتدا رێکدەخات، ئەرک و مافەکانی تاک بەرامبەر بە دەوڵەت دیاریدەکات و پەیوەندی نێوان تاکەکانی ناو کۆمەڵگاش رێکدەخات.
کەواتە دەتوانین بڵێین دەستور دیکۆمێنتێکە هەیکەلی یاسایی و سیاسی دەوڵەتێک دەستنیشان دەکات، شێوەی سیستمی حوکم: پاشایەتییە یان کۆمارییە، شێوەی حکومەت: سەرۆکایەتییە یان پەرلەمانییە دیاریدەکات. پەیوەندی نێوان دەسەڵاتەکان (یاسادانان، جێبەجێکردن، دادوەری) رێکدەخات، سنوری هەر دەسەڵاتێک تا کوێیە دەستنیشانی دەکات، ئەرک و مافە بنچینەییەکانی تاکەکان و کۆمەڵەکان دەخاتەڕوو، ئەو دڵنیایی و زەمانەتانە پیًشکەش دەکات کە مافی تاک و کۆمەڵەکان لەبەرامبەر دەسەڵاتدا دەپارێزێت. دەستور لە دایکبووی بیرۆکەی دیموکراسییە، هەر سیستمێکی حوکمڕانی زەمانەتی سەروەری گەل نەپارێزێت، ئەوا سیستمێکی نا دەستورییە. دەستور فیکرەی باڵادەستی یاسا بەسەر حاکم و مەحکومەکاندا وەک یەک، بەهێزدەکات، لە راستیدا هیچ کەسێک نییە لەسەرو یاساوە بێت، هیچ کەسێکیش نییە یاساشکێنی بکات و لە سزا دەربازیبێت. دەستور زامنی ئەوە دەکات مرۆڤەکان هەمویان- لە باڵاترین پۆسیتی وڵاتەوە بۆ بچوکترین پۆست- بەرپرسیارن بەرامبەر ئەو کارانەی ئەنجامیدەدەن. جگە لەوە دەستور هاوڵاتیان لە دەستدرێژی دەسەڵاتداران دەپارێزێت و رێگایان پێنادات پێشێلی ماف و ئازادی هاوڵاتیان بکەن. ئەوە دەستورە وا دەکات دەسەڵاتی جێبەجێکردن بەرپرسیاربێت لەبەردەم گەلدا. بەداخەوە لەگەڵ ئەوەشدا، مێژوی حوکمڕانی جیهان، پڕە لە سیستمی دیکتاتۆری و فاشی کە خاوەنی دەستورن، بەڵام دەستورێکی ستمگەرو زاڵمانەیە.
دەستور دوای نووسینەوەی لەلایەن لیژنەیەکی پسپۆڕەوە، لە راپرسییەکدا دەخرێتە بەردەم میللەت، تا بە بەڵێ یان نەخێر رەزامەندی لەسەر بدەن. هێزی دەستور لە رەزامەندی میللەتەوە دێت لەسەر دەستورەکە. بەڵام لەبەر ئەوەی زەحمەتە لە کۆمەڵگادا، سەرجەم تاکەکان- ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە- لەسەر دەستور رێک و تەبابن، بۆیە تا رێژەی رەزامەندی فیعلی تاکەکان (میللەت)لەسەر دەستور زیاتربێت، دەستور هەیمەنەی لەسەر هەموان زیاتر دەبێت.
وەک دەردەکەوێت دەستور پێناسەی جۆراو جۆری هەیە کە لەیەکتر جیاوازن، ئەمەش پەیوەستە بە سروشتی سیستمی دەستوری و بارودۆخی سیاسی و ئابوری و کەلتوری دەوڵەتەکەوە. هەندێک لە شارەزایانی بواری یاسادانان، پێیانوایە دەستور بریتییە لە کۆمەڵێ بنەمای نووسراو یان نەنووسراو، ئەم بنەمایانە هەڵگری ئەو پرنسیپ و بەهایانەیە کە کۆمەڵگا رێکدەخات، سەڵاحیات و سنوری دەسەڵاتی سیاسی دیاردەکات، مەسەلە ناوخۆیی و دەرەکییەکان رێکدەخات، شێوەی دەوڵەت و حکومەتەکەی دیاری دەکات. دەستور نمایندەی هێزی کۆمەڵگایە، رەچاوی مافە مەدەنی و یاساییەکانی هاوڵاتیان دەکات و لە هەمان کاتیشدا پارێزگاریان لێدەکات، ئەو مافانە لە هەر جۆرە دەستدرێژییەک دەپارێزێت، هەر دیکۆمێنتێک دژ بە بڕگەو مادەکانی دەستور بێت، بە باتڵ حساب دەکرێت.
