دەقی رێككەوتنەكەی نێوان ئەمریكاو توركیا

ڕێكخراوی ئاشتی بۆ مافەكانی مرۆڤ

دەقی رێككەوتنەكەی نێوان ئەمریكاو توركیا

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاند لەگەڵ تورکیا بە ئاگربەستێک گەیشتون بۆ کۆتاییهێنان بە ئۆپەراسیۆنی لەشکری تورکیا بۆ سەر باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا.

مایك پێنس، ئەمڕۆ پێنجشەممە، رایگەیاند، لەگەڵ توركیا گەیشتونەتە رێككەوتنێك بۆ راگرتنی شەڕ لە باكوری رۆژهەڵاتی سوریاو رێگەخۆشكردن بۆ كشانەوەی هێزە كوردییەكان لەناوچەكە.

ڕێكخراوی ئاشتی : مایک پـێنس لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە ئەنکەرە وتی؛ تورکیا بە ئاگربەست ڕازی بوە و تەواوی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكەی لەماوەی 120 سەعات(5 ڕۆژ)دا کۆتایی پـێدەهێنێت، پاش ئەوەی هێزە کوردییەکان لەو ناوچەیە دەکشێنەوە کە بڕیارە بکرێتە ناوچەی ئارام.

پـێنس وتیشی؛ لە پاش زیاتر لە چوار سەعات لە وتوێژکردن لەگەڵ ئەردۆغان توانیویانە بەم ئەنجامە بگەن.

لە لایەکی دیکە مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا وتی، ئەوان ئۆپەراسیۆنەکە هەڵدەپەسێرن بەڵام کۆتایی پێ ناهێنن هەتا هێزە کوردییەکان لەو ناوچەیە نەکشێنەوە کە بڕیارە بیکەنە ناوچەی ئارام و لەژێر دەسەڵاتی توركیادا دەبێت.

ئەمەش دەقی خاڵەکانی ڕێکەوتنەکەیە:

1. ئەمریکاو تورکیا جەخت دەكەنەوە لەسەر پەیوەندییەکانی نێوانیان وەک دو ئەندامی ناتۆ. ئەمەریکا لەنیگەرانییە ئەمنییە ڕەواکانی تورکیا سەبارەت بە سنورەکانی باشوری تورکیا تێدەگات.

2.تورکیاو ئەمریکا کۆکن لەسەر ئەوەی دۆخەکە لەڕوی مەیدانییەوە بەتایبەتی لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا وەهایە هاوکاری نزیکتر هەبێت لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە هاوبەشەکان.

3.تورکیاو ئەمریکا بەردەوامن لەسەر پاراستنی خاک و هاوڵاتیانی وڵاتە ئەندامەکانی ناتۆ لەبەرامبەر هەر هەڕەشەیەکدا. لەگەڵ تێگەیشتنێکی تەواو بۆ (یەک لەپـێناو هەمومان و هەمو لەپـێناو یەک). (یەک لەپـێناو هەمومان و هەمو لە پـێناو یەک) دەسەتەواژەیەکی وڵاتانی ئەندامی ناتۆیە.

4.ئەم دو وڵاتە بەڵێنیان دوپاتدەکەنەوە بۆ ڕێزگرتن لە ژیانی مرۆڤەکان، مافەکانی مرۆڤ و پاراستنی کەمایەتییە ئایینی و نەژادییەکان.

5.تورکیاو ئەمریکا پابەندن بە نەهێشتنی چالاکیـیەکانی داعش لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا. ئەمە هەماهەنگیکردن بەپێی پـێویست لەبارەی ئەو زیندانانەی دیلە دەستگیرکراوەكانی داعشی تێدایە و هەروەها لە بارەی ئەو کەسانەی لەو ناوچانە ئاوارەبون کە جاران لە ژێر دەستی داعشدا بون، لەخۆدەگرێت.

6.تورکیاو ئەمریکا ڕێکەوتون کە شەڕی دژە تیرۆر دەبێت تەنها تێرۆریستان و شوێن و حەشارگەکانیان و چەک و کەلوپەلەکانیان بکاتە ئامانج.

7.لایەنی تورکی پابەندی خۆی دەربڕیوە بۆ ئەوەی مسۆگەربکرێت هەمو دانیشتوانی ناوچەی ئارام بپارێزرێن کە لەلایەن هێزەکانی تورکیاوە کۆنترۆڵ دەکرێن، جەختی کردوەتەوە کە ئەوپەڕی هەوڵی خۆی دەدات تاوەکو خەڵکی سیڤیل و ژێرخانی سیڤیلی ناوچەکە بپارێزێن.

8.هەردو وڵات جارێکی دیکە بەڵێنی خۆیان دایەوە بۆ پاراستنی یەکگرتویی سیاسی و یەکپارچەیی خاکی سوریا و بەڕێوەچونی پـرۆسەی سیاسی بە ڕێبەرایەتی نەتەوە یەکگرتوەکان کە ئامانج لێی کۆتاییهێنانە بە شەڕی سوریا بەپێی بڕیاری SCR2254 ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان.

9.هەردو لایەن ڕازیبون لەسەر گرنگی و کاریگەری ناوچەیەکی ئارام بۆ نەهێشتنی نیگەرانییە ئەمنییە نشتیمانییەکانی تورکیا، لەوانە وەرگرتنەوەی چەکە قورسەکانی یەپەگەو تێکدانی سەنگەرو بنکەکانیان.

10.ناوچەی ئارام بەشێوەیەکی سەرەکی دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی تورکیاوە، هەردولاش پەرە بە هاوکارییان دەدەن لەهەمو بوارەکاندا تاوەکو ئەمە جێبەجێی بکرێت.

11.لایەنی تورکی ئۆپەراسیۆنی”کانی ئاشتی” ڕادەگرێت تاوەکو ڕێگە بە هێزەکانی یەپەگە بدات لەماوەی 120 سەعاتدا لە ناوچەی ئارام بکێشنەوە. لەپاش تەواوبونی کشانەوەی هێزەکانی یەپەگە کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنی “کانی ئاشتی” دێت.

12.هەر کات ئۆپەراسیۆنی ” کانی ئاشتی” ڕاگیرا، ئەمەریکا ڕازی دەبێت سزای زیاتر بەسەر تورکیا نەسەپـێنرێت بەپێی فەرمانی سەرۆکایەتی کە لە 14ی مانگی 10ی 2019 دەرچوە. بەڕێوەبەرایەتی ئەمەریکا لەگەڵ کۆنگرێس کاردەکات بۆ تاوتوێکردنی هەنگاوە ئەرێنییەکان بە ئامانجی گەیشتن بە ئاشتی و ئاسایش لە سوریا بەپێی بڕیاری ژمارە SCR2254 ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان.کاتێک ئۆپەراسیۆنی “کانی ئاشتی” کۆتایی پـێهات وەک ئەوەی لە خاڵی ژمارە یازدەدا هاتوە، سزا سەپـێندراوەکانی سەر تورکیا هەڵدەگیرێن.

13.هەردولایەن بەڵێنیان داوە پـێکەوە کاربکەن بۆ جێبەجێکردنی تەواوی ئامانجەکان کە لەم ڕاگەیاندنەدا هاتون.