گرنگی و بایەخی دەسەڵاتی دادوەریی چییە؟

ڕێكخراوی ئاشتی بۆ مافەكانی مرۆڤ

گرنگی و بایەخی دەسەڵاتی دادوەریی چییە؟

پێشەکییەکی کورت

لەسەرتاسەری جیهاندا، کۆمەڵگاکان لێوان لێون لە مرۆڤی جۆراو جۆرو هەمەچەشن، مرۆڤی چاکەکارو خراپەکار، میهرەبان و دڵڕەق، شەرمن و دەملەڕوو، دەوڵەمەندو هەژار، هێمن و توڕە، ئازاو ترسنۆک، سەربەست و کۆیلە، جوامێرو ملکەچ، زاڵم و مەزڵووم، حەقخۆرو حەقخوراو، دەسەڵاتدارو بێدەسەڵات، دەستپاک و جەردە. بێکەس و کەسدار، بێلایەن و لایەندار، بێلانە و خاوەن تەلار، بێماڵ و خاوەن ماڵ، دیندارو بێدین، ستەمگەرو ستەملێکراو، برسی و تێر، سەرگەردان و خۆشگوزەران، حیزبی و ناحیزبی، نەخۆش و لەشساغ، خوێندەوارو نەخوێندەوار…هتد.

لێرەداو لەم نووسینەداو پەیوەست بە بابەتی دەسەڵاتی دادوەریی، قسە لەسەر دوو جۆر لە مرۆڤ دەکەین، جۆری یەکەمیان ئەو مرۆڤەیە ئەگەر دەستدرێژی نەکاتە سەر ئازادی کەسانی دیکە، ئەگەر ئازاری دەوروبەری نەدات، ئەگەر بە شێوەیەکی خراپ مامەڵە لەگەڵ خەڵکانی دیکە نەکات، ئەگەر ڕەفتاری ناشرین و دزێو نەنوێنێت، ئەگەر تاوان لە جۆری کوشتن و دزی و هەتکی ناموس و لاقەکردن ئەنجامنەدات، مورتاح نابێت و چێژ لە ژیانی تایبەت و شەخسی خۆی ناکات. ئەم جۆرە لە مرۆڤ بۆ ئەنجامدانی ئەو رەفتارە نامرۆڤانەیە، دەکرێت رابەرێک یان سەرکردەیەکی هەبێت یان نەیبێت، لەوانەیە ئایدۆلۆژیایەک پێی بکات یان هیچ ئایدۆلۆژیایەکیش لە ئارادا نەبێت. حیزبێک هانی بدات یان هیچ حیزبێک بوونی نەبێت. ئاینێک لە پشتییەوە بێت یان نەبێت. ڕەنگە هەمو ئەوانە بێت و رەنگە هیچ یەکێکیش لەوانە نەبێت، بەڵکو تەنها دەروونی نەخۆشی خۆیەتی وای لێدەکات بەو جۆرە هەڵسوکەوت بکات و ژیانی بەو شێوازە رێکبخات.

جۆری دووەمیان ئەو مرۆڤە داماو و بەستەمان و شەرمن و باڵشکاوەیە کە ناتوانێت بەرگری لە خۆی و لە مافەکانی بکات، ناتوانێت بە ئاشکراو بە دەنگی بەرز باس لە نەبوونی و نەهامەتی و ئەو ستەمانە بکات کە لێیدەکرێت، تەنانەت لە ترسان ناتوانێت سەر بەرز بکاتەوەو لەو کەسانە بڕوانێت کە ستەم و زوڵم و ناحەقی بەرامبەر دەکەن. زۆرجار ئەم جۆرە لە مرۆڤ بەهۆی نەبوونی یەکسانی و نەبوونی نادادپەروەرییەوە، نانی شەوانی نییە و بە سکی برسی شەو بەڕێدەکا، ژیان و گوزەرانی لەوپەڕی ناخۆشی و نەهامەتیدایە. لێرەدا پرسیارێک دێتە پێشەوە، ئەویش ئەمەیە: ئایا هیچ چارەسەرێک بۆ ئەو دوو جۆرە لە مرۆڤ هەیە؟ ئاخۆ دەکرێت لە ڕووی یاساییەوە چارەسەرێک بۆ ئەو دوو کێشە جیاوازە بدۆزرێتەوە؟ ئایا دەکرێت یاساو داگاکان چارەسەر هەم بۆ مرۆڤی خراپەکارو بەدکار و هەم بۆ مرۆڤی داماو و باڵشکاو بێنێتە ئارا. بۆ وەڵامی ئەو پرسیارانە، شارەزایان دەڵێن بەڵێ چارەسەری یاسایی گونجاو هەیە، ئەوان پێیانوایە جۆرێکی دیکە لە مرۆڤ هەیە کار بۆ چاکردنی مرۆڤی جۆری یەکەم دەکات و لە کێشەی مرۆڤی دووەمیش دەکۆڵێتەوەو چارەسەری دروستی بۆ دەخاتەڕوو. هەردوو جۆرەکەی مرۆڤ و هەردوو کێشەکە، دەکرێت لە ڕووی یاساییەوەو دواتر لە رێگەی دادوەرو دادگاکانەوە، هەم چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوەو هەم تا ئاستێکی زۆر سنوردار بکرێن. دادوەرو دادگاکان، دەتوانن سزای جۆری یەکەم بدەن و سنورێک بۆ رەفتارە ناشرین و نامرۆڤانەکەی دابنێن، هەروەها دەتوانن مافی خوراوی جۆری دووەمیش بۆ خاوەنەکەی بگەڕێننەوەو جەورو ستەمی لەسەر هەڵگرن.

