ئازادی گوزارشتکردن یان ئازادی بیروڕا چییە؟

ئازادی گوزارشتکردن یان ئازادی بیروڕا چییە؟

 

ئازادی گوزارشتکردن یان ئازادی بیروڕا چییە؟

ئازادی گوزارشتکردن یان ئازادی بیروڕا، یەکێکە لە مافە هەرە سەرەکییەکانی مرۆڤ کە پێویستە پارێزگاری لێبکرێت. ئەم مافە پەیوەستە بە کەرامەتی مرۆڤەوە. مرۆڤ وەک هەندێک لە کۆمەڵناسان پێیانوایە ئاژەڵێکی قسەکەرە، بوونەوەرێکە ئەوەی لە بوونەوەرەکانی دیکە جیایدەکاتەوە، ئەوەیە توانای قسەکردن و بیرکردنەوەی پێشوەختەی هەیە. توانای دەنگبەرزکردنەوەو دەربڕینی خەیاڵ و ئەندێشە ناوەکییەکانی هەیە. توانای ئەوەی هەیە پێشبینی هەندێک لە رووداوەکان بکات و گوزارشتیان لێ بکات. ئەم گوزارشتکردنە مافەو حەقی هەموو کەسێکە ببێتە خاوەنی ئەم مافە. ئازادی گوزارشتکردن مانای ڕەخساندنی دەرفەتە لەبەردەم هەر مرۆڤێکدا، بەپێی عەقڵ و لۆژیکی خۆی بیربکاتەوەو ژیانی خۆی رێکبخات. مرۆڤ لەوەدا ئازادە بە هەر ئامرازێکی گوزارشتکردنی وەک نووسین یان قسەکردن بێت، گوزارشت لە بیروڕای خۆی بکات، دیدو تێڕوانینی خۆی لەسەر مەسەلە تایبەتەکان یان مەسەلە گشتییەکان: کۆمەڵایەتی، کەلتوری، سیاسی، ئابوری، دەرببڕێت لە پێناو مەنفەعە یان خێری گشتی.

دوور نییە هەمو حکومەتێک پێداگری لەسەر گرنگی و بایەخی ئازادی گوزارشتکردن و ئازادی بیروڕا بکات. بەڵام لە بەشێکی زۆری حکومەتەکاندا، ئەو پێداگرییە تەنها موجامەلەیەکی رووکەشانەیەو لەسەر زەمینی واقیع نە ئازادی بوونی هەیەو نە گوزارشتکردنی ئازادانە. لە سەرتاپای جیهاندا سەدان و هەزاران کەس خراونەتە زیندان و گرتووخانەکانەوە، لەسەر هیچ نا لەسەر ئەوە نەبێت کە ویستوویانە گوزارشت لە بیروڕای خۆیان بکەن، هەوڵیانداوە دیدی خۆیان بە شێوەیەکی ئازادو دوور لە توندوتیژی دەرببڕن.

