دەزگای كاروباری مین: 2 ملیۆن مین لەژێر خاكی هەرێمی كوردستان ماون

جەبار مستەفا سەرۆكی دەزگای گشتی كاروباری مین لەهەرێمی كوردستان دەڵێت، 7 ملیۆن مین لەژێر خاكی هەرێمی كوردستان چێنراون و تاوەكو ئێستا نزیكەی 5 ملیۆنیان دەرهێنراوەو 2 ملیۆن مین ماوەتەوە.

جەبار مستەفا بە میدیای فەرمی یەكێتی وتووە، زۆرترین مین لەسەردەمی رژێمی پێشووی بەعس لەعیراق دانراوە نزیكەی 90% مینەكانی هەرێم تاكە كەسییە و ئەویتریش نزیكەی 10% ی مینی جۆری دژە تانكە.

رونیشیكردووەتەوە، لە رابردودا 776 كیلۆمەتری چوارگۆشە زەوی هەرێم بەمین چێنرابوو، تاوەكو ساڵی رابردوو 260 كیلۆمەتر چوارگۆشە ماوەتەوە واتا 516 كیلۆمەتری چوارگۆشە زەوی پاككراوەتەوە.

سەرۆكی دەزگای گشتی كاروباری مین وتوشیەتی، لەعیراقدا بەكۆی گشتی 20 ملیۆن مین چێنراون و 7 ملیۆنیان لەژێر خاكی هەرێمی كوردستان چێنراون و 65%یان دەرهێنراون یاخود پوچەڵكراونەتەوە واتا نزیكەی 5 ملیۆنیان دەرهێنراون و 2 ملیۆن مین ماونەتەوە.

سەبارەت بە قوربانیانی مین ئاماژەی بەوەداوە، لەساڵی 1991ەوە تاوەكو ئەمساڵ 13 هەزارو 500 هاوڵاتی هەرێم بەهۆی تەقینەوەی مین گیانیان لەدەستداوە یاخود بریندار بوون، 38 كارمەندی دەزگای گشتی مینی هەرێم و رێكخراوە بیانیەكانیش گیانیان لەدەستداوە و 78 ترشیان بەهۆیەوە كەمئەندام بوون.