لە کۆی 4186 ڕووداو 128 هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە

ئیدارەی ڕاپەڕین لە سنوری پارێزگای سلێمانی بەیەکێک لە دەڤەرە بەرفراوانەکانی کوردستان دادەنرێت ، بەپێ ی ئاماری پۆلیسی ڕاپەڕین لە ساڵی 2019 دا (4186) ڕووداوی جیاجیا ڕوویانداوە کە بەوهۆیەوە 128هاوڵاتی گیانیان لەدەست داوە .
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی دا ، شۆڕش ئیسماعیل ، وتەبێژی بەڕێوە بەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین ڕایگەیاند ” لە سنوری بەڕێوەبەرایەتیمانداو لە ساڵی 2019 دا (4186)ڕووداو تۆمار کراون کە (2614) ڕووداو لە قەزای پشدەر و (1572) ڕووداو لە قەزای ڕانیەدا ڕوویانداوە ، کە 3242 دۆسیە بە ئەنجام گەیەنراون و 944 دۆسیە لە لێکۆڵینەوەدا ماونەتەوە ” .
ناوبراو وتیشی “لە کۆی ڕووداوەکان 2384 کەس دەستگیرکراون و ڕاگیرکراون و بەپێ ی بڕیاری دادوەر وە بە هۆکاری جیاجیا 165 تۆمەتبار دەستگیرکراون . وە لە ساڵی 2019 دا 128 کەس بەهۆکاری جیاجیا گیانیان لەدەست داوە و 953 کەسی تر لە ڕووداوی جیاجیادا بریندار بوون ” .
بە پێ ی ئاماری پۆلیس لە ساڵی 2018 دا (4315) ڕووداو هەبووە و لە ساڵی 2019 دا (4186) ڕووداو هەبووە ، بەو پێ ڕووداوەکانی ساڵی 2019 کەمیان کردووە .