رەگەزە سەرەکییەکانی دەستور
بۆ دیاریکردنی رەگەزەکانی دەستور، شارەزایان چوار رەگەز دەستنیشان دەکەن کە بریتین لەمانە:
1-دێباجە/ پێشەکی: بریتییە لە پێشەکییەک بۆ ناساندنی دەستورەکە، تێیدا ئامانج و پرنسیپ و ئەحکامە گرنگەکانی دەستورەکە رووندەکرێتەوە. لێرەدا ئەم پرسیارارانە دێنە پێشەوە: ئایا دێباجە هیچ بەهایەکی یاسایی هەیە؟ یاخود ئایا دێباجە تەتبیق دەکرێت؟ ئەی ئاخۆ دێباجە سودێکی دیاریکراوی هەیەو بوونی لەناو دەستوردا زەرورە یان نا؟ هەندێک لە فوقەهای دەستور پێیانوایە مادام دێباجە بەشێکە لە دەستور، کەواتە مولزیمەو پێویستە تەتبیق بکرێت. هەندێکی دیکەیان پێیانوایە ئەگەر دێباجەکە ئەحکامی بابەتی و بنەمای مەنهەجی لەخۆگرتبێت، ئەوا پێویستە وەک مادەکانی دیکەی دەستور جێبەجێ بکرێت. بەڵام ئەگەر دێباجەکە ئەحکامی بابەتی تێدانەبوو، تەنها بریتیبوو لە ویژدانی کۆ، ئەوا لە رووی یاساییەوە جێبەجێکردنی مولزەم نییە، وەلێ لە رووی سیاسییەوە جێبەجێکردنی مولزەمە، چۆن؟ لێرەدا یاسادانەر/ موشەرع لەسەریەتی ئەو بڕگەو مادانەی بۆ دەستورەکە دایدەنێت، پێویستە پرنسیپەکانی دێباجەکەی لەخۆگرتبێت. لەلایەکی دیکەوە بوونی دێباجە لە دەستوردا سودی هەیە و لە هەمانکاتیشدا زەرورە؟ بۆچی؟ چونکە دێباجە رۆشنایی دەخاتە سەر مەبەست و ئامانجەکانی دەستور، ئەولەویاتی دەستور دیاریدەکات، هەروەها دەکرێت بۆ شیکردنەوەی هەندێک لە مادەکانی دەستور سودمەندبێت.
2-بەشی رێکخستن: لەم بەشەدا باس لە پەیوەندی نێوان دەسەڵاتەکان دەکرێت، ئەم بەشە راگەیەنراوێک لەخۆدەگرێت تێیدا باس لە دامودەزگاکان دەکرێت و ئەو رێوشوێنانە دیاریدەکرێت کە هاوڵاتیان بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانیان بە رێگایەکی یاسایی، پەنای بۆ دەبەن.
3-بەشی تایبەت بە ماف و ئازادی هاوڵاتیان: ئەم بەشە باس لە مافەکانی هاوڵاتیان دەکات، بۆ نمونە وەک مافی یەکسانی بێ رەچاوکردنی رەنگ و رەگەزو ئاین و مەزهەب و رەچەڵەک و نەتەوە، مافی هەڵبژاردن، مافی مانگرتن و خۆپیشاندان. لە ئازادییەکانیش بۆ نمونە ئازادی گوزارشتکردن، ئازادی بیروڕا، ئازادی دروستکردنی پارتی سیاسی…هتد.