لە مادەی 19ی جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤدا هاتووە: (هەمو مرۆڤێک مافی ئازادی گوزارشتکردن و را دەربڕینی هەیە، ئەم مافەش ئازادی ئاین و بیروڕا لەخۆدەگرێت بێ هیچ دەستتێوەردانێک، هەموو کەسێک مافی هەیە هەواڵەکان و بیروراکان وەربگرێت و بڵاویشیان بکاتەوە بە هەر ئامرازێک بێت). ئازادی گوزارشتکردن لەسەر ئاستی تاک، مەسەلەیەکی سەرەکییە بۆ ژیانێکی شەرەفمەندانە و گەشەکردنی هەر تاکێک، بۆچی؟ چونکە دەرفەت دەبەخشێت بە هەر تاکێک لە دەووروبەری و لە تەواوی جیهان تێبگات، ئەمەش لە میانەی ئاڵوگۆڕی بیرۆکەو دیدگاو زانیارییەکان لەگەڵ ئەوانی دیکە، بە شێوەیەکی ئازادانە. لێرەوە ئەم ئاڵوگۆڕە وا لە تاک دەکات باشترو وردتر پلان بۆ ژیان و کارو چالاکییەکانی دابنێت. ئەمە جگە لەوەی توانای تاک بۆ گوزارشتکردن لەوەی لە خەیاڵ و ئەندێشەیدا هەیە، پانتاییەکی فراوانی لە ئاشتی کۆمەڵایەتی و پێگەی کۆمەڵایەتی باڵاتری بۆ دەڕەخسێنێت و تا ئەندازەیەک دەیکاتە کەسایەتییەکی ناسراو. ئازادی گوزارشتکردن لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی و نیشتیمانی، وا دەکات مرۆڤەکان وردتر تەماشای هەر سیاسەت و یاسایەکی تازە بکەن کە دەوڵەت دەیەوێت بیگرێتەبەرو دەریبکات. مرۆڤەکان دەتوانن تێڕوانین و رەخنەکانی خۆیان، لەسەر کێشەو پرسەکان، بێترس و لەرز بخەنەڕوو، وەرگرتنی ئەم ڕەخنانە لەلایەن دەسەڵاتداران و حکومەتەوە، بەشداری پێکردنی هاوڵاتیانە لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگاو دەرکردنی بڕیارەکاندا. ئازادی گوزارشت خاڵی بەهێز و خاڵی لاوازی ئەو کەسانە دەردەخات کە هەواداری دەسەڵاتن یان نەیاری دەسەڵاتن، ئەمەش وا دەکات دەنگدەران هوشیاربن سەبارەت بەو کەسانەی لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگیان پێدەدەن و چارەنووسی وڵاتیان دەخەنە دەست.

شارەزایان لەم بوارەدا، هەوڵیانداوە ئازادی گوزارشتکردن یان بیروڕای ئازاد پێناسە بکەن، هەندێکیان پێیانوایە بریتییە لە دەربڕینی دەرەکی بۆ هەمو ئەو بیرۆکەو ئەندێشە ناوەکیانەی مرۆڤ لە مێشکی و لە ناخی و لە دەروونیدا هەستیان پێدەکات. ئەم دەربڕینەش بە چەندین رێگا ئەنجامدەدەرێت، لەوانە بە قسەکردن، بە کردەی عەمەلی، بە نووسین، بە گوتار، بە وێنە، بە تابلۆ، بە مۆسیقا، بە هەڵویست وەرگرتن… هتد. هەمو ئەوانە بێ سانسۆری حکومی و بێ رەقابەی دەسەڵاتدار. هەندێکی دیکە پێیانوایە بریتییە لە توانای مرۆڤ لە بونیادنانی بیروڕا لەسەر بنەمای بیرکردنەوەی شەخسی، بێ لاسایکردنەوەی هیچ کەسێک، بێ پاشکۆییکردن بۆ هیچ لایەنێک. هەمو مرۆڤێک دەبێت ئازادی تەواوی هەبێت بۆ راگەیاندن و گوزارشتکردنی بیروڕاکانی بەو شێوازەی کە خۆی بە گونجاوی دەزانێت. هەندێکی دیکە پێیانوایە ئازادی گوزارشتکردن بریتییە لەوەی مرۆڤ ئازاد بێت لە وتنی ئەندێشەو بیرکردنەوەکانی، بێ ئەوەی لەسەر ئەو وتنە بگیرێت یان راوەدووبنرێت یان ژیانی لێ تاڵ بکرێت. لەم بارەیەوە جۆرج واشنتۆن وتەیەکی جوانی هەیەو دەڵێت: ئەگەر ئازادی رادەربڕینمان لە مرۆڤ قەدەغەکرد، ئەوا وەک ئەو ئاژەڵە بێدەسەڵاتەی لێدێت کە بەرەو قەسابخانە راپێچیدەکەن.

