پیاوێك ژنە دووگیانەكەی خۆی دەكوژێت

ڕێكخراوی ئاشتی بۆ مافەكانی مرۆڤ

پیاوێك ژنە دووگیانەكەی خۆی دەكوژێت

نەجیبە چاوەڕێی دەكرد منداڵەكەی لەدایك ببێ‌، بەڵام مێردەكەی نەیهێشت منداڵەكەی ببینێ‌ و بە دوو گوللە كۆتایی بە ژیانی هێنا. لە دوای كوژرانی نەجیبە، پزیشكەكان ژیانی منداڵەكەیان رزگار كرد.
سەعات شەشی ئێوارەی رۆژی 26-10-2019 لە گەڕەكی قولەرەیسی شاری سلێمانی، ئافرەتێكی تەمەن 37 ساڵ بەناوی نەجیبە عەبدولكەریم كە دایكی چوار منداڵە و منداڵی پێنجەمیشی لەنێو سكیدا بوو، بەدەستی هیوای مێردی كوژرا.
نەقیب سەركەوت ئەحمەد، بەرپرسی راگەیاندنی پۆلیسی سلێمانی  راگەیاند: “دوای ئەوەی  دراوسێكانی ئەو ژنە، پۆلیسیان لە رووداوەكە ئاگادار كردەوە، پۆلیس چوونە شوێنی رووداوەكە و بە ئۆتۆمبێلی فریاكەوتن ژنەكەیان گواستەوە نەخۆشخانە. كەسوكاری ژنەكەش لە نەخۆشخانە سكاڵایان لەسەر پیاوەكە تۆمار كرد”.
 سەبارەت بە هۆكاری كوشتنی ئەو ئافرەتە، نەقیب سەركەوت گوتی: “كەسوكاری ئەو ئافرەتە تا ئێستا نەهاتوون بۆ ئیفادە، هاوژینەكەشی هەڵاتووە، بەڵام بە گوێرەی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان كێشەیان هەبووە، پیاوەكە ماوەیەك بوو ماڵی جێهێشتبوو”.
گوتیشی: “پۆلیس بەدوای پیاوەكەدا دەگەڕێ‌ دەستگیری بكات”.
 حەسەن عەبدولكەریم، برای نەجیبە، دەڵێت خوشكەكەی ماوەی 17 ساڵە شووی بە هیوا كردووە، خوشكێكی دیكەشیان شووی بە برای ئەو پیاوە كردووە. تاوەكو ساڵێك پێش ئێستا نەجیبە هیچ كێشەی لەگەڵ هاوژینەكەی نەبوو.
حەسەن گوتی: “مێردی نەجیبە ساڵێك لەمەوبەر كێشەی زۆری بۆ دروست كردین، بیانووی بە هەموو شتێك دەگرت، سێ‌ گوللەی لە قاچی خوشكەكەم دا گوایە گومانی لێدەكات”.
خوشكی حەسەن هەر ئەوكات سكاڵای لەسەر هیوا تۆمار كردبوو، بەڵام ئەو خۆی بەدەستەوە نەدابوو. پاشان پەیوەندی بە نەجیبەوە كردبوو، گوتبووی ئەگەر لێی خۆش ببێ‌، بەڵێن دەدات لەگەڵ ئەو و منداڵەكانی باش بێ‌، بۆیە ئەویش لێی خۆشبوو.
نەجیبە دەگەڕێتەوە لای هاوژینەكەی، ماوەیەك بەبێ‌ كێشە بەڕێدەكەن، بەڵام دیسان كێشە لە نێوانیان سەرهەڵدەداتەوە، حەسەن دەڵێت: “مێردی نەجیبە بە هیچ جۆرێك لە خەمی منداڵەكانیدا نەبوو، من منداڵەكانیم بۆ بەخێو دەكرد”.
بە گوتەی حەسەن، مێردی نەجیبە بەبێ‌ ئەوەی هاوژینەكەی ئاگادار بكاتەوە، شەش مانگ لەمەوبەر لەلای مەلایەك نەجیبەی تەڵاق دابوو،  كاتێك خوشكەكەی بەمەی زانیبوو، پارێزەری گرتبوو، بەڵام مێردەكەی رازی نەبوو لەڕێی دادگاوە لە نەجیبە جیاببێتەوە، بۆ ئەوەی مافی نەجیبە و منداڵەكانی نەدات”.
