مافی مرۆڤ لە سلێمانی داوای سزادانی ئەو چەکدارانەی هێرشیان کردە سەر قوتابخانەیەک دەکات

بەڕێوبەری نووسینگەی مافی مرۆڤ لەسلێمانی داوای سزادانی ئەو چەکدارانە دەکات، کە هێرشیان کردە سەر قوتابخانەیەک لە سلێمانی.

سابیر عەبدوڵڵا، بەڕێوبەری نووسینگەی مافی مرۆڤ لەسلێمانی، ڕووداوی ھێرشکردنە سەر قوتابخانەکەی شاری سلێمانی لەلایەن کۆمەڵێک چەکدارەوە ”حیسابنەکردنە بۆ ھەموو پێوەرێکی یاسایی و مرۆیی و کۆمەڵایەتی، چونکە ھەڵکوتانە سەر دامەزراوەیەکی فەرمی وەکو قوتابخانە یان زانکۆ و پەیمانگا لەلایەن کەسانی چەکدارەوە کارێکی ناشارستانییە و دەبێت ئەنجامدارانی تاوانەکە ڕووبەڕووی یاسا بکرێنەوە“.

سابیر عەبدوڵڵا هەروەها رایگەیاند: لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا دەردەکەوێت، دایکی یەکێک لە قوتابییەکان پارە بەو چەکدارانە دەدات بۆ ئەوەی لە قوتابییەکی دیکە و باوکی بدەن.

بەڕێوبەری نووسینگەی مافی مرۆڤ لەسلێمانی داوا دەکات ئەو چەکدارانە رووبەڕووی یاسا بکرێنەوە و سنوورێک بۆ ئەو دیاردانە دابنرێت، بۆ ئەوەی ”لەڤھیچ شوێنێکی دیکە تاوانی لەو شێوەیە دووبارە نەبێتەوە“.

سابیر عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەش کرد، ھەرچەندە چەکدارەکان لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون، بەڵام بەپێی ماددەی 413 بەشێوەی کاتی ئازاد کراون کە ماددەیەکە کەفالەت دەیگرێتەوە، بەڵام ”دەبێت ئەو چەکدارانە دادگایی بکرێن و سزا بردێن، بۆئەوەی ھیچ کەسێک حەرەمی زانکۆ و قوتابخانە و پەیمانگا نەشکێنێت“.