مرۆڤ ناتوانێت گوزارشت لە بیروڕاکانی نەکات، ناتوانێت تاسەر بێدەنگ بێت و ئەوەی لە ناخیدایە کپی بکات، ناتوانێت تەنها وەک تەماشاکەرێکی پاسیڤ و بێ زمان لە رووداوەکان بڕوانێت، لێرەوە مرۆڤ ئەگەر بۆ ماوەیەکیش ناچار کرا هیچ نەڵێت، بێدەنگ بێت، وەلێ ئەو دۆخە تاسەر وا نامێنێتەوەو رۆژێک دێت ئەو دەنگە کپکراوەی ناخی مرۆڤەکە، دەتەقێتەوەو بە لێشاو دێتەدەرەوە.

دەوترێت جۆن ستیوارت میل-ی فەیلەسوف، یەکێکە لەو فەیلەسوفە بەراییانەی باسی لە ئازادی گوزارشتکردن و دەربڕینی بیروڕا کردووەو وتوویەتی: (ئەگەر هەموو مرۆڤایەتی یەک رەئیان هەبێت، لەبەرامبەردا تەنها کەسێک هەیە رەئیەکی جیاوازی هەیە، بێدەنگکردنی ئەو تەنها کەسە، هیچی کەمتر نییە لەوەی ئەم کەسە ئەگەر هێزو توانای هەبوو، هەموو خەڵکی بێدەنگ بکات). واتە نابێت و ناکرێت دەنگی تەنها یەک کەسیش کپ و بێدەنگ بکرێت، ئەگەرچی هەر خۆی بە تەنها بێت و کەسی دیکەی لەگەڵدا نەبێت. ساڵی 1948 ئەنجوومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤدا رایگەیاند هەمو کەسێک مافی ئازادی دەربڕینی هەیە، بەو رێگایەی کە خۆی پێی باشەو گونجاوە بۆی. هیچ دەسەڵاتێک و حیزب و گروپ و لایەنێک، بۆی نییە رێگری لە ئازادی بیروڕا بگرێت و قەدەغەی بکات.

دیاردەکانی ئازادی گوزارشتکردن و بیروڕا

مافی ئازدی رادەربڕین و گوزارشتکردن، پەیوەندییەکی گەورەو پتەوی بە ئازادی رۆژنامەگەریی و ئازادی گەیشتن بە زانیارییەکانەوە هەیەو دەکرێت بەم شێوەیەی خوارەوە کورتی بکەینەوە:

1-ئازادی چاپ و بڵاوکردنەوە: نووسین یەکەمین ئامرازە کە مرۆڤ لە رێگەیەوە گوزارشتی لە بیروڕاکانی کردووە. دواتر مەسەلەی چاپکردن و بڵاوکردنەوە گەشەی گەورەی بەخۆیەوە بینی و شێوەی جۆراو جۆری وەرگرت، لەوانە کتێب، رۆژنامە، گۆڤار، نامیلکە، چاپ و ماڵپەڕی ئەلەکترۆنی.

2-ئازادی چاپ و بڵاوکردنەوەی ئەلیکترۆنی: یەکێکە لە ئازادییەکان کە شوێنی خۆی لە کۆمەڵگادا گرتووەتەوە، ئەمەش لە ئەنجامی ئەو پێشکەوتنە گەورەیەی لە بواری تەکنەلۆژیای زانیاری و پەیوەندیکردندا هاتووەتە ئاراوە. لەمڕۆدا تۆڕێکی زەبەلاحی ئینتەرنێت هەیە کە وایکردووە ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتیان لەسەرتاسەری جیهان، بیروڕاکانی خۆیان بڵاوبکەنەوە.

