گرنگی و بایەخی مافەکانی مرۆڤ

گرنگی و بایەخی مافەکانی مرۆڤ

لەمڕۆدا مەسەلەی مافەکانی مرۆڤ لە سەرتاسەری جیهاندا، بووەتە یەکێک لە گرنگترین ئەو مەسەلانەی پێویستی بە قسە لەسەرکردن و چاودێری و بەدواداچوونی ورد هەیە. لەسەرەتای سەدەی بیست و یەک و بە هۆی هەڵکشان و فراوانبوونی گروپ و دەستەو تاقمی تیرۆرستییەوە، بەهۆی شەپۆلی ناڕەزایی جەماوەرەوە، بە تایبەت لە وڵاتانی عەرەبی و هاتنەئارای ئەوەی پێیدەوترێت بەهاری عەرەبی کە روخانی کۆمەڵێک سیستمی سیاسی لێکەوتەوە، کردەوەی تیرۆرستی و کوشتن و بڕین، لە زیادبوون و پەرەسەندنێکی بەرچاودایە. سەرهەڵدانی جەنگی ناوخۆو دروستبوونی پەشێوی و ناسەقامگیری لەو وڵاتانەی سیستمە سیاسییەکەی روخا یان لە لێواری روخاندایە، وایکرد پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بە رادەیەکی بەرچاو زیادببێت و تا ئاساتێکی زۆر بە زەقی دەبینرێت. پێشێلکارییەکان شێوەو روخساری جۆراوجۆری وەرگرتووە، لە گرتن و رفاندن و زیندانیکردن، بۆ دەرکردنی زۆرەملێ لە زێدی باو باپیران و بوون بە ئاوارە لە نێو کۆمەڵێ چادرگەدا کە زۆر بە زەحمەت سەرەتایی ترین پێداویستییەکانی ژیانی تێدا دەستدەکەوێت، بۆ سوکایەتی پێکردن و تێهەڵدان و شکاندنی کەرامەت، بۆ تاشینی سەروقژ بە شێوەیەک کە لێوان لێوە لە سوکایەتی و زەلیلپیشاندانی ئەو کەسە.

مافەکانی مرۆڤ بایەخ بە هەموو لایەنەکانی ژیانی مرۆڤ دەدات، لەوانە لایەنی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابوری، کەلتووری، دەروونی، جەستەیی. مرۆڤ هەر کە دێتە دونیاوە، وەک بوونەوەرێکی خاوەن ماف لەدایکدەبێت. بگرە هەندێک لە شارەزایانی ئەم بوارە، باس لەوە دەکەن ئینسان لەساتەوەختی دروستبوونییەوە لەناو رەحمی دایکی، خاوەنی کۆمەڵێ مافەو نابێت لێی بێبەش بکرێت، وەک ئارامی خێزانی، خۆراکی باش بۆ دایکەکە، ئامادەکردنی جێ و رێی شایستە بۆ ئەو کۆرپەلەیەی بەیانی لەدایکدەبێت. لە راستیدا مرۆڤ بۆ ئەوە نایەتە دونیاوە کە مافەکانی پێشلبکرێت، ژیانی لە نەبوونی و نەهامەتیدا بەسەر بەرێت، زیندانی بکرێت، بنێردرێت بۆ بەرەکانی جەنگ و بکوژرێت یان یەخسیر بکرێت، مرۆڤ بۆ ئەوە لە دایکنابێت خەڵکانی دیکە سوکایەتی پێبکەن، ملکەچی بکەن، مافەکانی زەوت بکەن، ژیانی لێتێکبدەن. نا نەخێر مرۆڤ بۆیە دێتە ئەم دونیایە، تا ژیانێکی خۆش و شایستە بژی، جیهان ئاوەدانبکاتەوە، بەشداربێت لە پێشکەوتن و گەشەکردنی مرۆڤایەتی، بێ رەچاوکردنی رەگەز و نەژادو ئاین. مرۆڤ سەر بە هەر نەتەوەو ئاینزاو خێڵ و وڵات و کیشوەرێک بێت، مرۆڤ لە هەر کۆمەڵگایەکدا بژی، لە هەر پارچە زەویەکی سەر ئەم هەسارەیەو لە هەر پانتاییەکی جوگرافی بەرتەسک یان فراواندا بێت، سپی پێست بێت یان رەش پێست، دەوڵەمەند یان هەژار، نەخۆش یان لەشساخ، خوێندەوار یان نەخوێندەوار، پاشا یان گەدا بێت، خاوەنی کۆمەڵێک مافی جیاوازەو نابێت لەژێر هیچ پاساو یان بیانوویەک، زەوتبکرێن.

