رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بۆ ئافرەتێكی گیراوی كورد كەمپەین رێك دەخات


رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بۆ ئافرەتێكی گیراوی كورد كەمپەین رێك دەخات

رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لەبارەی باری تەندروستیی زێنەب جەلالیان بەندكراوی سیاسیی كورد، هەڵوێستی وەرگرتووە و ناوی ئەو ئافرەتەی خستووەتە نێو لیستی ئەو كەسانەی مافەكانیان پێشێل كراوە.
هەموو ساڵێك لە مانگی كانوونی یەكەمدا رێكخراوەكە گەورەترین كەمپەینی مرۆیی لە ئاستی دنیادا رێك دەخات. كەمپەینەكە لە ژێر ناونیشانی نووسین لە پێناوی مافی مرۆڤدایە و لە دووی مانگەوە دەستی پێ كردووە  و بڕیارە رۆژی دووشەم 12ی مانگ كۆتای پێ بێت.
زێنەب جەلالیان یەكێكە لەو ١١ كەسەی لە كەمپەینەكەی رێكخراوی لێبوردنی نیودەوڵەتی ناوی هاتووە. ئەو بەر لە نەورۆزی ٢٠٠٨ بە تۆمەتی هاوكاریكردن لەگەڵ پژاك باڵی رۆژهەڵاتی پارتی كرێكارانی كوردستان، گیرا و سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا و دواتر لە دادگەی تێهەڵچوونەوە سزاكەی بۆ گرتنی هەتاهەتایی كەم كرایەوە.
زێنەب جەلالیان لە بواری فێركردن و  یارمەتیدانی ئافرەتانی كورد چالاكی هەبووە و لەو ماوەیە لە نێو پژاكدا بووە هیچ جۆرە چالاكییەكی سەربازی ئەنجام نەداوە.
ماوەی نۆ ساڵە ئەو ئافەرەت كوردە لە گرتووخانەیە بێ ئەوەی یەك رۆژیش مۆڵەتی پێ بدرێت و بە هۆی ئەشكەنجە و دۆخی نالەباری گرتووخانە، تەندروستییەكەی لە ژێر مەترسیدایە.
چاوەكانی زێنەب تووشی جۆرێك نەخۆشی بووە و توانای بینینی كەم بووەتەوە و مەترسی ئەوەی لێ دەكرێت بە یەكجاری چاوەكانی لە دەست بدات.
هەروەها لەو ماوەیەی لە گرتووخانەدا بووە، تووشی كۆمەڵێك نەخۆشی و خوێنبەربوون بووە و پێویستی بە چارەسەری و چاودێری چڕ هەیە.
جێگەی باسە ١٠ی كانوونی یەكەم رۆژی جیهانیی مافی مرۆڤە و لە ئێران ساڵانە خەڵكێكی زۆر لە سێدارە دەدرێن یان لە گرتووخانەكان ئەشكەنجە دەدرێن. ئەوان تەنیا بە تاوانی ئەوە سزایان بەسەردا دەسەپێنرێت كە بیروڕایەكی جیاواز لە لە بیروڕای كۆماری ئیسلامیی ئێرانیان هەیە.
زێنەب جەلالیان لە ساڵی ١٩٨٢ لە گوندی دێم قشلاقی شاری ماكۆی سەر بە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی كوردستان لە دایك بووە. ئەو ١٠ رۆژ بەر لە نەورۆزی ٢٠٠٨ لە كرماشان لە لایەن هیزەكانی ئیتڵاعاتی ئێران گیرا. لە ساڵی ٢٠٠٩ لە دادگەی ئینقلابی كرماشان بە تۆمەتی ئەندامیەتی لە پارتی ژیانی ئازاد حوكمی سێدارەی بەسەردا سەپێنرا.
لە ساڵی ٢٠١١ بریاری لە سێدارەدانی زێنەب جەلالیان هەڵوەشایەوە و بوو بە گرتنی هەتاهەتایی، بەڵام تا ئێستە هیچ بەڵگە یا بڕیارێكی لەو شێوە نەدراوەتە ناوبراو.
رێكخراوی لێبوردنی نێودەولەتی دوو ساڵ لەمەوبەریش هۆشداری دابوو لە مەترسی لەدەستدانی بینایی زێنەب جەلالیان و داوای لە ئێران كردبوو هەرچی زووە چارەسەر بكرێت.