چەقی ململانێ و بێ خزمەتی
ئاڵا ئەحمەد
حکومەت لە هەر کوێی ئەم دنیایە بێت و هەر حکومەتێک بێت، بۆ خزمەتی سنورەکەیەتی بەوانەوەش کە لە سنوریان بێ جیاوازی.
بەڵام لێرە لە کوردستان وانییە و حکومەت لە ڕووی خزمەتەوە سنورەکەی بچوککردۆتەوە و دەسەڵاتیشی بە سەر خەڵک و چەوساندنەوەی لە زیادبوونی هەمیشەییە.
لێرە جیاوازی ڕەنگ و بۆچوون هەموو شت دیاری ئەکات،لێرە خزمەت تەنها ئەوێ و ئەوانە ئەگرێتەوە کە جێی سیاسەت و بەرژەوەندی خۆیانە، خزمەت بۆ سنورێکە کە خۆیان دیاریان کردووە.
جادەیەک بەو شارە ڕەوا نابینن کە ناسناوەکەی “شاری هەڵمەت و قوربانی”یە ، ئەو ناسناوە بۆ سلێمانی لە خۆڕا نییە، سلێمانییەک کە پێشەنگی بەگژا چوونەوەی حکومەتە دیکتاتۆرەکان و زۆرداری بووە، سلێمانییەک کە لانکەی خەبات و تێکۆشان بووە، سلێمانییەک کە جێگای لەدایکبوونی ئازادی و بیری ئازادی فرە بیر و بۆچوونی و یەکسانییە لە کوردستان.
کاتێک ئەوان ئەیانەوێت سلێمانی لە جادەی شەستی بهێڵنەوە و نایانەوێت خێراتر لێخوڕدرێت،،، ئەوە تەنها مەبەست جادەکە نییە و زۆر پەیامی سیاسی و شاراوەی لە پشتەوەیە.
ئەوە ئەڵێن کە ئێمە خۆمان چەنمان بوێت لێئەخوڕین و ئێوەش بۆتان نییە زیادبڕۆن تیژڕەوی بکەن.
ئەم سنورە و خەڵکەکەی ئەکەنە قوربانی سیاسەتەکانی خۆیان و ئەوەش واتا سزا بۆ سلێمانی و خەڵکەکەی.
ئەوان هەموو خزمەتێکی شاری هەولێری ئازیز ئەکەن بە بیانووی ئەوەی پایتەختە، دەی خۆ سلێمانی بە دانیشتووان دانیشتووانی زۆرترە لە شارەکانیتر ئەمەش ئەوە ئەگەیەنێت کە پێویستی بە خزمەتی زیاترە نەک خواردنی بەشەکەی و دانی بە شارەکانیتر…
خزمەتکردنی هەولێر لەبەر پایتەخت بوون نییە، بەڵکو لەبەر پێگە سیاسی و بازرگانی و بەرژەوەندییەکانە لەوێ….
سەیرە کە دەسەڵاتدارانی حکومی ئەم شارە ڕێ بەم هەموو زوڵمە ئەیەن، بەڕاستی عەیبەیە کە وەک ئەوەی سلێمانی بوونی نەبێت هەموو چاوێکی خزمەتی لەسەر لابراوە،
بەڵام چاوی ململانێ لەم شارە نابڕێت و هەمیشە قوربانی ململانێ و کێبڕکێکانە…!
دەی قەیچێکە با چەقی خزمەتیش بۆ ئەم شارە زیاد بێت و ململانێی خزمەتی تیا بکەن…نابێت؟!
نابێت بەداخەوە چونکە…بەرژەوەندی لە پێشترە..!
ئەسڵەن دوا بەدەستهێنانی ئەوەی مەبەستیانە ئیتر نازانن سلێمانی هەیە یان نا..!
گەر دەسەڵاتدارانی سنوری سلێمانی ڕێگە بە بەردەوامی ئەم نادادپەروەرییە بەن، ئەوە شەرمەزاری خاک و خەڵک و مێژوون.
ئەو غەدرەی لە سلێمانی و خەڵکەکەی ئەکرێت هەموو سنورێکی بەزاندووە…شەرم و شورەییە کە هێشتا لە بیری ڕەنگ و شارچێتییا بن…”حکومەت حکومەتی خاک و خەڵکە نەک حزب و سیاسەت”.