لە مێژە وتراوە: دادوەرێکی دادپەروەرو دادگایەکی سەربەخۆ، وڵاتێکی سەلامەت و ئاسایش دەخولقێنێت. ئا لێرەوە بێ بوونی سیستمێکی دادوەریی بەهێزو بێلایەن و سەربەخۆ، بێ بوونی دادوەری ئازاو بوێرو دەستپاک و ئەمین، سەرکەوتن و بڵاوبوونەوەی دادپەروەری و یەکسانی و کەمبوونەوەی تاوان بە هەمو جۆرەکانییەوە، سەخت و دژوارە. هەمیشە لە ژینگەیەکی نایاسایی و نادادپەروەرو نا یەکساندا، کردەی جۆرە جیاوازەکانی تاوان لە زیادبوون و هەڵکشاندایە. لە بەرامبەردا زیندەگی بەشی زۆری دانیشتوان، لە لێواری نەبوونی کوشندە و گرانی گەورە نزیکدەبێتەوە. کۆمەڵگایەک دادگاو دادوەرەکانی لە ئاست پێویستدا نەبن، دەبێتە کۆمەڵگای چەتەو دزو مافیاو پڕ دەبێت لە تاوان و کەتن و کاری نامرۆڤانەو ناڕەوا. بۆچی؟ چونکە دادگاکان بنچینەو کۆڵەکەی سەرەکین لە پاراستنی مافی هاوڵاتیان و بەرگریکردن لە خەڵکانی بێ پشت و پەناو ستەملێکراو. ئەوە دادگاکانن رێگە نادەن دەسەڵاتداران و خەڵکانی دەستڕۆیشتوو، ستم و زوڵم لە خەڵکی بکەن و وڵات بکەنە موڵکی خۆیان و زۆرینەی خەڵکیش بکەنە رەعیەتێکی ملکەچ و گوێڕایەڵ. دادگاکان ئەو کایە گرنگەی کۆمەڵگایە کە بەشێکی پێشکەوتن و گەشەکردنی کۆمەڵگا پەیوەستە پێیەوە. لەخۆڕا نییە سەرۆک وەزیرانێکی بەریتانیا وتوویەتی: (کاتێک زانیم دادگاکانی دەوڵەتی بەریتانی باشن و وەک پێویست کارەکانی خۆیان ئەنجامدەدەن، دڵنیابووم بارودۆخی بەریتانیا زۆر زۆر باشە)، ئەم قسانە دەرخەری ئەو حەقیقەتەیە کە دەسەڵاتی دادوەریی چ رۆڵێکی گرنگ، لە ژیانی کۆمەڵگاو حکومڕانیدا دەگێڕێت. ئەو وتەیە پێمان دەڵێت مادام دەسەڵاتی دادوەریی لە جێگای خۆیدا ماوەو سەلامەتە، مادام ئەم دەسەڵاتە سەروەری خۆی لەدەست نەداوەو نەبووەتە داردەستی دوو دەسەڵاتەکەی دیکە (یاسادادان و راپەڕاندن)، مادام دادوەرەکان ویژدان و پیشەکەی خۆیان نەفرۆشتووەو بەرگری لە عەدالەت دەکەن، کەواتە وڵات سەلامەتە و دادپەروەریی بەرقەرارە. لێرەوە با بزانین دەسەڵاتی دادوەریی چییە و ئەرکەکانی چین؟