بە مانایەکی دی، مافی مرۆڤ مافێکی ناوخۆیی یان ناوچەیی نییە، واتە تایبەت نییە بە وڵات و کەلتورو کیشوەرێکی دیاریکراو،  بەڵکو مافێکی گەردونی و سنوربەزێنە. لە راستیدا شتێک نییە ناوی مافی مرۆڤی کوردی یان عەرەبی، فارسی یان تورکی، ئینگلیزی یان فەرەنسی، ئەمریکی یان ئەڵمانی بێت. مافێک نییە پێیبوترێت مافی مرۆڤی رۆژئاوایی و مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی، مافی مرۆڤی ئیسلامی و مافی مرۆڤی مەسیحی، مافی مرۆڤی هیندۆسی و مافی مرۆڤی جوولەکە، مافی مرۆڤی جیهانی سێیەم و مافی مرۆڤی جیهانی ئەوروپی. ئەوەی هەیە کۆمەڵێک مافە، بۆ سەرجەم مرۆڤەکانە لە هەرکوێیەکی ئەم دونیایەدابن. مرۆڤی نێو جەنگەڵە چڕەکان و مرۆڤی نێو شارە رووناک و پێشکەوتووەکان، یەک مافیان هەیەو لە رووی مرۆڤبوونەوە هیچ جیاوازییەکیان نییە. لە ئێستاداو لەم رۆژگارەدا، مافی مرۆڤ بووەتە ئەو پێوانەیەی گەشەکردن و پێشکەوتنی وڵاتانی پێدەپێورێت. تەنانەت دیدێک هەیە پێیوایە گرنگ نییە بە چ سیستمێکی سیاسی حوکم دەکەیت، بەڵکو گرنگ ئەوەیە تا چەند هاوڵاتییەکانت خاوەنی مافەکانی مرۆڤن و تا چەند سودیان لەو مافانە وەرگرتووە؟ ئەو مافانە رۆژانە تا چ ئاستێک لە ژیانی سەرجەم چین و توێژەکاندا رەنگیداوەتەوەو لە سایەیدا ژیانێکی شەرافەتمەندانە دەژین؟

بەڵام بۆ ئەوەی مرۆڤ بتوانێت مافەکانی بەدەستبێنێت، بەرگریان لێبکات، بە رێگای یاسایی هەوڵی بەدەستهێنانیان بدات، بێدەنگ نەبێت لەو پێشێلکاریانەی بەرامبەر بە مافەکانی دەکرێت، مافەکان بە حەقی رەوای خۆی بزانێت و وەک بەشێک لە پێداویستییە هەرە سەرەکییەکانی ژیان تەماشای بکات، سڵنەکاتەوە لە دواکردنیان و کۆڵنەدات بۆ وەرگرتنیان، لەم پێناوەشدا هەمو جۆرە خەباتێکی مەدەنی و ئاشتیانە بگرێتەبەر، ئا لێرەوە پێویستە لەسەر مرۆڤ زانیاری تەواوی لەسەر مافەکانی هەبێت: مافەکانی چین؟ ناوەرۆکیان چییە؟ سنوری مافەکانی تا کوێیە؟ چۆنیەتی پارێزگاریکردن و چۆنیەتی زامنکردنیان…هتد.

