كارکردن بۆ “زمانی ئاشتی”

ڕێكخراوی ئاشتی بۆ مافەكانی مرۆڤ

كارکردن بۆ “زمانی ئاشتی”

سادەترین و بنەڕەتیترین پێناسەی زمان بریتییە لە ئامرازی پەیوەندیکردن لە نێوان خەڵكدا. ئەم بابەتەی کە لێرەدا دەمەوێت بیخەمە ڕوو، پەیوەندیی بە زمانێكی دیاریکراوەوە نییە. زمانی ئاشتی، وابەستەی ڕەچەڵەکێك، نەتەوەیەك یان ئایینێكی دیاریکراو نییە. ئەوەی دەمەوێت باسی بکەم، زمانێكی خەیاڵییە، کە هەموومان دەتوانین بەکاری بێنین، تێی بگەین و ئامانجی مەزنی لەسەر بنیات بنێین. كاتێك بە زمانی هەڕەشە و لێدان مامەڵە لەگەڵ منداڵێكی ساوادا دەکەیت، ئەو يەكسەر لە مەبەستەکە تێ دەگات، بێ ئەوەی یەك وشەیش تێ بگات. دەزانێت مەبەستت هەڕەشەکردن و لێدانە؛ بۆیە منداڵە ساواکە یەکسەر کاردانەوەیەکی دەبێت، ئینجا خراپ بێت یان باش. کەواتە، چەندین زمانی جەستە و ڕوح هەیە، زمانی ئاماژەن، وەك: زمانی هەڕەشە و گوڕەشە، زمانی پيس و جوێندان و زمانی ئاشتی و هتد.

مەبەست لە زمانی ئاشتی، زمانێکی سیاسی و کۆمەڵایەتییە، کە پيت و دەنگ و ڕێزمانی تایبەت بە خۆی نییە. هەر ئەو وشە سادە و ساكارانەی لە زمانی کوردیدا (یان لە هەر زمانێکی تری زيندوو)دا هەیە، دەتوانین زۆر بەئاسانی وەك زمانی شەڕ (زمانی جه‌نگ)، یان زمانی ئاشتی بەکاریان بێنین. سیاسییەکان و ڕۆژنامەنووسان زیاترین کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگه‌ هەیە. ئەم دوو چینەی کۆمەڵگه‌، پێویستە زۆر باش بزانن زمانی شەڕ لە زمانی ئاشتی جیا بکەنەوە. ئەگەر بێینە سەر زاراوە و چەمکی سیاسی لە زمانی کوردیدا، دەبينین زمانی شەڕ بە بەراورد به‌ زمانی ئاشتی، پانتایییەکی زۆر فراوانی گرتووە. گه‌ر چاوێك بە میدیای کوردیدا لە ساڵی ١٩٩٢ەوە تا ئێستا بخشێنین، زۆر به‌داخه‌وه‌، ده‌بینین كه‌ داهێنەری زمانی شەڕە لە کۆمەڵگه‌دا. کێ هەیە لە ئێمە گوێی لە وشەی “خائین”، “خۆفرۆش”، “جاش” و، وشەی زۆر نەشیاوتر لە میدیاکانەوە نەبووبێت.

زمانی شەڕ، زمانێكی زۆر ئاسان و سەرنجڕاکێشە. ئەو کەسەی بۆ ئەم جۆرە زمانە بازاڕ پەیدا دەکات، جگه‌ لە چەند دەستکەوتێکی کاتی بۆ خۆی، هیچ ئامانجێکی تری نییە. ئینجا کۆمەڵگه‌ چیی بەسەر دێت، با ببێت؛ گرنگ ئەوەیە ئەو کەسە بە مەرامەکانی خۆی گەیشت. زمانی ئاشتیش، زمانێکی زەحمەت نییە، بەڵام زمانێکی سەرنجڕاكێش نییە. ئەو کەسەی بە زمانێکی ئاشتی قسە دەکات، پێویستە هەموو حەز و بەرژەوەندی و ئامانجە کەسی و حزبییەکانی خۆی وەلاوە بنێت و بەرژەوەندیی گشتیی کۆمەڵگە بخاتە پێش هەموو بەرژەوەندییەکانه‌وه‌. ئەمە کارێکی سەختە. ڕۆژنامەنووسێک، یان سیاسییەك تا چەند دەتوانێت خۆی لە هەموو شتێك دابماڵێت و، تەنیا لە بەرژەوەندیی کۆمەڵگە و نیشتمانەکەیدا بێت.

هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ زمانی ئاشتی

دیبەیتێک و وتووێژێکی فەلسەفی، سیاسی و یاساییی قووڵ لە کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتیدا دەربارەی ئاشتی و دادپەروەری هەیە: کامیان لەپێشترن؟ ئایا یاسای نێودەوڵەتی لەسەر کامیان بنیات بنرێت: ئاشتی، یان دادپەروەری؟ پرسیارێکی تریش دێتە پێشەوە: ئایا زیاتر کار بۆ ئاشتیسازی Peacemaking  و بنیاتنانی ئاشتی  Peace building بکرێت، یان پەرە بە یاسای ئاشتەوایی Lex pacificatoria ، یان یاسای دوای جەنگ Jus post bellum ، بدرێت؟ ئەوەی ئێستا لە کاروبار و چالاکییەکانی گەورەترین ڕێکخراوی نێودەوڵەتی لە جیهان، نەتەوە یەکگرتووەکان، هەستی پێ دەکەین، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زیاتر کار بۆ بەدەستهێنانی ئاشتی دەکات، نەك دادپەروەری. ئەگەر ئاشتی و دادپەروەری لە بابەتێک، یان کێشەیەکی دیاریکراودا تووشی تێکگيران بوون، ئەوا یەکەمیان بەسەر  دەکەوێت، نەك دووەم. ئامانجی سەرەکیی ئەم ڕێکخراوە، ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتییە نەك دادپەروەری. بەم ئاراستەیە، پرۆژەی “زمانی ئاشتی” بنیات نرا و پێش خرا. ئامراز و هۆکارەکانی زمانی ئاشتی بریتین لە چەندین بەڵگەنامە، دانوستاندن، پێشنیار، بژاردە، هەوڵدان، ڕێککەوتننامە، پەیماننامە، یاداشتی لێكتێگەيشتن و تۆمار و هتد. ئەم هەموو ڕێگه‌یە بۆ گەیشتن بە ئاشتی لە “داتابەیس” (Data-base)ێكدا کۆ کراونەتەوە؛ ناوی لێ نراوە زمانی ئاشتی (Language of Peace).

لە ڕێکەوتی ٦/١٢/٢٠١٦، ئەمينداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نيويۆرك، ماڵپەڕێکی نوێی بە ناونيشانی www.languageofpeace.org ڕاگه‌یاند. ئەم ماڵپەڕە نزیکەی ١٠٠٠ ڕێككەوتنی ئاشتی لەخۆ دەگرێت و، بەپێی ناوچە و دەوڵەتەکان پۆلێن کراوە. چەندین بەڵگەنامە لەخۆ دەگرێت؛ هەر لە کاتی دانوستاندەوە تا دابەشكردنی دەسەڵات و ئاشتەوایی. دەستەواژەیەکی زۆر گرنگ لە کاروباری نەتەوە یەکگرتووەکاندا هەیە، ئەویش ئاشتیسازی (Peace-Making)یە. ئەم ماڵپەڕە، کەلێنێکی گرنگ بۆ ئاشتیسازی لە هەموو جیهاندا پڕ دەکاتەوە. ئاشتیسازی، زۆر لە هەڵگيرساندنی شەڕ و جه‌نگ زەحمەتترە؛ بۆیە کەسان و ڕێکخراوە ئاشتیپارێزەکان بۆ دۆزینەوەی ئامرازە پێویستەكان بۆ گەیشتن بە ئاشتی، لە هەوڵی بەردەوامدان.