پێناسەی دەسەڵاتی دادوەریی

وەک هەر چەمکێکی دیکە، ئەم چەمکەش (دەسەڵاتی دادوەریی) پێناسەی جیاوازو جۆراو جۆر لەخۆدەگرێت، لەوانە دەسەڵاتی دادوەریی بریتییە لە دەستەیەکی سەربەخۆ بۆ دابەشکردن یان بڵاوکردنەوەی دادپەروەریی لەنێو ریزەکانی میللەتدا، لە رێگەی چارەسەرکردنی ئەو ناکۆکیانەی دەخرێتە بەردەستی. دەسەڵاتی دادوەریی سێیەم دەسەڵاتی دەوڵەتە و ئەو ناکۆکیانە یەکلایی دەکاتەوە کە ڕووبەڕووی دەکرێنەوە. دەسەڵاتی دادوەریی ئەو بەشەی دەوڵەتە کە بەرپرسە لە تەفسیرکردنی فەرمی بۆ یاساکان کە پەرلەمان دەریدەکات و حکومەتیش جێبەجێی دەکات. دەسەڵاتی دادوەریی بەرپرسە لە دادگاکانی دەوڵەت و لە بەدیهێنانی دادپەروەری لە نێوان هاوڵاتیاندا. دەسەڵاتی دادوەریی ئەو تاقە دەسەڵاتەیە کە بەرپرسیارەتی تایبەت بە خۆی هەیە و هیچ دەسەڵاتێکی دیکە نابێت و ناکرێت دەستوەربداتە کاروبارەکانییەوە. ئەم دەسەڵاتە لە رێگەی دادوەرو دادگاکانی و ئەنجوومەنی دادوەرییەوە، کار بۆ یەکلایکردنەوەی ناکۆکییەکان و هێنانەئارای دادپەروەری دەکات، جگە لەوە بەرپرسە لە رەوایەتی ئەو یاسایانەی لە وڵاتدا جێبەجێ دەکرێن. دەسەڵاتی دادوەریی جەوهەری پەیامی دەوڵەتە بۆ سەقامگیری دادی کۆمەڵایەتی نێوان دانیشتوانی وڵات و پارێزگاریکردن لە مافی سەرجەم هاوڵاتیان کە لە دەستوردا هاتووەو یاسا بەرکارەکانیش دەبێت پێیەوە پابەندبن.

پرنسیپی سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەریی

بوونی دەسەڵاتی دادوەریی چەند گرنگ و بایەخدارە، سەربەخۆیی و بێلایەنی دادوەرو دادگاکان لە یەکلاییکردنەوەی کێشە و ناکۆکییەکاندا، دوو هێندە گرنگ و بایەخدارە. لەبەر ئەوە هەردوو دەسەڵاتەکەی دیکە: یاسادانان و جێبەجێکردن، بۆیان نییە بە هیچ جۆرێک دەستوەردەنە نێو کاری ئەم دەزگا گرنگەوە. ئەگەر ئەو دوو دەسەڵاتەی دیکە دەستیان خستە نێو ئیشی دادگاکانەوە، ئەوا گەندەڵی و نادادپەروەری و ستەم و چەوساندنەوە لە وڵاتدا بڵاودەبێتەوە. بۆچی؟ چونکە پرنسیپی سەربەخۆیی دادگاکان، بنەمای سەرەکی و جەوهەرییە لە کاروبارەکانی دەسەڵاتی دادوەریی. بەو مانایەی دادوەر لە بڕیاردانیدا، کەسێکی سەربەخۆیەو ناچێتە ژێر فشاری لایەنەکانی دیکەوەو رەچاوی بەرژەوەندی شەخسی هیچ کەس و حیزب و لایەنێک ناکات. دادوەر کەسێکە لەساتەوەختی بەجێگەیاندنی ئەرکەکانی و تاکو ساتەوەختی دەرکردنی بڕیارەکان، دەبێت تا دوا سنور بێلایەن بێت و سەربەخۆیی خۆی لەدەستنەدات. دەسەڵاتی دادوەریی جیایە لە سەرجەم دەسەڵاتەکانی دیکە و لەسەر پرنسیپی سەربەخۆیی دامەزراوەو ئەرکی پاراستنی مافەکانی هاوڵاتی، بەدیهێنانی دادپەروەریی و یەسکانی و زامنکردنی ئازادییەکان و سەروەری یاسایە.

