رۆژنامەنووس هێمن مامەند کە چەند رۆژێکە لە هەولێر دەستگیرکراوە، لە زیندانەوە پەیامێکى بڵاوکردەوە و رایگەیاند، “ئەو خەمی ئەو هەژارانەیەتی کە لە ئێستادا پارەی کرێ خانوو و مۆلیدەیان نیە لە سایەی سەری ئەم حکومەتە.”
پارێزەر گۆران دیبەگەیی لە تۆڕى کۆمەڵاتى فەیسبووک پەیامێکى هێمن مامەندى لە زیندانەوە بڵاوکردووەتەوە و لە پەیامەکەیدا ئاماژەى بەوەکردووە، “کاتێک لە دەرگاکانیان دەدرێت قەدەمیان دەشکێت، چونکە گیرفانی پیاوەکان و جیزدان و جانتای ئافرەتانەکان وەک مێشکی گەندەڵانی ئەم وڵاتە خاڵیە، چ هەستێکی ناخۆشە هەژارەکان لە تەلەفیزیۆنەکانیش دەبینن کە لە وڵاتان چۆن خەڵک کەرەنتین کراوە پارە دەخرێتە سەر حیساب بانکیەکانیان.”
ئەوەش دواى ئەوە دێت رۆژی ٢٤ی ئازاری ٢٠٢٠، بەهۆی ڕەخنەگرتن لە دواکەوتنی موچە و پۆستکی فەیسبووکەوە، هێمن مامەند دەستگیرکرا، دوای ١٠ ڕۆژ لە دەستگیرکردن، بە کەفالەتی ١٠ ملیۆن دیناری عێراقی ئازادکرا، بەڵام هەر ئەو رۆژە دەرنگانێکى دەستگیرکرایەوە و تا ئیستاش هیچ هۆکارێک بۆ دەستگیرکرنەوەى ئاشکرانەکراوە.
هێمن مامەمەند لە پەڕەى تایبەتى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى نوسیبوى، ئەگەرحکومەتى هەرێمى کوردستان موچەکان دابەشنەکات ئەوا ناچار دەبن کەرەنتین بشکێنین و خۆپیشاندان ئەنجامبدەن.