ئەم نووسینەی ئێمە، هەوڵێکی سادەیە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانەی سەرەوە، خستنەڕوی کۆمەڵێ زانیاری گشتییە لەسەر مافەکانی مرۆڤ، ئەمەش بۆ خاتری ئاگاداربوونە لە مافەکان، بۆ ئەوەیە بزانین ئەم مافانە چین و چۆن و بە چ شێوەیەک لە ژیانی رۆژانەماندا سودیان لێوەربگرین. ئەمە سەرەڕای ئەوەی بوونی زانیاری و مەعریفە لەسەر مافەکانی مرۆڤ، ئاگاداربوون لێیان، گرنگییەکی هێجگار گەورەی هەیە بۆ بیناکردنی سیستمی سیاسی دیموکراسی. بۆچی؟ چونکە سیستمە دیکتاتۆری و سەربازییەکان، چ لە کۆندا و چ لە ئێستادا، کار لەسەر ئەوە دەکەن مرۆڤ ئاگاداری مافەکانی نەبێت، قسەوباسیان لەسەر نەکات، شارەزایی لەبارەیانەوە نەبێت. نەک هەر ئەوە، لە ئەدەبیاتی ئەو سیستمانەدا، شتێک نییە ناوی مافی مرۆڤ و هاوڵاتیبوون بێت، ئەوەی هەیە سەرکوتکردن و پێشێلکردنێکی زەق و زۆپی مافەکانە، بگرە هەموو توانای خۆیان بۆ ئەوە بەکاردەهێنن کە ئەو مافانە زەوتبکەن. ئەو سیستمە دیکتاتۆری و میلیتاریانە، تەواو لەو باوەڕەدان ئەگەر بێت و رەزامەندی لەسەر جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ دەرببڕن، هاوڵاتیانی وڵاتەکەیان ئاشنیایەتی لەگەڵ مافەکانیان پەیدابکەن، ئەو مافانە بخرێنە بەرنامەی خوێندن و لە قوتابخانەکاندا باسبکرێن، نامیلکە و گۆڤاری تایبەتی بۆ تەرخانبکرێت و میللەت لەبەرامبەر مافەکانی هۆشیارو بەئاگابێت، ئەوا باشدەزانن بەو کارەیان، تۆوی لەناوچونی خۆیان دەچێنن، پەتی مەرگی خۆیان دەدەنە دەست میللەت. لێرەوە یەکێک لەو فاکتەرە گرنگانەی وا دەکات سیستمە دیکتاتۆرییەکان، بەردەوامبن لەمانەوەیان، بریتییە لە غیابی مافەکانی مرۆڤ، بریتییە لە نەبوونی زانیاری لای هاوڵاتیان سەبارەت بە مافە رەواکانی خۆیان. کەواتە پەیوەندی نێوان مافەکانی مرۆڤ و سیستمە دیکتاتۆرییەکان، پەیوەندییەکی پێچەوانەیە، بەو مانایەی ئامادەبوونی یەکەمیان، تا رادەیەک مانای ئامادەنەبوونی ئەوی دووەمیانە. لە کوێدا مافەکانی مرۆڤ بوونی هەبوو، لەوێدا ئەگەری بوونی سیستمی دیکتاتۆری لاوازە. لە کوێدا خەڵک لەسەر مافەکانی هاتەدەنگ، لە رێگەی ئەنجامدانی چالاکی مەدەنی جیاواز جیاوازەوە داوای مافەکانی کرد، هۆشیاری سەبارەت بە مافەکانی هەبوو، دەرکی بە گرنگی مافەکانی کرد بۆ ژیانێکی شایستە، هەستی کرد ئەو مافانە حەقێکی رەوای خۆیەتی و نابێت لێیان بێبەش بێت، لەوێدا مرۆڤ کەرامەتی پارێزراودەبێت و دەسەڵات ناچاردەبێت بێتە ژێر باری فەراهەمکردنی ئەو مافانە. ئامانجی تێکڕای مافەکان بەسەریەکەوە، بریتییە لە دابینکردنی ژیانێکی شایستەو ئارام بۆ خەڵک و رەتکردنەوەی هەموو جۆرە جەنگ و شەڕو کوشتارو ماڵوێرانییەک کە تێیدا سەرجەم مرۆڤایەتی، لە رووی مرۆیی و مادییەوە زەرەرمەند دەبێت.

پێناسەی مافەکانی مرۆڤ

لە راستیدا زۆرێک لە شارەزایانی ئەم بوارە، پێیانوایە، زەحمەتە مافەکانی مرۆڤ پێناسە بکرێت، ئەستەمە بە دێڕێک یان دوو دێڕ بڵێین ئەوەیە مافەکانی مرۆڤ، یان لە پەرەگرافێکی کورتدا دەستنیشانی مافەکان بکرێت. بۆچی؟ چونکە ئەم مافانە تەواو پەیوەستن بە خودی ژیانی مرۆڤەوە، مافەکان زۆر لەوە بایەخدارو بەهادارترە کە بکرێت لە پێناسەیەکدا جێگای بکرێتەوە. وەک چۆن ژیان، گەردون، ئاسمان پێناسە ناکرێت، بە هەمان شێوەش مافەکانی مرۆڤ پێناسە ناکرێت. بەڵام لەگەڵ هەمو ئەو راستیانەدا، شارەزایان بە ناچاری و تەنها بۆ تێگەشتن، پێناسەی مافەکانی مرۆڤیان کردووە و دەڵێن: مافەکانی مرۆڤ بریتییە لە کۆمەڵێ ماف کە لەگەڵ لەدایکبوونی هەر مرۆڤێک، مرۆڤەکە دەبێتە خاوەنی ئەو مافانە. لە هەر شوێنێکدا مرۆڤ هەبێت، لەوێدا پێویستە مافەکانی مرۆڤ هەبێت. مافەکان رەگێکی قووڵیان لەناخی مرۆڤەکاندا هەیە، بێ لەبەرچاوگرتنی رەگەزو رەچەڵەک و زمان و ئاین. مرۆڤ مافی ئەوەی هەیە بێ هیچ جیاکارییەک، ببێتە خاوەنی ئەو مافانە. مافەکانی مرۆڤ یەکەیەکی گشتییە و پارچە پارچە ناکرێت، لێکجیاناکرێنەوە، لە رێگەی یاساکانی وڵات و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان و پرنسیپە جیهانییەکانەوە گوزارشتیان لێدەکرێت. مافەکانی مرۆڤ خەسڵەتێکی گەردونی هەیە و تایبەت نییە بە شوێن و جوگرافیایەکی دیاریکراوە. مافەکانی مرۆڤ پێدراوێکی سروشتییە، بەو مانایەی لەسەروی ئاین و نەتەوەو ئایدۆلۆژیاوەیە، هەموو ئەوانە پێویستە لە خزمەت مافەکانی مرۆڤدابن نەک بە پێچەوانەوە. زەوتکردنی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن هەر دەسەڵات و حیزب و گروپێکەوە بێت، تاوانێکە لێخۆشبوونی بۆ نییە.