لەمڕۆدا مەسەلەی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەریی، بووەتە مەسەلەیەکی بەڵگە نەویست و لە بەشێکی وڵاتاندا کاریپێدەکرێت، بەتایبەت لە وڵاتانی دیموکراسی و ئەو وڵاتانەی رێز لە مرۆڤ و مافەکانی دەگیرێت. لێرەوە هیچ دەسەڵاتێک لەسەروی دەسەڵاتی دادوەرەوە نییە، تەنها دەسەڵاتی یاسا نەبێت و هیچ کەسێکیش بۆی نییە و ناتوانێت مەرج و ویستی خۆی بەسەر دادوەردا بسەپێنێت، تەنها ویژدانی دادوەر خۆی نەبێت. بۆ هیچ حیزب و گروپ و دەسەڵاتدارێکیش نییە فشار بخاتە سەر دادوەر تا لە بەرژەوەندی ئەوان قسە بکات و کێشەکان بۆ ئەوان یەکلایی بکاتەوە، بەڵکو دادوەر هەم پیشەکەی و هەم پێگەکەی و هەم ویژدانی، هەڵوێست و بڕیارەکانی دیاریدەکەن کە بێگومان دەبێت هەڵوێست و بڕیاری دادپەروەرانە بێت. ئەم حاڵەتانە چیمان پێدەڵێت؟ پێمان دەڵێت نە دەسەڵاتی یاسادانان و نە دەسەڵاتی جێبەجێکردن و نە دەسەڵاتی سەرکردەو رابەرو نە دەسەڵاتی سەرۆکی حیزب و مەکتەب سیاسییەکەی، نە دەسەڵاتی پیاوانی ئاینی، بۆیان نییە دەستبخەنە نێو کاروباری دەسەڵاتی دادوەرییەوە. بۆیان نییە هیچ کێشەو ناکۆکییەک کە لە پسپۆڕی دادوەرو دادگاکانە، وەربگرنەوەو خۆیان بڕیاری لەبارەوە بدەن. بڕیاردان لەدەرەوەی دادگاکان و بێ ئاگاداری دادوەرەکان، پێشێلکردنێکی روون و ئاشکرای یاسایەو دەستوەردانێکی حاشاهەڵنەگرە لە کاروباری دادگاکان.

پرنسیپی سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەریی، ئەو بنچینەیەیە کە پەیوەندی دەسەڵاتی دادوەری لەگەڵ دەسەڵاتەکانی دیکەی دەوڵەت رێکدەخات و لەسەر ئەو بنەمایەیە کە نابێت هیچ دەسەڵاتێکی دیکەی دەوڵەت دەست لەکاروبارەکانی دادگاوە وەربدات. ئەم پرنسیپە مانای وایە دادوەرەکان سەربەستن لە حوکم و بڕیارەکانیان و تەنها پابەندن بە یاساکانەوە. سەربەخۆیی دادگاکان لە وەزیفەکانیان، گەورەترین گەرەنتییە بۆ مافە گشتییەکان و مافە تایبەتییەکان.

دەسەڵاتی دادوەریی چۆن پارێزگاری لە سەربەخۆیی بوونی خۆی دەکات؟

پرنسیپی سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەریی، دەرئەنجامێکی حەتمییە بۆ پیادەکردنی پرنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان لەیەکتر. سەربەخۆیی بوونی دادگاکان، فاکتەرێکی بنەڕەتییە بۆ زامنکردنی بەهای مافەکان و ئازادییەکان و سەروەری یاساو بەدیهێنانی دادپەروەریی، وەلێ جێبەجێکردنی ئەو بەهایانەو پراکتیککردنیان لەسەرزەمینی واقیع، پێویستی بەوەیە دەسەڵاتی دادوەریی سەربەخۆ بێت و ئەم سەربەخۆیبوونەش پێویستی بە کۆمەڵێ گرەنتییە تا بڕواتە بواری کردەیی و عمەلییەوە، لەوانە:

 

1-دادگای دەستوری: کاری ئەم دادگایە بریتییە لە رەقابەی دەستوری بۆ دەستوریبوونی یاساکان، دادگای دەستوری عادەتەن لە دەستەیەک دادوەری سەربەخۆ پێکدێت، دەستور هەمواردەکاتەوەو پرنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان لەیەکتری، بەهێزترو تۆکمەتر دەکات، بەرگری و پارێزگاری لە ماف و ئازادییەکان دەکات کە لە دەستوری دەوڵەتدا ئاماژەیان پێدراوە. جگە لەوانە ئەم دادگایە مافی ئەوەی هەیە بەسەر هەمو ئەو بڕیارانەدا بچێتەوە کە لە دادگاکانی دیکەوە دەرچوون، ئەگەر بێت و داوای لێبکرێت.