 هێلین، تەمەن 15 ساڵ كە كچی گەورەی نەجیبەیە، بە گریانەوە باسی ساتی كوشتنی دایكی كرد و گوتی: “من لە ژوورەوە بووم گوێم لە دەنگی تەقە بوو، رامكردە دەرەوە باوكمم بینی لەپێش دەرگا رایدەكرد، دایكم لەسەر زەوی كەوتبوو، هاوارم كرد دراوسێكانمان پۆلیسیان ئاگادار كردەوە”.
 هێلین باسی كێشەی نێوان دایك و باوكی كرد و گوتی: “ساڵێك دەبوو دایكم و باوكم كێشەیان هەبوو، باوكم كە لە ماڵ دەبوو بەردەوام كێشەی دەنایەوە، جنێوی بە دایكم دەدا. ئازاری دایكمی دەدا، رێگەی نەدەدا رۆژێك ئێمە دڵخۆش بین، بەمدواییەش بەجارێك ئێمەی فەرامۆش كردبوو، ئێمە لەگەڵ دایكم بەتەنیا لەو ماڵە دەژیاین، بەڵام هێشتا وازی لێ نەدەهێناین”.
هێلین بە گریانەوە گوتیشی: “دایكم لە پێناوی ئێمەدا بووە قوربانی. ئەو تەنیا دەیویست باوكم مافی ئێمە بدات، بەڵام ئەو نەك مافی ئێمەی نەدا، بەڵكوو دایكیشمی بە دووگیانی كوشت، دایكم لە مانگی هەشتەمی دووگیانییەكەی بوو، چاوەڕێی لە دایكبوونی براكەمی دەكرد، كە گەیاندمانە نەخۆشخانە پزیشكەكان گوتیان نامێنێ، بۆیە دەبێت  منداڵەكەی بە نەشتەرگەری رزگار بكەین”.
 پزیشكەكان هەوڵی رزگاركردنی منداڵەكەی نەجیبە دەدەن، منداڵەكە بە نەشتەرگەری لە دایك دەبێ‌، دوای چەند سەعاتێك نەجیبە لە نەخۆشخانە بەهۆی سەختیی برینەكەی دەمرێ‌.
 سەبارەت بە چارەنووسی منداڵەكە، حەسەن گوتی: “منداڵەكە بە هەشت مانگی لەدایك بوو، بۆیە پزیشكەكان  بردیانە بەشی منداڵە ناكامەكان،  ئێمە ئاگاداری ئەو منداڵە نین”.
 سرور عەبدولڕەحمان كە برای هیوایە بە  گوتی: “
ماوەی ساڵێك زیاترە كێشە لە نێوان  نەجیبە و هیوا هەیە، هیوا لای مەلا ژنەكەی تەڵاق دابوو، زۆرمان هەوڵدا كێشەكە بە تەواوی چارەسەر بكات، بەڵام ئەو رازی نەبوو كێشەكەی چارەسەر بكات، ئێمە نازانین هیوا ژنەكەی كوشتووە یان نا، ئەو پەیوەندی بەئێمەوە كردووە و دەڵێت لە كاتی رووداوەكە لە چەمچەماڵ بووم، دوای ئەوە مۆبایلەكەی داخستووە”.
سەبارەت بە منداڵەكەی نەجیبەش، سرور گوتی: “بەهۆی ئەوەی منداڵەكە تەندروستی باش نییە لە نەخۆشخانەیە، خوشكەكەم ئاگاداری دەبێت، تا ئەو رۆژەی تەندروستی جێگیر دەبێت، پاشان بڕیار لە چارەنووسی دەدرێ‌”.
هێلین دەڵێت بەهیچ جۆرێك لە باوكی خۆش نابێ‌ و هەر كاتێكیش دادگایی كرا، شایەتی لەدژی باوكی دەدات.