هاوسه‌ره‌كه‌ی شێروان شێروانی نامه‌یه‌ك ئاڕاسته‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مریكا ده‌كات

روگه‌ش جه‌باری، هاوسه‌ری رۆژنامه‌نوسی زیندانیكراو شێروان شێروانی له‌ نامه‌یه‌كدا بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مریكا داوا ده‌كات، گوشار بخه‌نه‌ سه‌ر مه‌سرور بارزانی و حكومه‌تی هه‌رێم بۆ ئازادكردنی ده‌ستبه‌جێ و بێ مه‌رجی هاوسه‌ره‌كه‌ی و رێگه‌ نه‌ده‌ن ڕێگە نەدەن شێروان شێروانی لەپشت دیوارەکانی زیندانه‌وه‌ بمرێت، تەنها لەبەرئەوەی کاری ڕۆژنامەگەری کردوە و لەگەڵ دیپلۆماتکارانی ئەمریکا كۆبوه‌ته‌وه‌.

روگه‌ش جه‌باری، هاوسه‌ری رۆژنامه‌نوسی زیندانیكراو شێروان شێروانی له‌ نامه‌یه‌كدا بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مریكا كه‌ به‌ زمانی ئینگلیزی له‌ ماڵپه‌ڕی “میدڵ ئیست فۆڕم” بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ده‌ڵێت “ئەمڕۆ، دیسانەوە شێروان لە مافە سەرەتاییەکانی لە ناو زینداندا بێبەش دەکرێت. بەپێی یاسا، دەبێت ڕێگە بە زیندانیان بدرێت هەر سێ مانگ جارێک بۆ ماوەی هەفتەیەک مۆڵەتی بینینی خێزانەکانیان هەبێت. شێروان لەم مافە بێبەش کراوە. بەهۆی ئەم نادادپەروەرییەوە، لە ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی، ٢٢ی نیسانی ٢٠٢٦، دەستی بە مانگرتن لە خواردن کرد. تەندروستی و ژیانی ئەو ئێستا لە دەستی دەسەڵاتداراندایە.”

ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌دات “من داوا لە داڕێژەرانی سیاسەتی ئەمریکی دەکەم: تکایە، چاوپۆشی مه‌كه‌ن. ویلایەتە یەکگرتوەکان کاریگەریی هەیە لە هەولێر. بەرپرسانی ئەمریکا لەگەڵ سەرکردە کوردەکان کۆدەبنەوەو ئیعتراقی سیاسی، هاوکاری ئەمنی، پشتگیری دیپلۆماتی و شەرعییەتیان پێشكه‌ش ده‌كه‌ن. دەبێت ئەم کاریگەرییە بێدەنگ نەبێت کاتێک ڕۆژنامەنوسێک بەردەوام زیندانی دەکرێت.”

روگه‌ش ده‌شڵێت “داوا لە واشنتۆن دەکەم کە فشار بخاتە سەر سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئازادکردنی دەستبەجێ و بێ مەرجی شێروان شێروانی. داوا لە بەرپرسانی ئەمریکا دەکەم کە کەیسەکەی بەئاشکرا و بەنهێنی لە هەمو کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ سەرکردەکانی حکومەتی هەرێم بخەنەڕو. داوا لە ئەندامانی کۆنگرێس، وەزارەتی دەرەوە و باڵیۆزخانەی ئەمریکا دەکەم ڕونی بکەنەوە کە هاوبەشی لەگەڵ ئەمریکا دەبێت ڕێزگرتن لە ئازادیی رۆژنامه‌وانی، سەربەخۆیی دادوەری و کەرامەتی مرۆڤ بگرێتەوە.”

هه‌روه‌ها هێمای بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات “ڕێگە مەدەن هاوسەرەکەم بە هێواشی لە پشت دیوارەکانی زیندانه‌وه‌ بمرێت، تەنها لەبەرئەوەی کاری ڕۆژنامەگەری کردوە و لەگەڵ دیپلۆماتکارانی ئەمریکا كۆبوه‌ته‌وه‌. واز لە بەڵێنی دیموکراسی لە کوردستان مەهێنن. من داوای ئیمتیاز ناکەم، من داوای دادپەروەری دەکەم. شێروان بگەڕێننەوە ماڵەوە.”