4-بەشی تایبەت بە هەموارکردنەوەی دەستور: هەندێک دەستور نەرمن و ئەگەری هەموارکردنەوەی هەندێک لە بڕگەو مادەکانی ئاسانە، ئەمەش بەو مەرجەی هەم دەستەی تەشریعی رازیبێت و هەم لە راپرسییەکدا بخرێتە بەردەم میللەت تا رەزامەندی لەسەر هەموارکردنەوەکان بدرێت.
گرنگی دەستور
دەستوری گرنگییەکی زۆری هەیە، کە دەکرێت بەم جۆرە دەستنیشان بکرێت:
لەرووی سیاسییەوە: لێرەدا دەستور سروشتی دەوڵەتەکە دیاریدەکات، ئایا پاشایەتییە یان کۆماری، سیستمی بەرێوەبردنی وڵات چییە پەرلەمانییە یان سەرۆکایەتی یاخود نیمچە سەرۆکایەتی؟ قسەکردن لەسەر هەرسێ دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری: تایبەتمەندییەکانیان، چۆنیەتی پێکهێنانیان، سروشتی پەیوەندییان لەگەڵ یەکتردا.
لە ڕووی مافەکانەوە: دەستور تەواوی ئازادییە ئاینی و سیاسی و مەدەنی و فیکرییەکان لەخۆدەگرێت و دان بە سەرجەم مافەکاندا دەنێت.
لە رووی یاساییەوە: دەستور مەرجەعی سەرەکییە بۆ هەمو تەشریعاتەکان و یاساکان. نابێت هیچ یاسایەک هەبێت لەگەڵ بڕگەو یاساکانی دەستوردا ناکۆکبێت. نابێت هیچ بڕگەو مادەیەک هەبێت لەگەڵ پرنسیپەکانی دەستوردا نەگونجێت.
دەستور دەکەوێتە لوتکەی هەرەمی یاسای دەوڵەت. دەستور مافە کۆمەڵایەتی و ئابورییەکانی تاک رووندەکاتەوە. رۆڵی دەوڵەت لە رێکخستی چالاکی ئابوری دیاریدەکات بەو مەرجەی هاوسەنگیی لەنێوان بەرژەوەندی کۆمەڵگاو بەرژەوەندی تاکدا بێنێتەئاراوە و لەمەشدا دادی کۆمەڵایەتی پێشێل نەکرێت.
جۆرەکانی دەستور
دەستور بۆ چەندین جۆر دابەشدەکرێت، لە خوارەوە ئاماژەیەکی خێرا بە هەندێکیان دەدەین:
1-دەستوری نووسراو یان نەنووسراو: دەستوری نووسراو ئەو دەستورەیە کە ئەحکامەکانی لەسەر شێوەی دەقی شەرعی لە دۆکیمێنتێکی فەرمیدا یان زیاتر دەنووسرێتەوە، ئەم دیکۆمێنتە لەلایەن دەستەیەکی تایبەتمەندەوە دەرچووە، مەرج نییە سەرجەم ئەحکامەکان نووسرابنەوە، وەلێ بەشی هەرە زۆری نووسراونەتەوە. بەڵام دەستوری نەنووسراو ئەو دەستورەیە کە ئەحکامەکانی لە دۆکیمێنتێکدا نەنووسراونەتەوەو لەلایەن دەستەیەکی تایبەتمەندیشەوە دەرنەچووە، وەک دەستوری ئینگلیزی کە دەستورێکی نەنووسراوە.
2-دەستوری رەق و دەستوری نەرم: دەستوری رەق ئەو دەستورەیە کە بە ئاسانی ناتوانیت بڕگەو بابەتەکانی هەموار بکرێتەوە. واتە پرۆسەی هەموارکردنی ئەحکامەکانی ئاسان نییە و قورسەو بێنەو بەردەی زۆری دەوێت، وەک دەستوری ئوستورالیای فیدراڵی کە هەموارکردنی زۆر ئاڵۆزە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەموارکردنی مەحاڵ نییە، تەنها ئەوەیە قورسە و کاری زۆری دەوێت. بۆ نموونە رەزامەندی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمانی دەوێت، یان گەڕانەوە بۆ لای میللەت و وەرگرتنی رەزامەندی میللەت بۆ هەموارکردنەکە، ئەمەش لە رێگەی راپرسییەوە. کەچی دەستوری نەرم پێچەوانەیە، پرۆسەی هەموارکردنی ئەحکامەکانی ئاسانەو سەخت نییە، بۆ نموونە وەرگرتنی رەئی زۆرینەی پەرلەمان، ئەمەش کارێی ئاسانە و قورس نییە.
