بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە سلێمانی ئاشكرایكرد: سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، تاوانبارێكی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەستگیركراوە كە هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی وێنەو ڤیدیۆی نەشیاوی كچێكی كردوە.
بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە سلێمانی، لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد: سەعات 10ی سەر لەبەیانی ئەمڕۆ 20/5/2020 بەسەرپەرشتی ڕاستەوخۆی موقەدەم شۆڕش عەلی ڕەسول، لێپرسراوی نوسینگەی ڕۆژئاوای سەر بەبەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژ دژی ئافرەتانو خێزان تاوانبارێكی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی بەناوی (ب.أ.ف.) تەمەن (21) ساڵ دەستگیركرا.
راگەیەندراوەكە ئاماژەی بەوەداوە كە ئەو گەنجە پاش ئەوەی پەیوەندی لەگەڵ كچێكی تەمەن (17) ساڵ بەناوی ( د. م. ا.) هەبوەو دوای ئەوەی پەیوەندییەكەیان گەیشتۆتە ڕادەی چونە دەرەوەو وێنەگرتنو ناردنی ڤیدیۆ لەدواجاریشدا داوای وێنەو ڤیدیۆی نەشیاوی لەكچەكە كردوەو كچەكەش بۆی ناردوە.
وتوشیەتی”تاوانبار ئەم هەلەی قۆستۆتەوەو داواكاری تری هەبوە لە كچەكە، لەبەرامبەر ڕازینەبونی كچەكەدا تاوانبار وێنەو ڤیدیۆكانی بۆ ڕازیكردن و هەڕەشەلێكردنی كچەكە بەكارهێناوە بەبەردەوامی، كچەكەش لەترسی ئابڕونەچونی خۆی و پێنەزانینی كەسوكاری هەوڵی خۆلەناوبردنی داوە، بەڵام لەدواجاردا سەردانی نوسینگەی ڕۆژئاوای كرد بۆ تۆماركردنی سكاڵا.”
ئەوەشی خستۆتەڕو”دوای بەدواداچونو لێكۆڵینەوە لەسەر كەیسەكە توانرا تۆمەتبار دەستگیربكرێت و دەست بەسەر سەرجەم وێنەو ڤیدیۆكاندا بگیرێت و ڕوبەڕوی سزای یاسایی بكرێتەوە.”