ده‌قی نامه‌كه‌ی روگه‌ش جه‌باری، هاوسه‌ری شێروان شێروانی:

پێنج ساڵ و نیو لەمەوبەر، حکومەتی هەرێمی کوردستان شێروان شێروانیی هاوسەرمی دەستگیرکرد. تاوانەکەی چی بو؟ ئەوە بو کە ڕۆژنامەنوسێک بو و لەگەڵ کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەولێر کۆببوەوە. لەو کاتەوە، چوار منداڵەکەمان بێ باوک ماونەتەوە. منداڵەکانم پێویستییان بە شێروانە. من پێویستم بە هاوسەرەکەمە. لە سەروی هەموشیانەوە، هاوسەرەکەم پێویستی بە دادپەروەرییە.

من ئەم تکایە بۆ داڕێژەرانی سیاسەتی ئەمریکا لە واشنتۆن دەنوسم، چونکە ویلایەتە یەکگرتوەکان هەرێمی کوردستانی عێراق بەباشی دەناسێت. ئەمریکا یارمەتیدەر بو لە داڕشتنی عێراقی دوای ٢٠٠٣ بە بەڵێنی دیموکراسی، سەروەری یاسا، مافی مرۆڤ و حوکمڕانییەکی وەڵامدەرەوە. هاوسەرەکەم باوەڕی بەو بەڵێنە هەبو. دوای ڕوخانی دیکتاتۆری عێراق سەدام حسێن، شێروان بو بە ڕۆژنامەنوس چونکە پێی وابو رۆژنامه‌وانیی ئازاد دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە بونیادنانی کوردستانێکی دیموکراسیدا. پاشان حکومەتەکەی مەسرور بارزانی بەتۆمەتی کۆبونەوە لەگەڵ کونسوڵە گشتییەکانی ئەمریکا و ئەڵمانیا لە هەولێر دەستگیریان کرد.

شێروان ڕاپۆرتی لەسەر گەندەڵی، خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات، زیندانە نهێنییەکان و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ بڵاوده‌كرده‌وه‌. ئەو پێی وابو ڕۆژنامەگەری دەبێت خزمەت بە کۆمەڵگا بکات، نەک پیاوە دەسەڵاتدارەکان. بەڵام لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەت لە دهۆک و هەولێر، دەسەڵاتدارە ناوخۆییەکان وەک تاوان سەیری ڕۆژنامەگەریی سەربەخۆ دەکەن. لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠دا، ئەو ڕاستییە گه‌یشته‌ نێو ماڵەکەی ئێمە. نزیکەی کاتژمێر ٤:٣٠ی ئێواره‌، ئاسایش و پۆلیسی پارتی دیموکراتی کوردستانی بارزانی هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەمان. نزیکەی ٢٠ پیاو بون، کەسانێکیشیان لەگەڵ بو کە بانگەشەی ئەوەیان دەکرد لە دادگاوە هاتون. شەش ئۆتۆمبێلی سەربازی دەوری ماڵەکەمانیان دابو. دو لە منداڵەکانم خەوتبون، دوانه‌كه‌ی دیكه‌ بەخەبەر بون. منداڵە گەورەکەم تەمەنی تەنها ١١ ساڵ بو.

شێروان ڕایکرده‌ سەربان، بەڵام دەستگیریان کرد. لەبەردەم منداڵەکانماندا، دەمانچەیان خستەسەر سەری. کەلەپچەیان کرد، کەلوپەلەکانیان برد و خۆیشیان برد. ترسناک بو. کوڕەکەم ئێستا تەمەنی ١٧ ساڵە، بەڵام ئازاری ئەو ڕۆژە هێشتا لەناخیدا زیندوە. کچەکەم تەنها تەمەنی دو ساڵ بو کاتێک باوکی بردرا، ئێستا تەمەنی حەوت ساڵە.