گەشەکردنی مێژویی مافەکانی مرۆڤ

سەرەتا پێویستە جیاکاری بکەین لە نێوان مافەکانی مرۆڤ و مومارەسەکردنی ئەو مافانە، مافەکانی مرۆڤ وەک ئاماژەمان پێدا پێدراوێکی سروشتییە و پەیوەستە بە بوونی مرۆڤەوە، هەر لە سەرەتای لەدایکبوونییەوە تا ئەو کاتەی ماڵئاوایی لە ژیان دەکات. بەڵام مومارەسەکردنی ئەو مافانە، لە سەردەم و قۆناغێکەوە بۆ سەردەم و قۆناغێکی دی، لە سیستمێکی سیاسییەوە بۆ سیستمێکی سیاسی دیکە جیاوازە، بەپێی ئەو دەستورو یاساو تەشریعاتانەی کاری پێدەکرێت، گۆڕانی گەورەی بەسەردا هاتووە. بایەخدان بە مومارەسەکردنی مافەکانی مرۆڤ، لەسەر هەردوو ئاستی سیاسی و کۆمەڵایەتی، بە چەندین قۆناغی گەشەی مێژویدا تێپەڕیوە، لە هەر قۆناغێکدا بە بڕو و ئاستی جیاواز، گەشەی کردووەو پیادەکردنی بەرفراوانتر بووە. لە خوارەوە زۆر بە کورتی و بە خێرایی ئاماژە بەهەندێک لەو قۆناعانە دەدەین.

یەکەم: مافەکانی مرۆڤ لە یۆنانی کۆندا

لە رۆژگاری دێرینی یۆناندا، بیرمەندە یۆنانیەکانی ئەو سەردەمە، هەوڵیانداوە لە نووسین و بەرهەمەکانیاندا، هەندێک بایەخ بە مرۆڤ و بە مافەکانی بدەن. ئەمەش لە میانەی ئەو وتەیەی بیرمەندی یۆنانی سۆفۆکلیس، کە 2500 ساڵ پێش زاین وتوویەتی: مرۆڤ مەزنترین موعجیزەی سەر ئەم گۆی زەوییەیە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا شارستانیەتی یۆنانی، بەدەر نەبووە لە کۆمەڵێ پێشێلکاری گەورە کە بەرامبەر بە مرۆڤی ئەو چاخە کراوە، لەوانە بوونی کۆیلە، ئیشکردنی زۆرەملێ بەم کۆیلانە لە پێناو خۆشگوزەرانی چینی دەسەڵاتداران و فەرمانڕەواکان. هەروەها باوک لە ناو خێزاندا دەسەڵاتێکی رەهای بەسەر منداڵەکانییەوە هەبووە، بۆی هەبوو منداڵەکانی بفرۆشێت یان بیانکوژێت یاخود فڕێیان بدات و وازیان لێبێنێت. دۆخی ئافرەت هیچی ئەوتۆی لە دۆخی کۆیلە زیاتر نەبووە، ئافرەت بە تەواوی لە مافە مەدەنییەکانی بێبەش کرابوو، وەک موڵکی پیاو یان وەلی ئەمری تەماشای دەکرا. جگە لەوانە کۆمەڵگای یۆنانی لەسەر بنەمای چینایەتی دابەشببوو، ئەم دابەشبوونە بیرۆکەی یەکسانی و دادپەروەری نێوان دانیشتوانی لەناوبردبوو.

