ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی: رێژەی دەستگیرکردنی تۆمەتباران بەراورد بە ساڵی رابردوو کەمیکردووە

 

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی دەستگیرکردنی 97 تۆمەتباری لەسەر چەندین دۆسیە و تاوانی جیا لە ماوەی چوار مانگی رابردوو راگەیاند. بە گوتەی لێپرسراوی بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی، رێژەی دەستگیرکراوەکان بەراورد بە چوار مانگی یەکەمی ساڵی 2019 کەمیکردووە.
نەقیب رێژین ساڵح حەمە، لێپرسراوی بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا ئاماری کار و چالاکییەکانی سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکەیانی لە ماوەی چوار مانگی رابردوو خستەڕوو و راگەیان “لە ماوەی 1ی کانوونی دووەمی 2020 تاوەکو 1ی ئایار، 97 کەس لەسەر 65 تاوانی جیاجیا دەستگیرکراون”.
لێپرسراوی بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی دەڵێ “لە کۆی ئەو 97 تاوانبارەی دەستگیرکراون 74یان ئازادکراون و 23یان لە ماوەی راگرتنی لێکۆڵینەوەدان، لەسەر بەکارهێنان و بازرگانیکردنیش بە ماددە هۆشبەرەکان لەنێو دەستگیرکراوەکاندا 20 کەس هەن، کە 13یان بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەرن، حەوتیشیان بازرگانی ماددەی هۆشبەرن”.
بە گوتەی رێژین ساڵح “بەراورد بە چوار مانگی یەکەمی ساڵی 2019، رێژەی دەستگیرکراوان لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی کەمیکردووە”.