ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بەڕەسمی ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی راگرت

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بەڕەسمی ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی راگرت

ئەمیندارێتی گشتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە راگرتنی خەرجكردنی ئەو بڕە پارەیەی كە مانگانە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان خەرج دەكرێت.

ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە نوسراوێكدا كە 16ی ئەم مانگە ئاڕاستەی نوسینگەی وەزیری دارایی عێراقی كردوە رایگەیاند: سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریداوە كە دەبێـ وەزارەتەكەتان یاسای بودجەی گشتی عێراق2019 و یاسای ئیدارەی دارایی فیدراڵی ژمارە 6ی ساڵی 2019 جێبەجێ بكات.

هەروەها هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە سەبارەت بەو پارەیەی لە 1/1/2020ەوە بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم خەرج كراوە، بەگوێرەی حوكمەكانی مادەی 27/پێنجەم لە یاسای ئیدارەی دارایی فیدراڵ، پێویستە لەسەر وەزارەتەكەتان ئەو پارانە لەو وەزارەت و هەرێم و پارێزگایانە ببڕێت كە داهاتی نەوت و غازیان رادەست نەكردوە.

هەوەرها ئاماژەی بەوەشداوە كە كۆمپانیای سۆمۆ جەختی كردۆتەوە كە هەرێمی كوردستان ئەو بڕە نەوتەی رادەستنەكردوە كە لە یاسای بودجەدا هاتوە.

لە نوسراوەكەدا ئەوەش خراوەتەڕو: كە بەو پێیە وەزارەتەكەتان دەبێت ئەو پارەیە بۆ هەرێمی كوردستان رابگرێت و هەروەها ئەو پارانەش وەربگرێتەوە كە بەپێچەوانەی یاسا بۆ هەرێمی كوردستان خەرجكراون.