3-دەستوری هەمیشەیی و دەستوری کاتی:دەستوری هەمیشەیی ئەو دەستورەیە ئەحکامەکانی بۆ رێکخستنی بارودۆخی دەوڵەتە بۆ ماوەیەکی کاتی یان دیاریکراو نییە، بگرە تا رادەیەکی زۆر هەمیشەییە. بەڵام دەستوری کاتی ئەو دەستورەیە ئەحکامەکانی بۆ رێکخستنی بارودۆخی دەوڵەتە بۆ زەمەنێکی کاتی یان بۆ ئەو ماوەیەیە کە دواتر دەستورێکی هەمیشەیی دادەنرێت. ئەم جۆرە دەستورە لە ساتەوەختی کودەتاکان یان لە کاتی روودانی شۆڕشەکاندا دادەنرێت، بۆچی؟ چونکە لەو کات و ساتانەدا بارودۆخ ناجێگیرەو دەستەی تەشریعی پەنا بۆ دەستورێکی کاتی دەبات.
4-دەستوری کورت و دەستوری درێژ: دەستوری کورت ئەو دەستورەیە کە ئەحکامەکانی دەوڵەتی تێدایە بێ درێژداڕی و بێ وردەکاری زۆرو بێ باسکردنی مەسەلە لاوەکییەکان، وەک دەستوری دەوڵەتی کوەیت. بە جۆرێکە ژمارەی مادەکان سنوردارەو ناچێتە نێو وردەکارییەکانەوە. بەڵام دەستوری درێژ باس لە وردەکارییەکان و مەسەلە لاوەکییەکانیش دەکات و ژمارەی مادەکانی زۆرە، وەک دەستوری هیند. لێرەدا نابێت ئەوەمان لەبیربچێت دەستوری کورت پەیوەندی بە بەردەوامی (دەیمومەی)دەستورەوە نییە، دەستوری کورت دەشێت دەستوری هەمشەیی یان کاتی بێت. لێرەدا بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین گرنگترین ئەو خاڵانە بخەینەروو کە دەستور لەخۆیدەگرێت، ئەو خاڵانەش بریتین لەمانەی خوارەوە
*سروشتی دەوڵەت و شوناسەکەی.
*ماف و ئەرکی تایبەت بە هاوڵاتیان و بەرپرسان.
*سیستمی سیاسی و سەڵاحیاتی هەر دەسەڵاتێک و چۆنیەتی وەرگرتنی پلەو پۆست لەلایەن کەسەکانەوە.
*گرنگترین ئەو کارانەی کە پێویستە حکومەت ئەنجامیان بدات.
پەکخستنی دەستور/ تعطیل الدستور
واتە کارنەکردن بە تەواوی بڕگەو مادەکانی دەستور یان کارنەکردن بە هەندێک لە مادەکانی دەستور، ئەویش لەلایەن تەواوی دەزگاکانی دەوڵەتەوە یاخود لەلایەن هەندێک لە دەزگاکانی دەوڵەتەوە. پەکخستنی دەستور دوو جۆرە: پەکخستنی واقیعی، پەکخستنی فەرمی.
پەکخستنی واقیعی: کارنەکردن بەتەواوی بڕگەو مادەکانی دەستور یان هەندێک لە مادەکانی دەستور، لەلایەن سەرجەم دەزگاکانی دەڵەتەوە یان هەندێک لە دەزگاکانی دەوڵەتەوە، بێ ئەوەی مادەیەکی دەستوری هەبێت رێگە بەو کارنەکردنە بدات. ئەم حاڵەتە کاتێک روودەدات کە واقیعی سیاسی کۆمەڵگە، تەواو جیاوازە یان ناکۆکە لەگەڵ مادەکانی دەستور. بۆ نمونە لە دەستوردا باس لە ماف و ئازادییەکان کراوە، کەچی دەزگاکانی دەوڵەت و حکومەت، رۆژانە بە بەردەوامی پێشێلی ئەو ماف و ئازادیانە دەکەن. نمونەیەکی دی لە دەستوردا هاتووە سیستمی حوکمڕانی وڵات پەرلەمانییە، پەرلەمان سەنتەری دەسەڵاتی تەشریعی و تەنفیزییە. کەچی لە واقیعدا وانییە و سەنتەری دەسەڵاتەکان هەر هەموی لای سەرۆکی وڵاتەو باڵادەستی دەسەڵاتەکانی سەرۆک زۆر زیاترە لە باڵادەستی دەسەڵاتەکانی پەرلەمان.
