قەدەغەی هاتوچۆ لە عێراق بۆ ماوەی هەفتەیەك درێژكرایەوە

رێکخراوی ئاشتی بۆ مافەکانی مرۆڤ

 

لیژنەی تەندروستی و سەلامەتیی نیشتمانی عێراق بڕیاریدا بە درێژكردنەوەی ماوەی قەدەغەی هاتوچۆ لەسەرتاسەری وڵات بۆ ماوەی یەك هەفتە لە سبەی یەكشەممەوە.

عومەر وائیلی، ئەندامی لیژنەكەو سەرۆكی دەستەی دەروازە سنورییەكانی عێراق، لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرایكرد: لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتیی نیشتمانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، بە سەرۆكایەتی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و بە بەشداری لیژنەی شانەی قەیرانی پەرلەمان كۆبۆتەوەو چەند بڕیارێكی دەركردوە، لەوانە درێژكردنەوەی قەدەغەی هاتوچۆ لەسەرتاسەری عێراق بۆ ماوەی یەك هەفتە كە لە سبەی یەكشەممە 31ی ئایارەوە دەستپێدەكات.

ئەوەشی خستەڕو كە هەروەها بڕیاردراوە بە راگرتنی گەشتی گەڕاندنەوەی ئەو عێراقیانەی لە دەرەوەی وڵاتن بۆ ماوەی یەك هەفتە بەمەبەستی ئامادەكردنی پێداویستی پزیشكی تەواو بۆ پكشنینیان و جەختیش كراوەتەوە كە سزای هەر كەسێك دەدرێت پێشێلی قەدەغەی هاتوچۆ بكات.

ئەوەش لەكاتێكدایە پێشتر میدیا عێراقییەكان بڵاویان كردبوەوە كە قەدەغەی هاتوچۆ بۆ ماوەی دو هەفتە درێژكراوەتەوە.