2-ئاینە ئاسمانییەکان

دەرکەوتنی ئاینە ئاسمانییەکان، بە تایبەت ئاینی جوولەکە و مەسیحی و ئیسلام، بە خاڵێکی وەرچەرخان دادەنرێت لە گۆڕینی دیدی کۆمەڵگا بۆ مرۆڤ. ئاینە ئاسمانییەکان بانگەشەیان بۆ رێزگرتن لە مرۆڤ دەکرد، مرۆڤی وەک بەهایەکی گەورە لەقەڵەمدەدا، بەهای یەکسانی و دادپەروەی بەرز رادەگرت.

3-راگەیاندنی سەربەخۆیی ئەمریکا

دوای ئەوەی ئەمریکا توانی سەربەخۆیی بەدەستبێنێت و لەژێر دەستی بەرتانیای مەزن رزگاری ببێت، لە ساڵی 1776 راگەیاندنی سەربەخۆیی ئەمریکای بڵاوکردەوە و تێیدا جەخت لەسەر پرنسیپی ئازادی مرۆڤ و مافەکانی مرۆڤ بۆ هەموو ئینسانەکان کراوەتەوە، بێ بوونی هیچ کۆت و بەندو مەرجێک.

4-شۆڕشی فەرەنسی و راگەیاندنی مافەکانی مرۆڤ

دوای سەرکەوتنی شۆڕشی فەرەنسی و گرتن و روخاندنی باستیل لە ساڵی 1789، لە مانگی ئابی هەمان ساڵدا، جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ راگەیەندرا. ئەم جاڕنامەیە لە هەمو ئەو جاڕنامەی دیکە کە لە بارەی مافەکانی مرۆڤەوە راگەیانرابوون، بە تایبەت لە ئینگلتەرە، جیاوازترو باشترو بەرفراوانتر بوو. یەکەم جاڕنامە بوو تا ئەو رۆژگارە بە شێوەیەکی گرنگ بایەخی بە مافەکانی مرۆڤ بدات و رەهەندێکی جیهانی وەرگرت. چونکە کاریگەری سنوری فەرەنسای تێپەڕاند و پەڕییەوە بۆ وڵاتانی دیکەی ئەوروپاو بووە کۆڵەکەیەکی سەرەکی بۆ هەمو ئەو دەستورانەی دوای شۆڕشی فەرەنسی نووسرانەوە. ئەم جاڕنامەیە چوار پرنسیپی بنچینەیی لەخۆگرتبوو کە بریتین لەمانەی خوارەوە:

*خەڵکی بە ئازادی لە دایکدەبن و لە مافەکاندا یەکسانن.

*ئازادی بیروڕاو گوزارشتکردن.

*مافی هاوڵاتیان لە ئیدارەدانی وڵاتەکەیان.

*هاوسەنگی لە نێوان مافەکانی تاک لەگەڵ بەرژەوەندی کۆمەڵگا/ بەرژەوەندی گشتی.

ئەم جاڕنامەیە لە پێشەکییەک و حەڤدە ماددە پێکهاتبوو، دوای بڵاوبوونەوەی بووە بنەمایەکی سەرەکی بۆ نووسینەوەی دەستورەکانی فەرەنسا، لە دەستوری کۆماری یەکەم ساڵی 1793 بۆ دەستوری کۆماری پێنجەم ساڵی 1958. بەڵام ئەم دەستورەی دواییان، جگە لە جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤی ساڵی1789، چەندین ماددەی دیکەی بۆ زیادکرا کە پەیوەستبوون بە ئازادییە گشتییەکانەوە، ئەم زیادکردنە لە ئەنجامی گەشەکردن و پێشکەوتنی کۆمەڵگای فەرەنسی هاتەئاراوە. هەمو ئەو قۆناغانەی مافەکانی مرۆڤی پێدا تێپەڕی، رێگایان بۆ ئەوە خۆشکرد مافەکانی مرۆڤ ببێتە مەسەلەیەکی جیهانی و گەلانی جیاواز جیاوازی دونیا لە دەوری کۆببنەوە. وەلێ روودانی هەردوو جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم، کوشتن و کەم ئەندام بوونی مەلاین مرۆڤ و ئاوارەبوونی بێ شوماری خەڵک لە ئەنجامی ئەو دوو جەنگە، وێرانبوونی سەدان و هەزاران شارو شارۆچکەو گوند و تێکچوون و خراپبوونی بەشی هەرە زۆری رێگاوبانەکان و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ژیان. بینینی رۆژانەی ئەو کوشتن و وێرانبوونەی جەنگ دەیخستەوە، ترسێکی گەورەی خستە دڵی دانیشتوانی جیهانەوە، بە تایبەت دانیشتوانی ئەو وڵاتانەی هەم بەشداربوون لە جەنگەکەداو هەم وڵاتەکانیان ببوون بە گۆڕەپانی جەنگ و رۆڵەکانیان لەبەرەکانی شەڕ وەک گەڵای دار هەڵدەوەرین. ئەمە وڵاتانی ئەوروپای ناچارکرد، بەجۆرێکی دیکە بیربکەنەوەو سنورێک بۆ ئەو هەمو مەرگە بە کۆمەڵەی مرۆڤەکان دابنێن. لێرەوە پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانی ساڵی 1945 لە سان فرانسیسکۆ هاتەئارا، لەم پەیماننامەیەدا رێزگرتن لە مرۆڤ و کەرامەتی و مافەکانی، بە روونی و ئاشکرایی رەنگیدایەوە. هەر ئەم پەیماننامەیە بوو رێگای بۆ دەرکردن و بڵاوکردنەوەی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ لە 10 دێسەمبەری ساڵی 1948 خۆشکرد.

