رۆژهەڵاتى کوردستان.. مستەفا سەلیمى لەسێدارەدرا

رێكخراوی ئاشتی بۆ مافه‌كانی مرۆڤ، بەرەبەیانى ئەمڕۆ مستەفا سەلیمى کە لە زیندان هەڵاتبوو، حوکمى لەسێدارەدانى بەسەردا جێبەجێکرا.

رێكخراوی ئاشتی بۆ مافه‌كانی مرۆڤ، بەرەبەیانى ئەمڕۆ شەممە ١١ى نیسانى ٢٠٢٠ حوکمی لەسێدارەدانى مستەفا سەلیمی لە بەندیخانەی ناوەندیی شارى سەقز جێبەجێکراوە. پێشتریش کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردۆتەوە، مستەفا سەلیمی زیندانی سیاسی کورد بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حزبەکانی رۆژهەڵات سزای زیندانی بەسەردا سەپێنرابوو، یەکێک بووە لەو زیندانیانەی لە ماوەی رابردوودا توانیوبوویان لە زیندانی سەقز هەڵبێن و دواى ئەوەى روویکردە هەرێمی کوردستان، لە پێنجوێن دەستگیركرا و رادەستی هێزە ئەمنیەکانی ئێران کرابوەوە. ئەوەش لە کاتێکدایە، رۆژی ٢٧ ی ئادارى ٢٠٢٠، نزیکەی ٨٠ بەندکراو لە گرتوخانەی سەقز توانیان هەڵبێن و دوای دە رۆژ راگەیەنرا کە مستەفا سەلیمی دەستگیرکراوەتەوە. مستەفا سەلیمى ماوەی چەند ساڵێک پیشمەرگەی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بووە، دوای جیابوونەی لەو حزبە گەراوەتەوە شاری سەقز.