وەزارەتی بەرگری عێراق لەبارەی بۆمبە گازییەکانەوە هۆشداریدەدات

وەزارەتی بەرگری عێراق لەبارەی بۆمبە گازییەکانەوە هۆشداریدەدات


وەزارەتی بەرگری عێراق رایگەیاند، ئەو بۆمبە گازیانەی کە لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە بەرامبەر خۆپیشاندەران بەکارهێنراوە، سێ هێندەی بۆمبی ئاساییەو راستەوخۆ دەبێتەهۆی مردنی ئەو کەسانەی دەکرێنە ئامانج.

بەپێی راگەیەنراوێک کە لەلایەن نەجاح شەممەری وەزیری بەرگری عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە، لە دوای دەستبەکاربوونیەوە وەزارەتەکەی هیچ جۆرە گرێبەستێکی بۆ کڕین و هاوردەکردنی بۆمبی گازی لە گەڵ هیچ وڵاتێک واژۆ نەکردووە و هەوڵەکانی ئەم دواییەش بۆ لەکەدارکردنی پێگەو کەسایەتیی ئەوبووە.

هەروەها شەممەری لەبارەی دەنگۆی بە دەستهێنانی رەگەزنامەی سویدییەوە کە لە چەند رۆژی رابردوودا لەسەری بڵاوکرایەوە دەڵێت: سکاڵا لە دژی ئەو میدیا سویدی و عەرەبیانە تۆماردەکات کە تۆمەتی درۆیینەیان بۆ دروستکردووە.