2-سەربەخۆیی کارگێڕی/ ئیداری: بۆ ئەوەی سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەریی بەدیبێت، پێویستە لە مەسەلە کارگێڕییەکانیدا سەربەخۆبێت، خۆی کاروبارە کارگێڕییەکانی رێکبخات، لەوانە دامەزراندنی دادوەرەکان، گواستنەوەی دادوەرەکانی و بەرزکردنەوەی پلەکانیان و لێپرسینەوەیان لەکاتی بوونی هەڵەو ناتەواوی دوور لە دەستتێوەردانی دەسەڵاتەکانی دیکە. سەربەخۆیی ئیداری وا دەکات دادوەر، دادپەروەرانە حوکم بکات بێ بوونی فشاری دەرەکی.

3-سەربەخۆیی دارایی: بەو مانایەی هەم دادگاکان و هەم دادوەرەکان، لە کاروباریی دارایدا سەربەخۆبن و بودجەیەکی سەربەخۆو تایبەتیان بۆ تەرخانکرابێت. واتە باشترە دەسەڵاتی دادوەریی لە ڕوویی داراییەوە، پەیوەست نەبێت بە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە یان بە وەزارەتی دادەوە. ئەمەش بۆ ئەوەی پرۆسەی دادگایکردنەکان لە دەوڵەتدا، بە ڕەوتی ئاسایی خۆیدا بڕوات و نەکەوێتە ژێر رەحمەتی وەزارەتی داد یان ئەنجومەنی وەزیران. سەربەخۆیی دارایی زامنێکی گرنگی کاری ئەم دەسەڵاتەیە.

ئەو رەگەزانەی دەسەڵاتی دادوەریی پشتی پێدەبەستێت

1-مافی دادگاییەکی دادپەروەرانە کە خۆی لەم خاڵانەی خوارەوەدا دەبینێتەوە:

*هەر کەسێک دادگایی دەکرێت، بێ تاوانە تا ئەو کاتەی دادگا تۆمەتەکەی لەسەر ساغدەکاتەوە.

*مافی هەموو کەسێکە لە کاتی دادگایکردنیدا پارێزەرێکی هەبێت، ئەگەر ئەو کەسە نەیتوانی پارێزەر بگرێت، ئەوا لەسەر دەوڵەت پێویستە پارێرزەری بۆ بگرێت.

*پارێزگاریکردن لە مافەکانی تۆمەتبار.

*هەر کەسێک تۆمەتبار کراو حوکمدراو سزای بۆ دەرچوو، بۆی هەیە لە دادگایەکی باڵاتر، پێداچوونەوە بە بڕیاری حوکمەکەی و سزاکەیدا بکاتەوە. لە حاڵەتی بوونی بەڵگەی تازە، دەکرێت بڕیاری حوکمەکەی گۆڕانی بەسەردابێت و مافی خۆیەتی داوای سەرلەنوێ دادگایکردنی بکاتەوە. لە لایەکی دیکەوە ئەگەر دادگا بێتاوانی تۆمەتبارێکی راگەیاند یان سزایەکی سوکی دا، داواکاری گشتی بۆی هەیە پێداچوونەوە بە بڕیارەکەی دادگادا بکات.

2-حوکمی یاسا، دادوەران پێویستە لەسەریان تەنها پابەندی یاسابن. لە دادگاکاندا دوو ئاراستە هەیە بۆ مانای حوکمی یاساو بۆ مانای پابەندبوونی دادوەران بە یاساوە کە بریتین لەمانەی خوارەوە:

*ئاراستەیەکی شکڵی: بە پێی ئەم ئاراستەیە، دادوەران یاساکان چۆنن، ئاوا وەک خۆیان و بە تەواوی مانا جێبەجێ دەکەن، واتە جێبەجێکردنێکی حەرفی یاساکە. پێیانوایە ئەگەر لە کێشەیەکدا دەقێکی یاسایی سەریح نەبێت بۆ چارەسەرکردنی، ئەوا نابێت لەو کێشەیەدا بڕیار دەربکەن. ئەو کێشانە دەگەڕێنرێنەوە بۆ لای دەسەڵاتی یاسادانان تا بڕیار بدات یان تا ئەو ناتەواوییە تەواو بکات و دەقێکی یاسایی بۆ دەربکات.

