وەزیری تەندروستی: هێشتا درەنگ نییە بۆ رێگرییکردن لە بڵاوبونەوەى کۆرۆنا لە هەرێم

رێکخراوی ئاشتی بۆ مافەکانی مرۆڤ

وەزیری تەندروستی هەرێم رایدەگەیەنێت، ئەوەی ئێستا بنەمای سەرەکییە بۆ پارێزگاریکردن لە توشبون بە ڤایرۆسى کۆرۆنا، پەیڕەوکردنی رێنماییەکانی تەندروستیە، دەشڵێت: هێشتا درەنگ نییە بۆ رێگرییکردن لە بڵاوبونەوە و توشبونی زیاتری ڤایرۆسى کۆرۆنا لە هەرێم.

د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند، ئەوەی ئێستا بنەمای سەرەکییە بۆ پارێزگاریکردن لە توشبون بە ڤایرۆسى کۆرۆنا، پەیڕەوکردنی رێنماییەکانی تەندروستیە و بۆ رێگرتن لە بڵاوبونەوە و تەشەنەکردنی نەخۆشیەکە.

ئاماژەى بەوەشکرد، ئەو رێکارە خۆپارێزیانەى کە لە ماوەی پێشودا لە هەرێمی کوردستان جێبەجێکرا سودێکی زۆر باشی لە کۆنتڕۆڵکردنی ڤایرۆسەکەدا هەبوو، بۆ دۆخی ئێستاش هەڵکشانێک لە ژمارەی توشبوان هەیە، بەڵام هێشتا درەنگ نییە بۆ رێگرییکردن لە بڵاوبونەوە و توشبونی زیاتری ڤایرۆسى کۆرۆنا لە هەرێم.

وەزیری تەندروستی هەرێم وتیشى؛ ژمارەیەکی زۆری توشبوەکان نیشانەی نەخۆشییەکەیان هەیە و توانای گواستنەوەی ڤایرۆسەکە لەناویاندا زۆر چالاکە، بەراورد بە پێشوش رێژەی مردن لە هەرێمی کوردستان لە (2%) زیادیکردوە.