لێبوردنی نێودەوڵەتی: فەیسبووک و گۆگڵ ھەڕەشەن لەسەر مافی مرۆڤ
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، دڵنیایی لە پاراستنی مافی تاکەکان لە ھەڕەشەکانی ھەردوو کۆمپانیای گۆگڵ و فەیسبووک ھەمان بایەخی خۆراک و جلوبەرگ و شوێنی نیشتەجێبوونی ھەیە.
ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو نموونە کارانەی کە ھەریەکە لە کۆمپانیاکانی گۆگڵ و فەیسبووک ئەنجامی دەدەن، مەترسین بۆ سەر مافەکانی مرۆڤ و داوای لە یەکێتی ئەوروپا و ئەڵمانیا کرد ڕێوشوێنی پێویست لە ئاست ئەو مەترسیانە بگرنەبەر.
مارکۆس ئین بیکۆ ئەمینداری گشتی ڕێکخراوەکە لە ئەڵمانیا ڕایگەیاند، ھەروەک چۆن حکومەتەکان بەرپرسن لە دابینکردنی خۆراک و جلوبەرگ و شوێنی نیشتەجیبوون بۆ ھاوڵاتییەکانیان، ئاواش دەبێت سنورێک بۆ ئەو دوو کۆمپانیا دابنێن کە بێ چاودێری چالاکی خۆیان ئەنجام دەدەن.
ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، گۆگڵ و فەیسبووک کۆنترۆڵی گرنگترین ئەو کەناڵانەیان کردووە کە ڕۆژانە ملیارەھا خەڵک لە تۆڕەکانی ئینتەرنێت بەکاریان دەھێنن.
ئەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە باسی لەوەشکردووە، زۆر جار خزمەتگوزارییەکانی گۆگڵ و فەیسبووک بەکارھێنەرانی ناچار دەکات زۆربەی زانیارییەکانیان ئاشکرا بکەن، بۆیە ھەردوو کۆمپانیاکە پشت بە چاودێری دەبەستن لە ھەموو شوێنێک.
ڕەخنەی ئەوەشی گرتووە کە ھەردوو کۆمپانیاکە زانیاری و داتای بەکارھێنەرەکانیان بەکار دەھێنن بۆ بەدەستھێنانی بەرژەوەندییەکانی کۆمپانیاکانیان، کە ئەوە زیان بە ئازادییەکانی ڕادەربڕێنی مرۆڤەکان دەگەیەنێت.