پرۆژەی زمانی ئاشتی، بە هەماهەنگیی زانکۆی کامبريج و بەشی کاروباری سیاسیی نەتەوە یەکگرتووەکان پێش خراوە و کاری لەسەر کراوە. بە یارمەتیی یەکەی یارمەتیدانی ناوبژیوانی و چەندین شارەزا و کەسانی ئەکاديمی، کاری لەسەر کراوە. ئەم ماڵپەڕە لەگەڵ کارەکانی ماڵپەڕێکی تری شارەزا لە دروستکەرانی ئاشتی، کە لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دامەزراوە و بە ماڵپەڕی http://peacemaker.un.org ناسراوە، تێکەڵ کراوە.

یەکێك لە ئامرازە داهێنەرەکانی پرۆژەی ماڵپەڕی زمانی ئاشتی، بریتییە لە گرنگیدان بەو دانوستان و ڕێکكەوتنانەی کە لایەنێکی، ئه‌کتەرێکی “نادەوڵەت”ە. ئاشکرایە لە کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتیدا، کە سەنگی هێز بۆ دەوڵەتانە و، ئه‌کتەرەکانی تر کە دەوڵەت نین وەك هەرێم، بزووتنەوەی ڕزگاریخواز و کەمایەتییەکان، پایەیان نزمترە. ئەم ماڵپەڕەی www.languageofpeace.org یارمەتیدەرێکی سەرەکییە بۆ ئەو جۆرە دانوستاندنانەی کە پێشتر لە نێوان ئه‌کتەرە نادەوڵەتییەکان و حکوومەتە ناوەندییەکاندا ڕوویان داوە. بە مانایەکی دیكه‌، ئەگەر هەرێمی کوردستان، ویستی لەگەڵ حکوومەتی عێراقیدا بکەوێتە دانوستاندن، بۆ پرسی سەربەخۆیی بێت، یان هەر پرسێکی تر بۆ گەیشتن بە ئاشتی لەگەڵ بەغدا، ئەوا دەکرێت سوود لە نموونەکانی تری جیهان وەربگرێت، کە لەم ماڵپەڕە بەدرێژی کاری لەسەر کراوە و بەڵگەنامەکان بەئاسانی دەست دەکەون.

كارکردن بۆ زمانی ئاشتی لە هەرێمی کوردستان

کێشە و ناکۆکی، له هەموو شوێنێكی ئەم گۆی زەوییە هەبووە و بەردەوامە. واتا، ئێمە لە هەرێمی کوردستان و لە عێراق، تاکە ميللەت نین کە بە دەست ناکۆکیی سیاسییەوە ده‌نالێنین. هەندێ کێشەی ناوخۆیی هەبوونە، زۆر لە قەیران و ململانێکانی هەرێمی کوردستان توندتر و قووڵتر بوونە، کەچی ئەمڕۆ دەبيینین چاره‌سەر بوونه‌. کێشەی خوێن و خاك لە نێوان کۆلۆلمبییەکان، چەندان ساڵی خایاند؛ ئەوا دەبينین ئەمڕۆ بەرەو چارەسەر دەڕوا. نموونەکان لە جیهاندا زۆرن؛ لە ئەفريقا، ئەمریکای لاتین و ئەوروپای ڕۆژهەڵات، زۆربەی زۆری کێشەکان چارەسەر بوون و بەرەو ئاشتەوایی ڕۆیشتوون. گەیشتن بە ئاشتی، مەحاڵ نییە. چەندین هۆکار و ئامراز هەن، گه‌لان بۆ گەیشتن بەو ئامانجە گرتوویانەتە بەر. چەقبەستوویی و بەستەڵەکی سیاسیی نێوان حزبەکانی کوردستان چارەسەری ئاسانە، ئەگەر لەگەڵ ڕواندا، بۆسنیا، تەیمووری ڕۆژهەڵات و ئەفریقای باشوور و… بەراوردی بکەین.

