شەنگال تەرمی كچێكی 18 ساڵانی ئێزیدی 18 لەماڵەكەی خۆیدا بە هەڵوەسراوی دۆزرایەوە

رێكخراوی ئاشتی بۆ مافەكانی مرۆڤ

شەنگال؛ تەرمی كچێكی 18 ساڵانی ئێزیدی 18 لەماڵەكەی خۆیدا بە هەڵوەسراوی دۆزرایەوە

شەنگال؛ تەرمی كچێكی 18 ساڵانی ئێزیدی 18 لەماڵەكەی خۆیدا بە هەڵوەسراوی دۆزرایەوە

کچێکی تەمەن 18 ساڵی ئێزیدی، لە ماڵەكەی خۆیدا لە شنگال، بە خنكاندن گیانی لەدەستدا، لەوكاتەی دایك و باوكی دەبینن لە ژورەكەیدا هەڵواسراوە و پەتێك لە ملیدایە.

ڕێكخراوی ئاشتی بۆ مافەكانی مرۆڤ  : ئەم روداوە لە ناوەندی قەزای شنگال، بەرەبەیانی هەینی 13ی ئەیلول پێی زانراوە، روداوەكە لەكاتێكدابو كە تا كاتژمێر 8ی شەوی پێشتر ئەو كچە (هەیام خەڵەف) لەگەڵ كەسوكارەكەی لە نێویاندا دایك و باوكی لە رێوڕەسمی جەژنی جەما بون.

خەڵەف باپیر، باوکی هەیام کە خۆی هونەرمەندە و بۆ گۆرانی وتن بۆ ئاهەنگەكە بانگهێشتكرابو، بە (كەركوك ناو)ی وت “تەواوی خێزانەكەمان رۆیشتین، هاوژین و هەمو منداڵەكانم برد، تا كاتژمێر هەشتی شەو لەوێ ماینەوەو دواتر گەڕاینەوە بەبێ ئەوەی هەست بە هیچ كێشەیەك بكەین، بەرەبەیانی هەینی كاتێك زانیمان كچەكەم لە ژورەوە بە پەت خۆی هەڵواسیوە و خۆی خنكاندوە”.

وتیشی”یەکسەر پۆلیسی ناوەندی شەنگالم ئاگاداركردەوە، لێكۆڵینەوەیان كرد و تەرمی هەیامی كچم رەوانەی پزیشكی دادوەری موسڵ كرا.”

هەلۆ شەمۆ، دایكی هەیام قسەی بۆ (كەركوك ناو) كرد و وتی “كچەكەم زۆر ئاقڵ و بێدەنگ بو، نەمبیستوە هیچ كێشەیەكی لەگەڵ كەس هەبێت، هەستناكەم كێشەی خۆشەویستیشی هەبوبێت… هیچ گومانێك نابەم بۆ ئەم روداوە”.

جەژنی جەما، بۆنەیەكی ئایینی پێكهاتەی ئێزدییە‌و پێنجشەممە لە چەند مەزارگەیەكی ئەو پێكهاتەیە لە عیراق دەستی پێكرد، بەتایبەت لە قەزای شنگال لە نەینەوا.

ئێزیدییەكان ساڵانە بە ئاهەنگ ‌و سروتە ئاینییەكانی تایبەت بە خۆیان مەراسیمەكانی ئەو جەژنە بەڕێدەكەن و چەند رۆژێك دەخایەنێت.

بۆ ئەمساڵ، هەیام و خێزانەكەی چونە مەزارگەی پیری ئاورە لە شنگال و بەشدارییان كرد.

بەپێی ئامارێكی وەزارەتی ناوخۆی عیراق لە پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 199 حاڵەتی خۆكوشتنی ژنان لە عیراق تۆماركراوە. تەواوی ساڵی 2018ەش 519 حاڵەت، بەڵام لە ساڵی 2017 440 حاڵەت بوە. بەڵام هێشتا كەیسی گیانلەدەستدانی هەیام لای پۆلیسە و یەكلایینەبۆتەوە.