*ئاراستەیەکی چالاک/جەوهەری: بە پێی ئەم ئاراستەیە، دادوەران لە بڕیارەکانیاندا تەنها پابەندی حەرفی دەقە یاساییەکان نابن، بەڵکو یاساکان تەفسیر دەکەن و بەپێی بەها دیموکراتییە پەسەندکراوەکانی نێو کۆمەڵگا، دەلالەتی تازە بە یاساکان دەدەن. لە کاتی نەبوونی دەقێکی یاسایی سەریح بۆ کێشەیەک، خۆیان تەشریعێکی یاسایی بۆ دادەنێن کە لەگەڵ بەهاو پرنسیپەکانی دەوڵەتدا گونجاوبێت.

3-هەموان لەبەردەم یاسادا یەکسانن، ئەمە بەسەر دەسەڵاتداران و میللەتدا وەک یەک جێبەجێ دەکرێت.

4-ئاشکرایی دانیشتنەکان، دانیشتنەکانی دادگا بە ئاشکرا ئەنجامدەدرێن، تەنها ئەو کێشانە نەبێت کە پێویستە بە نهێنی بەڕێوەبچن، وەک کێشەکانی تایبەت بە ئەمن و ئاسایش و کەم ئەندامان.

5-کارکردن بە پرنسیپی زۆرینە، لەو دادگایانەی پێکهاتەکەی لە سێ دادوەر یان زیاتر پێکهاتووە، بڕیاردان بە پێی پرنسیپی زۆرینە دەبێت، لەگەڵ رەچاوکردنی بیروڕای کەمینە.

دواجار دادوەر نە پۆستێکی ئاسانە و نە پۆستێکی خۆشە (مریح)، هەر بۆیە دەوترێت ئەرکی سەر شانی دادوەر هێند قورس و سەختە، شاخەکان ناتوانن بەرگەی بگرن. بۆچی؟ چونکە ئەو راستەوخۆ پەیوەستە بە کێشەی خەڵکەوە، زۆرجار ژیانیان لەسەر بڕیارێکی ئەو رادەوەستێت، ناکۆکییەکانی نێوانیان چارەسەر دەکات، بێ پەروا هەوڵدەدات بگات بە دادپەروەریی، یەکسانی لە مافەکان، بەزەیی و رەحمەت، سزادانی تاوانبار، رزگارکردنی بێ تاوان، لەسەرو هەمو ئەوانەوە هەوڵدەدات کار بە رۆحی یاساکان بکات و دادپەروەریی بەدیبێنێت، لەم رێگەیەوە وانەیەک بە تاوانباران بدات و هەوڵی چاکردن و هێنانە سەر رێگای راستیان بدات. ئا لێرەوە گرنگترین مەسەلەیەک کە دادوەر پێشکەشی کۆمەڵگای دەکات بریتییە لە دادپەروەریی. دادپەروەریی بەو مانایەی بەرگریکردن لە مافی هاوڵاتیان، جیاوازی نەکردن لە نێوان دەوڵەمەندو هەژار، نێر و مێ، دەسەڵات و بێ دەسەڵات، منداڵی بەرپرس و خانەدان لەگەڵ منداڵی بێ کەس و نەبوو.

دادپەروەریی تەنها پەیوەست نییە بە دانیشتوانی وڵاتەوە، بەڵکو سەرجەم ئەو بیانیانەش دەگرێتەوە کە لە وڵاتانی دیکەوە هاتوون و بوونەتە دانیشتووی وڵات. هیچ دادپەروەرییەک لەوەدا نییە جیاوازی لە نێوان هاوڵاتیانی وڵات و ئەوانەی لە دەرەوە راهاتوون بکەین. بۆ نموونە سەروەختێک دادوەرێک لەبەردەم کێشەیەکدایە کە بکەرەکانی لە کوردو عەرەب و تورکمان پێکهاتوون، لەم کێشەیەدا دادپەروەری ئەوەیە بە یەک چاو تەماشای ئەو بکەرانە بکرێت و هیچ جۆرە جیاوازییەک لە نێوانیاندا نەکرێت. زمانی دادپەروەریی لە دادگاکاندا، زمانێکە خاوەنی چەند وشە و مانایەکە کەس دەرکی پێناکات تەنها ئەوانە نەبن کە شارەزایی هونەری یەکسانین لە نێوان تاکەکانداو بۆ بڕیاردان جیاوازی لە نێوان تاکەکان ناکەن.