شاراوە نییە کە هەرێمی کوردستان بە كێشەی سیاسی و مێژووییدا تێپەڕ بووە و تێپەڕ دەبێت. کاتێك لە دوای جه‌نگی نەگريسی براکوژیی ساڵی نەوەدەکان، ئاشتەوایی بەرقەرار بوو، ئاشتەوایییەکە لە ئاستێکی دیاریکراو بوو؛ لە ئاستی سیاسەتمدارە باڵاکان بوو. کاتێك دێینە سەر ئاستی کۆمەڵایەتی- لای سیاسییەکان به‌ ئاستێكی نزمتر و، هەندێك جاریش لای ڕۆژنامەنووسان- هەست دەکرێت هێشتا ئاشتەوایییەکە جێگیر نەبووە. لە بچووکترین کێشەی سیاسی، زمانێکی شەڕی زۆر توند خۆی دەخاتە ناو کۆمەڵگه‌ی کوردستانییه‌وه‌؛ کە مەزنترین بەهاکانی کوردایەتیش تێیدا پارێزراو نابن و دەکەونە بەر چەقۆی ئەم زمانە.

هەندێك کەس پێی وایه‌، کاتێك بە زمانێکی نەرم لەگەڵ نەیارە سیاسییەکەت قسە ده‌كه‌یت، مانای سازشکردن (تەنازولکردن)ه‌ بۆ لایەنی بەرامبەر. بەڵام زمانی ئاشتی بەو شێوەیە نییە؛ زمانی سازشکردنه‌ بۆ بەرژوەندییە باڵاکانی کۆمەڵگه‌، نەك بۆ کەسێك، یان بۆ لایەنێکی دیاریکراو. ئاشکرایە كه‌ زمانی ئاشتی کەمتر کاری لەسەر کراوە. لە هەندێك خيتابی سیاسی و ڕێکكەوتننامە سیاسییەکانی نێوان حزبە کوردستانییەکاندا دەیدۆزینەوە؛ وەك لە ڕێکكەوتننامەی ستراتیژیی نێوان پارتی و یەکێتی. بەپێچەوانەوە، بەردەوام و ڕۆژانە گوێبيستی زمانی شەڕ لە نێوان حزبە سیاسییەکانی کوردستان دەبين و، لە میدیا و ماڵپەڕەکانی ئینترنێتدا دەیخوێنینەوە.

لەنێو کورددا زمانی ئاشتی، دەبێت جێگرەوەی زمانی شەڕەنگێزی بێت. سیاسەتمدار و ڕۆژنامەنووسان، پێویستە کاری لەسەر بکەن. ئەم نووسینە، پێشنیارێکە بۆ توێژەران، ڕۆژنامەنووسان و ئەو کەسانەی کە دەچنە دانوستاندن و ناوبژیوانی لە نێوان حزبە کوردستانییەکاندا؛ كه‌ ئه‌و چارەسەره‌ سیاسییانه‌ بخوێننەوە کە لە وڵاتان و ناوچەکانی تری جیهاندا ڕوویان داوە. ئه‌وان دەتوانن لە ڕێگه‌ی ئەم ماڵپەڕەوە (www.languageofpeace.org) هەنگاو بە هەنگاو و چارەسەر بە چارەسەر تاووتوێ بکەن و سوودی لێ ببینن و بەراوردی بکەن. ئێستا کاتی ئەوە نییە پەنجە لەسەر برين و کێشەکان دابنێین، بەڵکوو پێویستە بە دوای چارەسەر و ڕێککەوتن بە ڕێگه‌ی زمانی ئاشتی و پێکەوەژیاندا بگەڕێین.