دەستدرێژیكردنە سەر فەرمانبەر و خزمەتكاری گشتی

دەستدرێژیكردنە سەر فەرمانبەر و خزمەتكاری گشتی

فەرمانبەر، بریتییە لە هەر كەسێك كە فەرمانبەریەتی هەمیشەیی پێسپێردراوە لە میلاكی تایبەت بە فەرمانبەران‌و لە ناو وەزارەتێك یان فەرمانبەرێكی نەبەستراو بە وەزارەت‌و موچە لە بوودجەی دەوڵەت وەربگرێت یان وەرگرتنی ئەو موچانەی كە بە بوودجە دەوڵەت لكاون. هەرچی چەمكی خزمەتكاری گشتییە، ئەوا ئەم كەسانە دەگرێتەوە كە بەپێی یاسا خزمەتی گشتیان پێسپێردراوە، وەكو زانای ئاینی (مەلا)و قەشەو موختاری گوند یا گەرەك…هتد. ئەم فەرمانبەر و خزمەتكارانی گشتی، لە هەر ڕۆژگارێك‌و لەناو هەر نەتەوەیەكی پێشكەوتوودا، دارو دەستەی حوكمڕانین، كەواتە چاكبوون‌و پاكی كەسایەتی فەرمانبەر بە سیستەمی حوكڕانی چاك‌و پاكەوە بەندە، بەپێچەوانەشەوە، خراپی‌و گەندەڵی فەرمانبەر، خولقێنەری حوكمڕانێكی گەندەڵ‌و خراپە.
فه‌رمانبه‌ران لەگەڵ هەموو ئەو خزمەتە زۆرەی بە هاوڵاتیان دەبەخشن، زۆرجار كەسانێك ئیستغلالی پیشەكە دەكات‌و دەستدرێژی دەكاتە سەر فەرمانبەر یاخود هەر كەسێك كە خزمەتی گشتی دەكات.
لە پێناو پاراستن‌و پارێزگاری كردن لە مافەكانی فەرمانبەران، هەروەها لە پێناو ئەوەی كەوا فەرمانبەر بەوپەڕی دڵنیاو بەبێ‌ ترس ئەركە یاساییەكانی بەجێ بگەیەنێت، یاسا لە ڕێگەی كۆمەلێك لە بڕگەو ماددەی یاسایی پارێزگاری لە فەرمانبەران دەكات‌و هەموو جۆرە دەستدرێژی كردنەسەریان بەتاوان داناوەو سزای بۆ بكەرەكەی بڕیارداوە.
یاسادانەری عێراقی لە یاسای سزاداندا، لە زۆرینەی تاوانەكان دەستدریژی كردنەسەر فەرمانبەر و ئەو كەسەی خزمەتی گشتی دەكات، بە بارودۆخی توندكردنی سزای داناوە، واتە سزای ئەو تاوانبارە قورستر دەكرێت ئەگەر لەكاتی كارەكەی یان بەهۆی كارەكەی دەستدرێژیان بكاتەسەر.
یاسادانەر بەشی دووەمی یاسای سزادانی تایبەتكردووە بە دانانی سزا بۆ ئەو كەسەی دەستدرێژی دەكاتە سەر فەرمانبەر یان كەسانی دیكە كە خزمەتی گشتیان لە ئەستۆدایە، لە ماددەی (229)ی یاساكەدا هاتووە (( بە حەپسكردن سزا دەدرێت، هەر كەسێك سووكایەتی بە فەرمانبەر یان خزمەتكارێكی گشتی یان ئەنجوومەنێك یاخود دەستەیەكی فەرمی بكات لە كاتی بەجێگەیاندنی كارەكەیان یاخود بەهۆی كارەكەیان)).
كەواتە بەپێی ئەم ماددەیە، هەر جۆرە سووكایەتی كردنێك بە فەرمانبەر لەكاتی كارەكەی یا بەهۆی كارەكەی دەچێتە خانەی تاوان‌و سزای بكەرەكەش بریتییە لە حەپسكردن.
