بەهۆی جلە كوردییەكانییەوە، سەرۆكی یانەی دهۆك لە ئامەد لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی توركیاوە دەستگیركرا

ئەمڕۆ یەكشەممە، د. عەبدوڵا جەلال، سەرۆكی یانەی دهۆك بۆ پشتیوانی لە یانەی ئامەدسپۆر، بەجلی كوردییەوە روی لە یاریگای ئەو یانە كردوە لە شاری ئامەدی باكوری كوردستان، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی توركیاوە رێگری لێكراوەو بۆ ماوەی یەك سەعات دەستگیركراوە.

د. عەبدوڵا جەلال، سەرۆكی یانەی دهۆك لە لێدوانێكدا وتویەتی، لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی توركیاوە داوای لێكراوە جلەكانی بگۆڕێت بۆ ئەوەی رێگەی بدەن بچێتە نێو یاریگای یانەی ئامەدسپۆرو لەبەر ئەو هۆكارە بۆ ماوەی سەعاتێك دەستگیركراوە.

سەرۆكی یانەی دهۆك وتوشیەتی، دواتر بە هەوڵی سەرۆكی شارەوانی ئامەد ئازادكراوە.

هاوكات شڤان ئەتروشی، بەرپرسی راگەیاندنی یانەی دهۆك وتویەتی، سەرۆكی یانەكەیان ویستویەتی بۆ پشتیوانی لە تیمی یانەی ئامەدسپۆر بچێتە نێو یاریگای ئەو یانەیە لە ئامەد كە لەچوارچێوەی خولی یانە پلەیەكانی توركیادا یاری هەبوە، بەڵام هێزە ئەمنییەكانی توركیا، بەهۆی ئەوەی جلی كوردی لەبەردا بوە رێگەیان نەداوەو دەستگیرییان كردوە.

شڤان ئەتروشی وتوشیەتی، سەرۆكی یانەی دهۆك دواتر سەرۆكی شارەوانی ئامەد دەستوەردانی كردوە و ئازادكراوەو رێگەی پێدراوە بچێتە یاریگاكە.

تاگەکان :