3-ئازادی بیروڕا لە چوارچێوەی بینراو و بیسراودا: گەشەکردن لە بواری میدیادا، هەر سێ بواری بینین و بیستن و خوێندنەوەی گرتووەتەوە. میدیای بینراو بیستراو، لەوانە رادیۆو تەلەفزیۆن، رۆڵێکی هێجگار گەورەو کاریگەر دەگێڕن بۆ بڵاوکردنەوەو گوزارشتکردن لە بیروڕا، ئەو دوو ئامرازە بوونەتە ناوەندێکی گرنگ بۆ بلاوکردنەوەی هەواڵ و گەیاندنی دەنگی هاوڵاتیان، چ بۆ ناوەوەی وڵات یان بۆ دەرەوەی وڵات و گەیاندنی بە جیهان. لە ئێستادا هەم کەناڵە ئاسماییەکان و هەم تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بوونەتە مینبەرێکی کاریگەر بۆ قسەکردن و دەربڕینی بیروبۆچونە جیاوازەکان.

پاساوەکانی ئازادی گوزارشتکردن

شارەزایان لەو بڕوایەدان ئازادی قسەکردن و دەربڕینی بیروڕا، کۆمەڵێ بنەماو پاساوی هەیە کە دەکرێت بەم شێوەیەی خوارەوە کورتیان بکەینەوە:

یەکەم سروشتی مرۆڤ:، مرۆڤ بە سروشتی خۆی بوونەوەرێکی قسەکەرە، حەزی بە دەربڕینی بیروڕاکانی خۆی هەیە. یەکێک لە بنەماکانی دیموکراسیش بریتییە لە رەخساندنی دەرفەت بۆ مرۆڤ تا گوزارشت لە دیدو بۆچوونەکانی بکات. کپکردنی دەنگی مرۆڤ، پێچەوانەی سروشتی مرۆڤ و یاسا ئاسمانی و زەمینییەکانە. مرۆڤ بۆ ئەوەی لە خۆی و لە دونیا تێبگات، پێویستی بەوەیە قسە بکات و بیروڕای خۆی دەرببڕێت، هەمو رێگریکردنێک لەم مافە سروشتییە، دەچێتە خانەی ستەم زوڵم و ناحەقییەوە.

دووەم ئازادی گوزارشتکردن ئامرازێکە بۆ ئاشکراکردنی حەقیقەت: هەموو رێگریکردنێک لەم دەربڕینە وا دەکات بڕیارو هەڵوێستە هەڵەکان چاکنەکرێنەوەو نەگۆڕدرێن و وەک خۆیان بە هەڵەیی و خراپی بمێننەوە. بە مانایەکی دی، ئازادی گوزارشتکردن دەرفەتێکە بۆ چاککردن و راستکردنەوەی فرمان و بڕیارو هەڵوێستی خراپ و ناڕاست.

سێیەم رێگریکردن لە ستەمی دەسەڵات: دەسەڵات هەمیشە خاوەنی حەقیقەت نییە، هەمو کاتێک راستییەکان لای دەسەڵات نییە، رێگریکردن لە دەربڕینی بیروڕا وا دەکات دەسەڵات لەسەر زوڵم و ستەمی خۆی بەردەوامبێت، وا دەکات رەخنەی پێویست و گونجاو لە دەسەڵات نەگیرێت، بەمەش دۆخی خراپی هاوڵاتیان وەک خۆی دەمێنێتەوە.

چوارەم بەدیهێنانی خود: مرۆڤ لە رێگەی بیروڕاکانییەوە خۆی دەبینێتەوەو پێگەیەکی کۆمەڵایەتی بۆ خۆی دروست دەکات. داخستنی دەمی هاوڵاتیان، شکاندنی کەرامەتی هاوڵاتیان و پێشێلکردنی ئازادییەکانیەتی.

پێنجەم مرۆڤ بوونەوەرێکی زیرەکە: بە پێچەوانەی ئاراستەی سیستمە دیکتاتۆرییەکان کە دەڵێن مرۆڤی سادە و خاکی ناتوانێت چاکە و خراپە لەیەکتر جیابکاتەوە، لە سیستمی دیموکراسیدا دەوترێت هەمو مرۆڤێک خاکی بێت یان خاوەن بڕوانامەی بەرز، توانای لێکجیاکردنەوەی خراپە و باشەی هەیە، بەو مەرجەی دەرفەتی قسسەکردنی بۆ بڕەخسێت و بتوانێت بە ئازادانە گوزارشت لە بیروڕاکانی بکات.

