لە ئامەد چەند كەسێک بەهۆی ئەوەی بە كوردی گۆرانییان گوتووە، دەستگیر كراون

ڕێكخراوی مافی مرۆڤ لە ئامەد، لە بەدواداچوونێكدا بۆیان دەركەوتووە كە لە گرتووخانەكانی ئەو شارە ئەشكەنجەی دەستگیركراون دەدەن و چەندین كەسیشیان بەبێ تاوان دەستگیر كردووە، دەشڵێن چەند كەسێك دەستگیر كراون، تاوانەكەیان تەنیا گوتنی گۆرانیی كوردی بووە.

بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتەی مافی مرۆڤی ئامەد بڵاوی كردووەتەوە، لە گرتوخانەكاندا بەئاشكرا پێشێلی مافی مرۆڤ كراوە و دەستگیركراوان ئازار و ئەشكەنجە دراون.

یاقوب گوڤەن، ڕاپۆرتی مافی مرۆڤی ئامەدی خوێندەوە و دەڵێت: ”دوای ئەنجامی ئەو لیژنەیەی ئێمە كە لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونی كردووە، بۆمان دەركەوت، مامەڵەی خراپ لەگەڵ دەستگیركراواندا كراوە، ئازار دراون و ئەشكەنجە و سووكایەتییان پێ كراوە”.

باس لەوەش دەكات، ڕاپۆرتە پزیشكییەكان دەریانخستووە، كە دەستگیراوان لێیان دراوە و هەڕەشەیان لێ كراوە و تا دێتیش فشار بۆ سەریان زیاد دەكات.

هەر لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە دراوە، بەهۆی ئەوەی لە نەورۆزی ئەمساڵدا چەند كەسێك بەكوردی گۆرانییان گوتووە، بۆیە هەڕەشەیان لێ كراوە و ڕێگریشیان لێ كراوە گۆرانی بڵێن، پاشان دەستگیر كراون و سزایان بەسەردا سەپێنراوە.