دادگای پیداچونەوەی عێراق لە بارەی خۆپیشاندەرانەوە بڕیارێکی دەرکرد
دادگای پیداچونەوەی عێراق بڕیاریدا ئەو کارانەی کە لە لایەن کەسانێکی دیاریکراوەوە لەناو خۆپیشاندەران ئەنجامدراون و پێچەوانەی یاسان، نەچنە چوارچێوەی تاوانەکانی تیرۆرەوە.
لە راگەیەنراوێکدا، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی وردەکاری بڕیارەکەی بڵاویکردەوەو رایگەیاندووە، دەستەی سزادان لە دادگای پێداچوونەوەی فیدرالی عێراق، بڕیاری خۆی لەسەر ئەو کردە نایاساییانە دەرکردووە کە پێچەوانەی یاسان و لە لایەن کەسانێک کە بە خۆپیشاندەر تۆمەتبار کراون، نەچنە چوارچێوەی تاوانەکانی تیرۆرەوە.
لە بڕیارەکەدا تیشکخراوەتەسەر ئەو کارانەی کە پێچەوانەی یاسان، بە تاوانی ئاسایین لە قەڵەم بدرێن و بەپێی ژمارە ١١١ لە یاسای سزاکانی عێراق بۆ ساڵی ١٩٦٩ ئەنجامدەرانی ئەو کردانە سزا دەدرێن.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش روونکراوەتەوە کە ئەنجامدەری ھەر تاوانێک لە چوارچێوەی ماددەی یەکی ژمارە ١٣ لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بۆ ساڵی ٢٠٠٥ سزا نادرێت، بەڵکو بەپێی رەوشو بەڵگەکان سزاکان دیاری دەکرێن.