كەمئەندامان لەبارەی چارەنوسی موچەی یەك ساڵیان چاوەڕوانی وەڵامێكی وەزیری دارایی هەرێمن

بڕیارە ئەمڕۆ وەزیری دارایی وەڵامی كەمئەندامانی هەرێم بداتەوە لەبارەی چارەنوسی موچەی یەك ساڵی ئەو توێژە، كەمئەندامانیش لە چاوەڕوانیدان.

ئەمڕۆ چوارشەممە 21ی تشرینی یەكەم، پاش كۆبوونەوە لەگەڵ كوێستان محەمەد، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی هەرێم، سامان حسێن، سكرتێری ڕیكخراوی یەكێتیی كەمئەندامانی كوردستان ڕایگەیاند، “ئەمڕۆ یاداشتێكمان پێشكەش بە وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی كرد، بەمەبەستی دیاریكردنی چارەنوسی موچەی یەك ساڵی كەمئەندامان، چونكە لەكاتی ئامادەكردنی لیستی موچە پێمان وترا لە بری مانگی نۆی ساڵی 2019، موچەی مانگی نۆی 2020تان بۆ خەرج دەكرێت”.

سامان حسێن ئەوەشی خستەڕوو، “وەزیری كار بەدواداچوونی كردووە بەڵێنی دا لەگەڵ وەزیری دارایی قسە بكات و دەبێت ئەمڕۆ وەڵام وەربگرێتەوە بۆ ئەوەی بزانرێت موچەی ئەو ساڵە چارەنوسی چی دەبێت”.

لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا سەرۆكی ڕێكخراوەكەی كەمئەندامان ئاماژەی بەوەشكرد، “بەڵێنمان لە وەزیری كار وەرگرت، ئەو كەمئەندامانەی خاوەنی دوو موچەن، هیچ لە موچەكانیان نابڕدرێت بەڵكو وەك دەرماڵە یەكدەخرێت”.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باس لەوە كراوە، ئەو بڕیارەی لە ساڵی 2013ەوە كەمئەندامان چاوەڕوانین كە زیاتر لە 26 بۆ 30 هەزار كەمئەندام دەخرێنە سەر لیستی موچەی كەمئەندامان، تەواو بووە تەنها ڕەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیرانی ماوە.