شێروان لە ساڵی ٢٠٢١دا سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا بەتۆمەتی دروستكردنی مەترسی له‌سه‌ر ئاسایشی هەرێم. شێروان ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە. بەڵگەکان له‌دژی ئەو لاواز و سیاسی بون. ناوەڕۆکی کەیسەکە ئەوە بو کە هاوسەرەکەم بەئاشکرا لە کونسوڵخانە لەگەڵ دیپلۆماتکارانی ئەمریکا کۆبوەته‌وە؛ ئیمتیازێک کە بارزانییەکان تەنها بۆ خۆیان و دارودەستەکانیان پاراستویانە. پێش ئەو دادگاییکردنە، کەسایەتییە باڵا سیاسییەکان پێشوەختەو بەئاشکرا تۆمەتی سیخوڕییان دابوە پاڵ ڕۆژنامەنوس و چالاکوانە دەستگیرکراوەکان.

ئەوەی کە وەزارەتی دەرەوە(ی ئه‌مریكا) ڕێگە دەدات ئەم جۆرە بوختانانە بەردەوام بن، پەیامێکە بۆ هەمو عێراقی و کوردێک کە کۆبونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکی دەکرێت سزاكه‌ی مه‌رگ بێت. ئەوەی کە ئەمریکا ملیۆنان دۆلاری، ئەگەر ملیارەها دۆلار نەبێت، بۆ ئەو خێزانانە ڕەوانە کردوە کە فەرمانی دەستگیرکردنی كه‌سانی ئۆپۆزسیۆنیان داوە، برینەکە قوڵتر دەکاتەوە.

فشارە گشتی و نێودەوڵەتییەکان بوە هۆی کەمکردنەوەی سزاکەی شیروان. دواتر لە تەمموزی ٢٠٢٣دا، دادگا سزای دا بە تۆمەتی ساختەکردنی واژۆی بەڵگەنامەیەک کە پەیوەندی بە داواكارییه‌كه‌وه‌ هەبو کە لەناو زینداندا واژۆ کرابو. بەڵام ئەو کەسەی کە ناوەکەی تێدا بو، بۆ دادگای پشتڕاست کردەوە کە شێروان مۆڵەتی لێ وەرگرتوە بۆ زیادکردنی ناوەکەی. سەرەڕای ئەوەش، ئێمە ئابی ڕابردو بڕوامان وابو کە دواجار شێروان دەگەڕێتەوە ماڵەوە. بەڵام بێ ئاگادارکردنەوە، دادگا چوار ساڵ و پێنج مانگی تری خستەسەر سزاکەی.

ئەمجارەیان، تۆمەتەکە ئەوە بو کە هەڕەشەی لە بەرپرسێکی زیندان کردوە. کەیسەکە پشتی بە شایەتیدانی دژبەیەک بەستبو. دو شایەت کە لەوێ ئامادەبون وتیان کە نەیانبیستوە شێروان هەڕەشە لە کەس بکات. شایەتەکانی تر، پاسەوانی زیندان بون کە پەیوەندییان بە سکاڵاکارەکەوە هەبو. شێروان داوای ڤیدیۆی کامێراکانی چاودێری کرد، بەڵام بە دادگا وترا کە کامێراکان لەو کاتەدا کاریان نەکردوە. چواردە پەرلەمانتاری بەریتانی داوای ئازادکردنی شێروانیان کرد دوای ئەو سزا نوێیەی.

سزادانی دواتری شێروان لەلایەن دادگاوە لەو ماوەیە زیاترە کە یاساکە ڕێگەی پێدەدات. هەروەها دادگا دەستڕاگەیشتنی تیمی بەرگری بە بەڵگەنامەکان سنوردار کرد و ڕێگری کرد لە توانای پارێزەرەکانی بۆ تانەدان لە بەڵگەکان. دەسەڵاتدارانی کورد ڕێگرییان لە چاودێران، ئەندامانی خێزانەکەی، دیپلۆماتکاران و نوێنەرانی کۆمەڵگەی مەدەنی کرد کە بچنە ناو هۆڵی دادگاوە. هێزە ئەمنییە چەکدارەکان و ئه‌و هێزانه‌ی جلی مەدەنییان پۆشیبو، ناو دادگایان پڕ کردبو. لە دەرەوەش، هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردە سەر ئەو کەسانەی کە بەشێوەیەکی ئاشتییانە کۆببونەوە.