ماددەی (230)ی یاساكە باسی حاڵەتێكی تری دەستدرێژیكردنە سەر فەرمانبەر و خزمەتكاری گشتی دەكات‌وتێیدا هاتووە (( بە حەپسكردن سزا دەدرێت كە لە ساڵێك كەمتر نەبێت، هەر كەسێك دەستدرێژی بكاتە سەر فەرمانبەرێك یان ئەوەی خزمەتی گشتی دەكات، یاخود دەستدرێژی كردنە سەر ئەنجوومەنێك یا دەستەیكی فەرمی لە دادگا یاخود لە یەكەی كارگێری، لە كاتی ئەنجامدانی ئەركەكەی یاخود بەهۆی كارەكەی، سزاكەی دەبیتە گرتن بۆ ماوەیەك لە (2) ساڵ كەمتر نەبێت، ئەگەر هاتوو بەهۆی بەرهەڵستی‌و توندوتیژیەكە، برینداربوون یاخود زیانی لەگەڵدابوو، سزای تاوانبار دەبێتە سجنكردن بۆ ماوەیەك لە (7) ساڵ زیاتر نەبێت یاخود حەپسكردن لە (3) ساڵ كەمتر نەبێت، ئەگەر هاتوو بوە هۆی ئازاردان یاخود برنداركردنی دادوەر یاخود ئەو كەسەی پلەی بەڕێوەبەری گشتی و زیاتر بێت، ئەگەر دەستدرێژیەكە لە كاتی ئەنجامدانی كارەكەی بوو یاخود بەهۆی كارەكەی بوو. هەروەها ئەگەر ئەم سزایە كاریگەری نا بێت لەسەر سزای قورسەكانی تاوانەكانی تری وەكو لێدان‌و برینداركردن‌و هەرەشە…هیتر)).
لە ماددەی (232)ی یاساكەدا هاتووە (( بە گرتن سزا دەدرێت لە (3) ساڵ زیاتر نەبێت یاخود غەرامە دەكرێت، یان بە یەكێك لەم دوو سزایە سزا دەدرێت، هەر كەسێك بە مەبەست ڕێگری لە فەرمانبەرێك یاخود خزمەتكارێكی گشتی بكات كە ئەركەكەی بەجێنەگەیەنێت)).
كەواتە بە گوێرەی ئەم دوو ماددەی سەرەوە، ڕێگریكردن لە فەرمانبەر بۆ ڕایی نەكردنی كارەكەی یاخود دەستدرێژیكردنە سەر و ئازاردانی تاوانن‌و سزا بۆ دەستدرێژی كارەكە دانراوە، ئەگەر هاتوو دەستدرێژیەكە بۆسەر دادوەر یاخود بەڕێوەبەرێك بوو، بەڵام لە كاتی كارەكە یاخود لە دەرەوەی كارەكە بەڵام هۆكاری دەستدرێژیەكە كارو وەزیفەی فەرمانبەریەكە بێت، ئەوا سزای تاوانبار توندتر دەبێت.
سەرەڕای ئەمانەش، بە گوێرەی ماددەی (232)ی یاساكە، دەستدرێژكردنەسەر فەرمانبەرو خزمەتكاری گشتی بەم شێوەی لە ماددەكانی سەروە ئاماژەی پێكراوە، بارودۆخی توندكردنی سزا بەسەر تاوانبار دەسەپێنرێت، ئەگەر هاتوو لە كاتی ئەنجامدانی كردارە تاوانیەكە پێشتر نەخشەو پلانی بۆ دارشتبوو، یاخود ئەگەر (5) كەس یان زیاتر دەستدرێژی بكەنە سەر فەرمانبەر یاخود خزمەتكاری گشتی، یاخود تاوانبارەكە بە ئاشكرا چەكی هەڵگرت بێت لە كاتی تاوانی دەستدرێژیەكە. هەموو ئەو كردارانەش لە مافی گشتین‌و داواكاری گشتی مافی تۆماركردنی سكاڵای هەیەو ئەگەر فەرمانبەرەكەش لە تاوانبار خۆش بێت، ئەوا مافی گشتی تاوانبارەكە بە سزا ئەگەیەنێت‌و لێی خۆش نابێت.
…………………….

تاگەکان :