بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر عەمید (دلێر نەجاڕ)، لەوبارەیەوە ڕایگەیاند، لە ٣١ی ٣ی ساڵی ٢٠١٤دا، تۆمەتبارێك بە ناوی (خ.چ.ق.)، تەمەن (٣٩) ساڵ، بە چەكی جۆری كڵاشینكۆف لە كۆمەڵگای بنەسڵاوە هاووڵاتییەکی بە ناوی (سامان عەلی عومەر) کوشتبوو.
عەمید (دلێر نەجاڕ) گوتیشی، تۆمەتبارەكە دوای ئەنجامدانی تاوانەكە بۆ شوێنێكی نادیار هەڵاتبوو و خۆی حەشار دابوو.
روونیشی كردەوە، ئەمڕۆ تیمەكانی پۆلیسی هەولێر توانییان تۆمەتبارەكە لە کۆمەڵگای مەلائۆمەر دەستگیر بكەن، کە دەمانچەیەک و دوو مەخزەن و چەند فیشەکێکیشی پێ بوو.
ئاماژەی بەوەش كرد، كە تۆمەتباری ناوبراو پێشتر بەپێی ماددەی (٤۰٦) لە یاسای سزادان لەلایەن دادگای لێكۆڵینەوەی هەولێرەوە بڕیاری دەستگیركردنی بۆ دەركرابوو.