پێویستە کۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوە تێبگەن کە ئەم کەیسە نوێنەرایەتی چی دەکات. شێروان تەنیا ڕۆژنامەنوسێك نییە، ئەو سیمبولی ئەو شتانەیە کە ڕودەدەن کاتێک حکومەتی هه‌رێم كه‌ ئه‌مریكا پشتیوانی ده‌كات، دادگا و زیندان و هێزە ئەمنییەکان بۆ بێدەنگکردنی ڕەخنەی ئاشتییانە بەکاردەهێنێت. زیندانیکردنی ئەو زیان بە ناوبانگی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت، متمانە بە دامەزراوەکانی لاواز دەکات و ئه‌م په‌یامه‌ش بۆ هەمو ڕۆژنامەنوسێک دەنێرێت: لێکۆڵینەوە لە گەندەڵی بکەی، خێزانەکەت باجەکەی دەدەن. باجدەرانی ئەمریکیش قوربانین، چونکە بەشێکی زۆری ئەو پارە دزراوانە پەیوەندییان بە پشتگیری و گرێبەستەکانی حکومەتی ئەمریکاوە هەیە.

ئەمڕۆ، دیسانەوە شێروان لە مافە سەرەتاییەکانی لە ناو زینداندا بێبەش دەکرێت. بەپێی یاسا، دەبێت ڕێگە بە زیندانیان بدرێت هەر سێ مانگ جارێک بۆ ماوەی هەفتەیەک مۆڵەتی بینینی خێزانەکانیان هەبێت. شێروان لەم مافە بێبەش کراوە. بەهۆی ئەم نادادپەروەرییەوە، لە ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی، ٢٢ی نیسانی ٢٠٢٦، دەستی بە مانگرتن لە خواردن کرد. تەندروستی و ژیانی ئەو ئێستا لە دەستی دەسەڵاتداراندایە.

من داوا لە داڕێژەرانی سیاسەتی ئەمریکی دەکەم: تکایە، چاوپۆشی مه‌كه‌ن. ویلایەتە یەکگرتوەکان کاریگەریی هەیە لە هەولێر. بەرپرسانی ئەمریکا لەگەڵ سەرکردە کوردەکان کۆدەبنەوەو ئیعتراقی سیاسی، هاوکاری ئەمنی، پشتگیری دیپلۆماتی و شەرعییەتیان پێشكه‌ش ده‌كه‌ن. دەبێت ئەم کاریگەرییە بێدەنگ نەبێت کاتێک ڕۆژنامەنوسێک بەردەوام زیندانی دەکرێت.

من داوا لە واشنتۆن دەکەم کە فشار بخاتە سەر سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئازادکردنی دەستبەجێ و بێ مەرجی شێروان شێروانی. داوا لە بەرپرسانی ئەمریکا دەکەم کە کەیسەکەی بەئاشکرا و بەنهێنی لە هەمو کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ سەرکردەکانی حکومەتی هەرێم بخەنەڕو. داوا لە ئەندامانی کۆنگرێس، وەزارەتی دەرەوە و باڵیۆزخانەی ئەمریکا دەکەم ڕونی بکەنەوە کە هاوبەشی لەگەڵ ئەمریکا دەبێت ڕێزگرتن لە ئازادیی رۆژنامه‌وانی، سەربەخۆیی دادوەری و کەرامەتی مرۆڤ بگرێتەوە. کەیسەکەی شێروان نوێنەرایەتی ئەوە دەکات کە بۆچی دە ساڵ لەمەوبەر کۆنگرێس یاسای “ماگنیتسکی گڵۆباڵ”ی پەسەند کرد.

ڕێگە مەدەن هاوسەرەکەم بە هێواشی لە پشت دیوارەکانی زیندانه‌وه‌ بمرێت، تەنها لەبەرئەوەی کاری ڕۆژنامەگەری کردوە و لەگەڵ دیپلۆماتکارانی ئەمریکا كۆبوه‌ته‌وه‌. واز لە بەڵێنی دیموکراسی لە کوردستان مەهێنن. من داوای ئیمتیاز ناکەم، من داوای دادپەروەری دەکەم. شێروان بگەڕێننەوە ماڵەوە.