ئاوارەکانی کەمپی ئاشتی لە سلێمانی: دۆخی ئابووریمان لەوپەڕی خراپیدایە

ئاوارەکانی کەمپی ئاشتی لە سلێمانی: دۆخی ئابووریمان لەوپەڕی خراپیدایە

لە کەمپی ئاشتی لە پارێزگای سلێمانی نزیکەی 10 هەزار ئاوارە دەژین. هەرچەند ئاوارەکان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی کەمپەکەوە خزمەتگوزاری تەندروستی، پەروەردەیی و کۆمەڵایەتییەکان پێشکەشدەکرێت، بەڵام لە دۆخێکی خەراپی ئابووریدان.

لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان و خۆئامادەکردنی موسوڵمانان بۆ ئەم جەژنە، ئاوارەکانی نیشتەجێی کەمپی ئاشتی نیگەرانن لەوەی کە بە هۆی کەمدەرامەتییەوە ناتوانن پێداویستییەکانی جەژن بکڕن و وەکو ساڵانی رابردوو خۆیان بۆ جەژن ئامادە بکەن.

ئوم عیماد، ئاوارەی نیشتەجێی کەمپی ئاشتی دەڵێت: “هیچمان ئامادە نەکردووە، چونکە ناتوانین دەستەبەری بکەین و دۆخمان زۆر خراپە، ئێمە مانگانە تەنها 11 هەزار دینار وەردەگرین، ئەوە بەشی چی دەکات؟ دەتوانین بەوە چی بکڕین؟ دەرمان، جلوبەرگ یان خەرجی پزیشکی پێبدەین؟”.

لە ناوەڕاستی 2014ـەوە و بەهۆی هێرشەکانی داعشەوە بۆ سەر ناوچە سوننەنشینەکان و دواتریش باشووری کوردستان، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی پارێزگاکانی سەڵاحەدین، نەینەوا، ئەنبار، دیالە و کەرکووک ناوچەکانی خۆیان بەجێهێشتن. ئێستا نزیکەی 10 هەزار کەس لە کەمپی ئاشتی لە پارێزگای سلێمانی ژیان بەسەر دەبەن. زۆربەی ئەوانیش دەڵێن، بەهۆی نەبوونییەوە ناتوانن جلی جەژن بۆ منداڵەکانیان بکڕن.

بەشار ئەحمەد، ئاوارەیەکی دانیشتووی کەمپی ئاشتی راگەیاند: “لە چاوی منەوە وەکو جەژن نایبینم، چونکە حەوت منداڵم هەن و دەبێت جلوبەرگی جەژنیان بۆ بکڕم، بەڵام نەمکڕیوە چوونکە پارەم نییە”. کەمپی ئاشتی لە عەربەتە و 16 کیلۆمەتر لە باشووری رۆژهەڵاتی شاری سلێمانییەوە دوورە.