دوو زیندانیی سیاسیی کورد دەستیان بە مانگرتن کردووە

دوو زیندانیی سیاسیی کورد لە گرتووخانەی کرماشان ماوەی چوار ڕۆژە دەستیان بە مانگرتن کردووە. لە بەرانبەر دەستێوەردانی ئیدارەی ئیتلاعات لە پڕۆسەی لێکۆڵینەوەی دۆسییەکانیاندا.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان دەربارەی مانگرتنی دوو زیندانیی سیاسیی کورد، لە رۆژهەڵاتی کوردستان ڕایگەیاند، دوو زیندانیی سیاسیی کورد بە ناوەکانی مەهدی باقری مامۆستای خانەنشین و کەیۆ مەرس واعیزی چالاکوان لە گرتووخانەی دیزڵئاوای کرماشان، ماوەی چوار ڕۆژە دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کردووە، بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتیی.

ئاماژە بەوەش کراوە، ئەو دوو زیندانییە سیاسییە لە بەرانبەر دەستێوەردانی ئیدارەی ئیتلاعات لە پڕۆسەی لێکۆڵینەوەی دۆسییەکانیاندا مانیان لە خواردن گرتووە.

جێگای ئاماژەیە، ٥ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵ مەهدی باقری و کەیۆمەرس واعیزی، لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا لەلایەن هێزە ئەمنییە سەرکوتکارەکانی ڕژێمی ئێرانەوە دەستبەسەر کران و  دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی کرماشان (دیزڵئاوا) کران.

جێگای ئاماژەیە، پێشتر کەیۆمەرس واعیزی لە کاتی سەرهەڵدانی خۆپیشاندانی شۆڕشی”ژن ژیان ئازادی” لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو ئەو مامۆستا کوردە، دوای ٢٧ ساڵ مامۆستایەتی و وانە وتنەوە بە بڕیاری خانەنشینکردنی زۆرەملێ لە کار دەرکرا و لەلایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سونقوڕەوە بە تۆمەتەکانی “بانگەشەی پروپاگەندە دژ بە دەوڵەت و تێکدانی ئاسایشی نیشتمانیی” سزای ٦ ساڵ زیندانییکردنی بەسەردا سەپێندرابوو.