نۆ حاڵەتی نوێی توشبوون بە کۆرۆنا لە سلێمانی تۆمارکرا

وەزارەتی تەندروستیی هەرێم رایگەیاند، نۆ حاڵەتی نوێی توشبوون بە کۆرۆنا لە سلێمانی تۆمارکراوە و هەشتیان بەرکەوتەی توشبووی پێشوون و یەکێکیان لە دەرەوە گەڕاوەتەوە.

تەندروستیی هەرێم بڵاویکردووەتەوە، “لە بەردەوامی پشکنینەکان و گەڕان بەدوای گومانلێکراوان، نۆ تووشبووی دیکەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ COVID-19 لە پارێزگای سلێمانی دەستنیشانکران.”

دەشڵێت، “توشبووەکان پێنج پیاو و دوو ئافرەت و کچ و کوڕێکی گەنجن، یەکێکیان لە گەشتی دەرەوەی وڵات گەڕاوەتەوە و شەش لەوان بەرکەوتووی تووشبووانی ڕۆژانی پێشوون و دوو تووشبووی دیکەی نوێ نیشانەکانی نەخۆشیەکەیان هەیە.

تەندروستیی هەرێم ئاماژەی بەوەشکردووە، “هەشت تووشبوو دانیشتووی شاری سلێمانین و توشبووەکەی تر دانیشتووی ناحیەی بازیانە.”

بە پێى ئامارەکانى وەزارەتی تەندروستیی هەرێم، تاوەکو ئێستا ٤١٣ حاڵەتی توشبوون بە کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستاندا تۆمارکراوە، لەو ژمارەیەش ٣٨١ کەسیان چاکبوونەتەوە.