5-جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ ساڵی 1948

دەرکردنی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ، خاڵێکی پرشنگدارە لە مێژوی مرۆڤایەتیدا، خاڵێکە تێیدا کۆی هەوڵ و تواناکانی بیرمەندان و فەیلەسوفان و تێکۆشەرانی مێژوو، لە پێناو بەدیهێنانی مافەکانی مرۆڤ، تێیدا بە جۆرێک لە جۆرەکان بەشداربوون. نەتەوە یەکگرتووەکان بە دەرکردنی ئەو جاڕنامەیە، هەنگاوێکی هێجگار گەورەی نا بەرەو چەسپاندنی مافەکانی مرۆڤ، لەسەرتاسەری جیهان. هەر دەوڵەتێک ئەم پەیماننامەیەی واژۆ بکردایە، پێویست بوو چیتر رێز لە مافەکانی مرۆڤ بگرێت و بیپارێزێت و سزای هەر کەسێکیش بدات دەستدرێژی دەکاتە سەر مافی خەڵکانی دیکە. ئەم جاڕنامە نێودەوڵەتییە جیهانییە کە لە سی ماددە پێکهاتووە، لە مادەی یەکەم و دەستپێکیدا دەڵێت: هەموو مرۆڤەکان بە ئازادی لەدایکدەبن و لە کەرامەت و مافدا یەکسانن. لە راستیدا ئەو مادەیە کۆڵەکەی سەرەکییە بۆ یاسای نێودەوڵەتی و بەردی بناغەکەیەتی. جاڕنامەکە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە مافەکانی مرۆڤ- چ مافی سیاسی یان مەدەنی، مافی کۆمەڵایەتی یان ئابوری، هەموویان پێکەوە یەکەیەکی گشتگیرو بەناویەکدا چوو پێکدەهێنن و بەیەکەوە بەستراون، بە هیچ شێوەیەک لێکجیانکرێنەوە.

جۆرەکانی مافی مرۆڤ

یەکێک لە خەسڵەت و تایبەتمەندییەکانی مافی مرۆڤ ئەوەیە بەردەوام لە گەشەکردن و لە حاڵەتی جووڵەدایە، واتە جێگیرو سابت نییە. جگە لەوە فرەجۆرو هەمەڕەنگە، ئەم جێگیرنەبوون و فرەجۆرو هەمەڕەنگییە، دەبێتە سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندە بۆ مافەکان. ژمارەیەک لە شارەزایان پێیانوایە ناکرێت مافێک بدرێت و مافێکی دیکە نەدرێت. بەشێک لە مافەکان دابینبکرێت و کاریان پێبکرێت، بەشەکەی دیکە دابین نەکرێت و دوابخرێت بۆ کاتێکی دیکەی نادیار. مافەکان گشتێکی کۆین و سەرجەمیان پێکەوە کاریان پێدەکرێت. مافەکانی مرۆڤ لەبەر زۆری ژمارەی و بۆ تێگەشتنی زیاترو ئاسانتر، بە پێی چەندین پێودانگ پۆلێندەکرێت، لە خوارەوە هەندێک لەو پۆلێنبەندییە دەخەینەڕوو:

مافە بنەڕەتییەکان: بریتین لەو مافانەی کە زۆر پێویستن بۆ بەردەوامبوونی ژیان، مرۆڤ بە حوکمی ئەوەی مرۆڤە، پێویستە ئەو مافانەی هەبێت و بێبەش نەبێت لێیان. ئەو مافانە کۆڵەکە هەرە سەرەکییەکانی ژیان پێکدەهێنن و نابێت بە هیچ جۆرێک دەستدرێژیان بکرێتەسەرو زەوتبکرێن، دابینکردن و فەراهەمکردنی ئەم مافە بنەڕەتیانە، مەرجی سەرەکی و پێشینەییە بۆ بەدیهێنانی مافەکانی دیکەی مرۆڤ. نموونە بۆ مافە بنەڕەتییەکان: مافی ئازادی و ژیان، مافی دابینکردنی لاینی هەرە کەمی بژێوی و پارێزگاری لە کەرامەتی مرۆڤ.

