١٠ ساڵ بەسەر کوژرانی رۆژنامەنوس سەردەشت عوسماندا تێدەپەڕێت

١٠ساڵ بەسەر کوژرانی رۆژنامەنوس سەردەشت عوسماندا تێدەپەڕێت

ئەمڕۆ ١٠ ساڵ بەسەر کوشتنی سەردەشت عوسمانی رۆژنامەنوسدا تێدەپەڕێت و بنەماڵەکەشی لەم یادەدا رایدەگەیەنێت، “تێپەڕبوونی کات پێداگرمان دەکات لەسەر بە دادگا گەیاندنی بکوژە راستەقینەکانی.”

 

ئەمڕۆ، ٤ی ئایاری ٢٠٢٠، ماوەی ١٠ ساڵ بەسەر کوژرانی سەردەشت عوسمانی رۆژنامەنوسدا تێدەپەڕێت و بە وتەی بنەماڵەکەی، هێشتا نەخشەداڕێژەر و بکوژانی راستەقینەی کوڕەکەیان دادگایی نەکراوە. بەشدار عوسمانی برای سەردەشت عوسمان راگەیاند، “دوای ١٠ ساڵ، ئێستاش هەروەکو رۆژانی سەرەتای کوشتنی سەردەشت، هەمان خواست و ویستمان هەیە و سورین لەسەر وەرگرتنەوەی مافی سەردەشت و بە دادگا گەیاندنی بکوژە راستەقینەکانی.”

 

بەشدار عوسمان راشیگەیاند، “لەکاتێکدا هەموو بەڵگەکان هەبوون، کەچی دادگا و داواکاری گشتی ئەم وڵاتە گاڵتەجاڕییان بە کەیسەکە کرد و مافی ئێمەیان وەرنەگرتەوە و بێدەنگ بوون لە ئاست ئەو کەسانەی لە پشتی کوشتنی سەردەشتەوە بوون.”

 

ئاماژەی بەوەشکرد، “ئێمە تاوەکو ئەو رۆژەی دادگایەکی سەربەخۆ و بێلایەن لەم وڵاتەدا دروستدەبێت و لە جیاتی بکوژی وەهمی، بکوژی راستەقینەمان بۆ سزادەدات، بێدەنگ نابین و وازناهێنین.”

 

سەردەشت عوسمان رۆژنامەنوس و خوێندکاری بەشی زمانی ئینگلیزی زانکۆی سەڵاحەدین بوو، لە کاتژمێر ٨ی بەیانی رۆژی ٤ی ئایاری ٢٠١٠، لە بەردەم زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر، لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە فڕێندرا و دوای دوو رۆژ لە دیارنەمانی، تەرمەکەی بە قۆڵبەستراوی لە دەوروبەری شاری موسڵ دۆزرایەوە.