پەکخستنی فەرمی: کارنەکردن بە تەواوی بڕگەو مادەکانی دەستور یان بە هەندێک لە مادەکانی دەستور، لەلایەن دەزگاکانی دەوڵەت یان لەلایەن هەندێک لە دەزگاکانی دەوڵەت، بەپشتبەستن بە دەقێکی دەستوری کە لە ناو دەستوردا هاتووە. ئەم حاڵەتە لە کاتی بوونی دۆخی لەناکاو یان لە کاتی ئەحکامی عورفیدا روودەدات. لێرەدا دەستور رێگە بەوە دەدات حکومەت، بە هۆی فاکتەری سیاسی وەک راپەڕینی چەکداری یان روودانی جەنگ یا بوونی هەڕەشە کە سەربەخۆیی و سەروەری دەوڵەت و خاکەکەی بخاتە ژێر مەترسییەوە، تەواوی دەستور یان بەشێکی دەستور پەکبخات. لەم جۆرە بارودۆخەدا، حکومەت یان سەرۆکی وڵات، دەستور پەکدەخات و بۆ چارەسەری بارودۆخەکە خۆی کۆمەڵێ دەسەڵاتی ئاوارتە لەدەستدەگرێت.
هەموارکردنەوەی دەستور
مانای گۆڕینی هەندێک دەقی ناو دەستورو گونجاندنی لەگەڵ گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابورییەکان. هەموارکردن دەکرێت پێشکەوتوخوازانە بێت و وڵات بەرەو پێشکەوتن و گەشەکردنی زیاتر بەرێت، هەروەها دەکرێت کۆنەپارێزی و دواکەویوویی بێت و وڵات بەرەو دواوە بگەڕێنێتەوە. واتە مەرج نییە هەمو هەموارکردنێکی دەستور، هەنگاوێکی باش و پێشکەوتووبێت.
رتکردنەوەی دەستور/ الغاء الدستور
مانای رەتکردنەوەو وەستاندنی کار کردن بە دەستورو گۆڕینی بە دەستورێکی دیکە، رەتکردنەوە دوو جۆری هەیە: رەتکردنەوەی ئاسایی، رەتکردنەوەی نائاسایی.
رەتکردنەوەی ئاسایی دەستور: بریتییە لەو رەتکردنەوەیەی کە خودی دەستور خۆی ئاماژەی پێداوە، دەکرێت دەستور رێگای چۆنیەتی رەتکردنەوەو ئیلغاکردنی دەستورەکە لەخۆبگرێت، بۆ نمونە لە دەستوردا هاتبێت کە دەسەڵاتی یاسادانان (پەرلەمان)، دەتوانێت پێشنیاری رەتکردنەوەی دەستورو نووسینەوەی دەستورێکی تازە بخاتەڕوو. بێگومان دەستورە تازەکە دوای ئەوەی لە راپرسیدا دەخرێتە بەردەستی میللەت و رەزامەندی میللەتی لەسەر وەردەگیرێت، دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
رەتکردنەوەی نائاسایی دەستور: لێرەدا کۆتاییهێنان بە دەستور، لە رێگەی بەرپابوونی شۆڕش یان کودەتای سەربازییەوە دەبێت. واتە دەستور بە هۆی بارودۆخی نائاسایی و شڵەژان و پەشێوی سیاسی و رودانی راپەڕینی چەکداری و بەریەککەوتنی سەربازی، بۆ ماوەیەکی کاتی کۆتاییپێدێت، ماوەیەک تا ئەو کاتەی بارودۆخ هێمن ببێتەوەو پاشان دەستورێکی تازە بنووسرێتەوە.