له‌گه‌ڵ سه‌ردانه‌كه‌ی‌ نێچیرڤان بارزانی بۆ ئه‌و وڵاته‌،‌ تورکیا بۆردومانی دەڤەری برادۆست‌ ده‌كات

 

هاوكات له‌گه‌ڵ سه‌ردانه‌كه‌ی‌ نێچیرڤان بارزانی بۆ ئه‌و وڵاته‌، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای‌ تورکیا بۆردومانی چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستانیان کرد لەدەڤەری برادۆست‌و تا ئێستاش بۆردومانەکە بەردەوامە.

جەلال عوزێر، موختاری گوندە سنورییەکانی ناحیەی سیدەکانی سەر‌بەقەزای سۆران بەسایتی‌ ناس کوردی ڕاگەیاندووه‌، ” بۆردومانەکە زیاتر لە 20 خولەکە دەستیپێکردوەو تا ئێستاش بەردەوامە، بەوهۆیەشەوە ترس‌و دڵەڕاوکێ لای هاوڵاتییان‌و گوندنشینانی دەڤەری برادۆست دروستبووە”.

ناوبراو باسی لەوەشکردووه‌ كه‌ ناوچەی لۆلان‌و خنێرەو کانی خومارۆ، لەلایەن فڕۆکەکانی تورکیاوە بۆردومان دەکرێت.

جەلال عوزێر ده‌ڵێت، تا ئێستا هیچ زانیارییەکیان لەبارەی زیانە گیانی‌و ماددیەکانی بۆردومانەکەوە پێنەگەیشتووە.

بەیانی ئەمڕۆ هه‌ینی،‌ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە ئەنقەرەو له‌گه‌ڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیاو مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبوەوە.

مەولود چاوشئۆغلۆ لەهەژماری رەسمی خۆی لەتویتەر نوسیویه‌تی‌، له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی گفتوگۆیان لەسەر پەیوەندییەكانیان كردووه‌ بەتایبەت شەڕی هاوبەش لەدژی پارتی كرێكارانی كوردستان -په‌كه‌كه‌.