ئەمریکییەکان لەسەر مردنی ڕەشپێستێک خۆپیشاندانیان کرد و ئاگریان بەردایە بنکەیەکی پۆلیس

رێکخراوی ئاشتی بۆ مافەکانی مرۆڤ

درەنگانی شەوی پێنجشەممە، لە سەروبەندی خۆپیشاندانەکانی خەڵکی مینیاپۆلیس لە ویلایەتی مینیسۆتا لە ئەمریکا، لەسەر مردنی پیاوێکی ڕەشپێست لەژێر دەستی پۆلیسی شارەکە، ئاگر لە بنکەی پۆلیسی مینیاپۆلیس بەردرا.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ئانادۆڵو، خەڵکی مینیاپۆلیس ڕژاونەتە شەقامەکان و هەڵیانکوتاوەتە سەر بنکەی پۆلیس شارەکە، لەو نێوەندەشدا ئاگر بەردراوەتە بنکەکە، لەو گرتە ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، خۆپیشاندان هاوار دەکەن، “ناوی چییە؟ جۆرج فلۆید!”.

جۆرج فلۆید پیاوێکی ڕەشپێستی تەمەن 46 ساڵە و دوو ڕۆژ لەمەوپێش لە شاری مینیاپۆلیس دەستگیرکرا. پۆلیس بانگەشەی ئەوە دەکات کە لە کاتی دەستگیرکردنی بەرگریکردووە. لە ڤیدیۆیەکدا ئەوە دەبینرێت ئەفسەرێکی پۆلیس ئەژنۆی چەقاندووەتە ملی فلۆید، کە لەژێر چۆکیدا چەندینجار وتوویەتی، “ناتوانم هەناسە بدەم”.

دوای چەند خولەکێک فلۆید لە هۆشخۆی دەچێت، بەڵام ئەفسەرەکە لە باری خۆیدا دەمێنێتەوە. دواتر لە ڕێگای ڕەوانەکردنی بۆ نەخۆشخانە گیان لەدەستدەدات.

خۆپیشاندانەکان دوای ئەوە هات کە بریکاری ناوچەی هێنێپن لە مینیاپۆلیس وتی، “سکاڵا لەسەر ئەو چوار ئەفسەرە بەرز ناکەمەوە کە کاری دەستگیرکردنەکەیان ئەنجامدابوو. بێگومان ئەوەی لە ڤیدیۆکەدا دەبینرێت ترسێنەر و ناشرینە، ناشبێت کەس کارێکی لەو شێوەیە بکات. بەڵام کاری من ئەوەیە بیسەلمێنم ئەفسەرەکان پێشێلی یاسای تاوانیان کردبووە یان نا، بەڵگەی دیکەش هەن پشتگیری ئەوە نین سکاڵای تاوانیان لەسەر تۆماربکەم”.

سەرۆکی ئەمریکاش، دۆناڵد ترەمپ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر نووسی، “ئەوەی ڕوویداوە بەهۆی نەبوونی سەرکردایەتییە لە مینیاپۆلیس”.