حزبی سوسیالیستی ئەوروپا داوا دهكات بە زوترین کات دەمیرتاش ئازاد بكرێت
پاش دەرکردنی حوکمی ئازادیی سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشوو و بەندکراوی پارتی دیموراتیکی گەلان (هەدەپە)، حزبی سوسیالیستی ئەوروپا لە بەیاننامەیێکدا داوا دەکات ”حوکمی دادگا جێبەجێ بکرێت و بە زووترین کات دەمیرتاش ئازاد ببێت”.
ئاشتی : سێرگەی ئستانیشف سەرۆکی حزبی سوسیالیستەکانی ئەوروپا لە وتەکانیدا ئاماژەی بە پرسی درێژەدان به زیندانی کردنی دەمیرتاش دا وتی ”تورکیا بە درێژەدان بە بەند کردنی دەمیرتاش مافی ناوبراو و مافی سیاسیی خەڵکی تورکیا پێشێل دەکرێت”.
سەرۆکی حزبی سوسیالیستەکانی ئەوروپا دەیشڵێت ”هەموو ئەو تۆمەتانەی خراوەتە پاڵ سەلاحەدین دەمیرتاش سیاسین و تەنها ئامانجیشی بێدەنگ کردنی ئۆپۆزیسیۆنی دیموکراتیکی تورکیایە”.
سێرگەی ئستانیشف داوا دەکات بە زووترین کات دەمیرتاش ئازاد بکرێت و دەڵێت: ”دەمیرتاش نەک هەر بۆ کوردەکانی تورکیا هەوڵی داوە بەڵکوو بۆ ماف، دیموکراسی و ئازادیی هەموو خەڵکی تورکیا تێکۆشیوە. تەنها تاوانی ئەو هەوڵدان بۆ دروست کردنی تورکیایهکی دیموکرات و پێشکەوتوو بووە. بۆیە سێ ساڵە لە زیندانە”.
سەرۆکی حزبی سوسیالیستەکانی ئەوروپا لە کۆتاییدا جەخت دەکاتەوە تورکیا ڕێککەوتننامەی مافی مرۆڤی ئەورووپای پێشێل کردووە. ئێمە وەکوو حزبی سوسیالیستەکانی ئەورووپا پشتگیری لە هەدەپە و جەهەپە دەکەین.
ڕێكخراوی ئاشتی بۆ مافەكانی مرۆڤ
Ashti Organization For human rights