شەشەم ئازادی گوزراشتکردن پێویستە بۆ پرۆسەی دیموکراسیەتی ئاشتیخوازانە: دەکرێت ئازادی گوزارشتکردن رەخنەبێت لە دەسەڵات، رەخنەبێت لە واقیعی خراپی ژیانی هاوڵاتی، دەکرێت ئەم رەخنەیە کارێک بکات واقیعی سیاسی بگۆڕێت، بێ پەنابردنە بەر زەبروزەنگ و تووندوتیژی.

پرسی مافەکانی مرۆڤ بە گشتی و مافی ئازادی بیروڕا بە تایبەتی، یەکێکە لە پرسە گرنگەکان کە لەمڕۆدا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و لە چوارچێوەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا قسەوباسی لەبارەوە دەکرێت. بەتایبەت دوای کۆتایهاتنی جەنگی دووەمی جیهانی و گەیشتنی گەلان بە سەربەخۆیی و بونیادنانی دەوڵەتی خۆیان و دەرکەوتنی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی کە گرنگی و بایەخ بە مافەکانی مرۆڤ و ئازادییەکانی مرۆڤ دەدەن و هەوڵی پاراستنیان دەدەن. بەڵام لەگەڵ هەمو ئەوانەشدا، مافەکانی مرۆڤ و لە نێویشیاندا مافی ئازادی گوزارشتکردن، ڕوبەڕووی چەندین کۆت و بەند بوونەتەوە، لەوانە کۆتوبەندی یاسایی، بە پاساوی رێکخستنی و پاراستنی ئەمن و ئاسایشی نیشتیمانی و پاراستنی ئاداب و ئەخلاقیاتی گشتی و داب و نەریتی کۆمەڵایەتی. وەلێ کێشەکە لەوێوە دەست پێدەکات کە ئەو کۆتوبەندە یاساییانە، لە زۆرێک لە وڵاتەکاندا بە جۆرێکە بووەتە پاساوی بەرتەسککردنەوەیەکی مەترسیدار بۆ رێگریکردن لە ئازادی بیروڕا. واتە بەربەستەکان بە جۆرێک زۆرو بەربڵاون، هیچ دەرفەتێک یان پانتاییەکی بۆ کاری ئازادی رادەربڕین نەهێشتووەتەوەو هەمو جۆرە قسەکردن و بیروڕا دەربڕینێک، دەچێتە خانەی تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی و هەڕەشە بۆ سەر ئەمنی نیشتیمانی. بەم جۆرە سنوری ئازادی بیروڕا تا ئاستێکی زۆر بەرتەسک بووەتەوە. ئازادی بیروڕا دەربڕین، پەیوەستە بە ئازادی بیرکردنەوەوە، ئەمەش هەر وا بە رێکەوت نییە، بیرکردنەوە بە ئازادی، پەیوەستە بە ئازادی گوزارشتکردن لەو بیرکردنەوەیە، چونکە ئەو بیرۆکەو فیکرانەی کە ناتوانرێت گوزارشتیان لێبکرێت، ئەوا تەنها لە ناو عەقڵی کەسەکەدا دەمێننەوەو ئەو مەبەست و ئامانجە ناپێکێت کە خاوەنەکەی هەڵگریەتی. توانای قەناعەتپێکردن، ئاڵوگۆڕی بیروڕاکان، رەخنەگرتن لە دەسەڵات، گوزارشتکردن لە ناخی مرۆڤەکان، هەر هەمویان پەیوەستن بە بوونی ئازادی گوزراشت کردنەوە. ئازادی گوزراشتکردن مەرجێکی پێشوەختە بۆ زۆرێک لە ئازادییەکانی دیکە، بۆ نموونە ئازادی داهێنان و ئەفراندن پەیوەستە بە ئازادی گوزراشتکردنەوە.