مافە نا بنەڕەتییەکان: ئەمە مافەکانی دیکەیە کە پەیوەستن بە رەفاهییەتی و بەختەوەری مرۆڤەوە، واتە ئەو مافانەی ژیان جوانترو خۆشتر دەکەن، زیندەگییەکی شایستەتر بۆ مرۆڤ بەدیدەهێنن. لەو مافانە: مافی ئازادی بیروڕاو گوزارشتکردن، مافی ئازادی دروستکردنی حیزب و پارت و سەندیکاو گروپ.

مافە تاکە کەسییەکان: ئەو مافانەیە پێویستە مرۆڤ وەک تاک/ فرد بەدەستیان بێنێت. ئەم مافانە، تاک، لە بەرامبەر دەستوەردانی ناڕەواو دڵڕەقانەی دەوڵەت دەپارێزێت. هەروەها بەدیهێنانی ئەم مافانە وا دەکات تاک هەست بە سەربەزی و سەربەخۆیی خودی خۆی بکات. لەوانە مافی بەندنەکردن و ئەشکەنجەنەدان، مافی بیرکردنەوە، مافی خوێندن، مافی کارکردن، مافی ئینتیما.

مافی دەستەجەمی: ئەمە ئەو مافانەیە کە دەکرێت گروپێک پێکەوە ببنە خاوەنی و کاری پێبکەن، واتە تایبەت نییە بە تەنها یەک تاک/ فرد. لەوانە مافی پێکهێنانی کۆمەڵە و رێکخراو.

مافە مەدەنییەکان:مافی ئەمن و ئاسایش، مافی ئازادی هاتوچۆو نیشتەجێبوون، مافی رێزگرتن لە مرۆڤ،

مافە سیاسییەکان:مافی کۆیلەنەبوون، مافی بەشداری سیاسی، مافی دروستکردنی حیزب و پارتی سیاسی، مافی ئەشکەنجەنەدان

مافە ئابوری و کۆمەڵایەتییەکان: مافی خواردن و خواردنەوە، مافی چاودێری تەندروستی، مافی خوێندن، مافی بیمەی بێکاری، مافی ئاستێکی باشی ژیان.

مافە کەلتوریی و ژینگەییەکان: نموونە بۆ ئەم جۆرە مافانە مافی پۆشینی جلوبەرگ، مافی یادکردنەوەی بۆنە نەتەوەیی و کلتوورییەکان، مافی ئەنجامدانی هەڵپەڕکێی میللی، مافی ژیان لە ناو ژینگەیەکی پاک و تەندروست، مافی بوونی ژینگەیەکی خاڵی لە وێرانکاری.

وەزیفەی مافەکانی مرۆڤ لە کۆمەڵگادا چییە؟

وەزیفە یان کاری سەرەکی مافەکانی مرۆڤ لە کۆمەلًگادا، بریتییە لە جڵەوکردنی ئەو کەسەی هێزی بەدەستەوەیەو رێگریکردن لەوەی ئەو هێزە بە خراپی بەکاربهێنێت، رێگریکردن لەوەی دەسەڵاتدار دەسەڵاتەکەی نەبێتە مەترسی بۆ سەر ژیانی خەڵکی. چونکە خراپ بەکارهێنانی هێز و دەسەڵات و لەبیرکردنی مافەکانی مرۆڤ و پشتگوێخستنیان، رێگەیان بۆ دەیان و سەدان کاری هەمەجی خۆشکرد کە ویژدانی مرۆڤایەتی ئازاردا. بوونی مافەکانی مرۆڤ لە کۆمەڵگادا، وا دەکات ئەو کۆمەڵگایە ببێتە ژینگەیەکی لەبارو گونجاو بۆ ژیانی مرۆڤەکان، ژینگەیەک شایەنی ئەوەیە مرۆڤ تێیدا دانیشێت و هەست بە ئارامی و ئاسودەیی بکات. ژینگەیەک وا دەکات مرۆڤەکان بتوانن بە ئازدی عەقڵیان بخەنەگەڕ و ئامانج و غایەتی خۆیان لە ژیان دیاری بکەن و ئەو رێگایانەش دەستنیشان بکەن کە دەیانگەیەنن بە ئامانج و غایەتەکانیان، بەو مەرجەی گەیشتن بە ئامانجەکان لەسەر حسابی بەرژەوەندی گشتی نەبێت و زەرەری گشتی لێنەکەوێتەوە. لێرەدا ئەم پرسیارە دێتەپێشەوە: لە چ کۆمەڵگایەکدا پەیڕەوی لە مافەکانی مرۆڤ دەکرێت؟ یاخود ئەو کۆمەڵگایە کامەیە کە مافەکانی مرۆڤی تێدا پەیڕەودەکرێت؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، دەتوانین بڵێن ئەو کۆمەڵگایە مافەکانی مرۆڤ پەیڕوەو دەکات کە تێیدا:

1-هەموو مرۆڤێک لە مرۆڤەکانی دیکە پارێزراوە، بەو مانایەی مرۆڤە خاوەن هێز و دەسەڵاتدارەکان، بۆیان نییە مرۆڤەکانی دیکە بچەوسێننەوەو لەپێناو بەرژەوەندی شەخسی و تایبەتی خۆیان، پێشێلی مافی مرۆڤەکانی دیکە بکەن.

2-هەمو مرۆڤێک خاوەنی ئازادی خۆیەتی، دەتوانێت بە ئاسانی ئامانجە شەخسییەکانی خۆی دیاری بکات و کار بۆ بەدەستهێنانیان بکات.

3-بەدیهێنانی ژینگەیەکی کۆمەڵایەتی دیموکراسی، واتە ژینگەیەکی ئازاد تێیدا مرۆڤەکان بتوانن بەشداربن لەو بڕیارانەی پەیوەندییان بە چارەنووس و ژیان و ئایندەیانەوە هەیە. لەم ژینگەیەدا کەسی خاوەن دەسەڵات و فەرمانڕەوا ناتوانێت بە تەنها هەر خۆی بڕیاری چارەنوسساز بدات. تراژیدیای جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم، ئەوەی فێرکردین کە نابێت بڕیاردان لە چارەنووسی جیهان یان میللەتان، بە ویست و حەزی تاکە کەسەکانەوە بێت، بە تایبەت ئەو تاکە کەسانەی خاوەنی هێز و دەسەڵاتن. چونکە هیچ دوور نییە ئەو هێزو دەسەڵاتە بۆ کۆمەڵکوژی و ماڵوێرانی و جەنگی ناوخۆیی و جیهانی بەکاربهێنرێت. لە راستیدا بیرۆکەی مافەکانی مرۆڤ ئا لێرەوە سەریهەڵداو داوای ئەوە دەکات هەموو خاوەن هێز و دەسەڵاتێک، پارێزگاری لە مافەکانی مرۆڤ بکات و پێشێلیان نەکات.

تایبەتمەندییەکانی مافەکانی مرۆڤ

دەکرێت ئەم تایبەتمەندیانەی خوارەوە بۆ مافەکانی مرۆڤ دەستنیشان بکەین:

*مافەکانی مرۆڤ نە دەکڕدرێت نە دەفرۆشرێت و نە بە میرات دەمێنێتەوە. زۆر بە سادەیی مافەکانی مرۆڤ موڵکی سەرجەم مرۆڤەکانە و رەگوریشەی لە هەموو تاکێکدا داکوتیوە.

*مافەکانی مرۆڤ بۆ سەرجەم ئینسانەکان یەک شتە، بێ رەچاوکردنی رەگەز یان ئاین یا بیروڕای سیاسی یا ئەسڵ و فەسڵی سیاسی و کۆمەڵایەتی و نەژادیی. خەڵکی هەموویان بە ئازادی لەدایکدەبن، بۆیە هەمویان خاوەنی مافەکانی مرۆڤن و لە وەرگرتنیدا هیچ جیاوازییەکیان نییە. بە مانایەکی وردتر مافەکانی مرۆڤ جیهانییەو بۆ هەموو کەسێکە.

*مافەکانی مرۆڤ نابێت و ناکرێت پشێلبکرێت یان لە مرۆڤ وەربگیرێتەوە. هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە کەسێکی دیکە لە مافەکانی بێبەش بکات.

*مرۆڤ بۆ ئەوەی بە کەرامەتەوە بژی، مافی ئەوەی هەیە ئازاد بێت و ئەمن و ئاسایش و ژیانێکی شایستەی بۆ دابینکرابێت. واتە مافەکانی مرۆڤ یەکەیەکی یەکگرتووەو لەیەکتر جیاناکرێنەوە.