سۆران عومەر: ئامادەم شوێنی زیندانە نهێنییەكان لەهەرێم ئاشكرابكەم
سۆران عومەر، پەرلەمانتاری فركسیۆنی كۆمەڵ لەپەرلەمانی كوردستان، تەحەدای بەرپرسێكی حكومەت دەكات كە زیندانی نهێنی لەهەرێمی كوردستان بونی هەیەو دەشڵێت؛ ئامادەیە شوێنی زیندانە نهێنییەكان لەهەرێم ئاشكرا بكات.
ئاشتی: رۆژی 3ی ئەم مانگە، دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە چاوپێكەوتنێكدا رەتیكردبوەوە كە لە هەرێمی كوردستان هیچ زیندانێكی نهێنی و سیاسی هەبێت.
لەوبارەیەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، سۆران عومەر، پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی لەپەرلەمانی كوردستان لەلاپەڕەی خۆی لەفەیسبوك نوسیویەتی”لەھەرێمی کوردستان زیندانی نھێنی بونی ھەیە.”
سۆران عومەر وتوشیەتی”تەحەداش دەکەم با د.دیندار زێباری بێت بە ئامادەبونی لیژنەیەکی پەرلەمانی کوردستان و نێردەی نەتەوە یەکگرتوەکان لەھەرێم و دەستەی مافی مرۆڤ و نوێنەرایەتی وڵاتان لەھەرێم شوێنی زیندانە نھێنیەکان ئاشکرادەکەم بۆیان.”
بەپێی قسەی سۆران عومەر”ئێستا دەیان کەس لەو زیندانە نهێنیانەدا بەندن و چارەنوسیان بەنادیاری ماوەتەوە! ئەم کەسانەی لەو زیندانانەن ڕفێنراون!”
سۆران عومەر جەختی كردۆتەوە كە “د.دیندار زێباری زانیاری نەسەلمێنراو دەدات لەبارەی زیندانی نھێنی و ئەشکەنجەدان و رفاندن و پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ و ڕاستییەکان دەشارێتەوە!”
دیندار زێباری لە چاوپێكەوتنەكەیدا كە بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵۆ ئەنجامی دابو، وتبوی”زۆر جار باسمان لەوە كردوە لە هەرێمی كوردستان هیچ زیندانێكی نهێنی نییە، داوامان لە نەتەوە یەكگرتوەكان و رێكخراوەكان و زۆر لە وڵاتان كردوە ئەوانەی رەخنەیان هەبوە كە یارمەتیدەر بن ئەگەر شتێكی وا هەبێت، ئێمە تەحەدا دەكەین كە لە هەرێمی كوردستان شتێك بەناوی زیندانی سیاسی نییە، نەوەك هەر ئەوە زیندانیی سیاسییشمان نییە، ئەوانەی بێ سەروشێونن لە نەوەدەكان و پێشتر و لە بەرگریی لە هەرێمی كوردستان و ناكۆكییەكانیش بێت وەكو ئامار شتێكی وامان لەبەردەست نییە بەناوی بێسەروشوێن.”
زێباری سەبارەت بە بونی ئەشكەنجەدان لە دەزگاكانی ئاسایش و لە زیندانەكاندا، ئەوەی خستبوە ڕو”تۆمەت زۆر ئاسانە، بەڵام دەبێت پشتڕاست بكرێنەوە، پشتڕاستكردنەوەیش پێویستی بە بەڵگە و دێكیۆمێنتە، ئەوەیش رێگەی یاسایی خۆی هەیە، بەڵگەی پزیشكی و دانپێدانان و بەڵگەنامەی دیكەی پێویستە، ئەگەر شتێك نەبوبێت و سكاڵایەك تۆمارنەكرابێت، نە دێكیۆمێنت هەبێت، نە دادوەرێك رەخنەی هەبوبێت، نە رێكخراوێكی نێوخۆی شتێكی لەو بابەتانەی بۆ حكومەت بەرزنەكردبێتەوە، چۆن بەدواداچون بكەین بزانین شتی وا هەیە یان نا، ئەگەر ئەو شتانە نەبوبێت، بۆیە ئەگەر شتێكی وا هەبوبێت پێویستە بەڵگە هەبێت بۆ ئەوەی ئێمە و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانیش هاوكاربین.”
هەروەك وتبوشی”لە سیاسەت و ستراتیجییەتی ئێمە ئەوەیە سزا هەیە بۆ هەر بەرپرس یان كارمەندێك كە ئەشكەنجەی راگیراو یان زیندانییەك بدات، ئێمە ئەگەر شتێكی وا هەبێت بەتوندی دژی دەوەستینەوە، تا ئێستا هیچ سكاڵایەكمان لەمبارەیەوە بەدەست نەگەیشتوە كە ئەشكەنجەدان هەبوبێت.”
ڕێكخراوی ئاشتی بۆ مافەكانی مرۆڤ
Ashti Organization For human rights