تەندروستیی جیهانی: شەپۆلەكانی كۆرۆنا تا زستانی داهاتوو بەردەوام دەبێت

رێکخراوی ئاشتی بۆ مافەکانی مرۆڤ

نوێنەری رێكخراوی تەندروستیی جیهانی لە عێراق رایدەگەیەنێت، شەپۆلەكانی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ تا وەرزی زستانی داهاتوو بەردەوام دەبێت.

د. ئەدهەم ئیسماعیل نوێنەری رێكخراوی تەندروستیی جیهانی لە عێراق رایدەگەیەنێت، لە ماوەكانی رابردوودا رێوشوێنی باش بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای كۆرۆنا لە عێراق گیراونەتەبەر، بەڵام توندی لە جێبەجێكردنی وەك پێویست نەبووە.

ئاماژە بەوە دەکات، ئەگەر هاووڵاتییان پابەند نەبن بە رێوشوێنەكانی خۆپارێزی، ئەوا عێراق دەبێت بە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی پەتاكە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

نوێنەری رێكخراوی تەندروستیی جیهانی لە عێراق ئاشکراى دەکات، بەهۆی ئەوەی تائێستا چارەسەر و ڤاكسین بۆ پەتای كۆرۆنا نەدۆزراوەتەوە، شەپۆلەكانی بڵاوبوونەوەی پەتاكە تا وەرزی زستانی داهاتوو بەردەوام دەبێت.

تا ئێستا لە عێراق (13) هەزار و (481) كەس تووشی ڤایرۆسى كۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەیش (370) توشبوو گیانیان لەدەستداوە و پێنج هەزار و (572)ى دیكەیش چاكبوونەتەوە.