ئافرەتێكی كورد لە ئامەد دوو ساڵە ونە و پۆلیس هیچ زانیارییەكی لەسەر نادرکێنێت

گوڵستان دۆكوو، ئافرەتێکی کوردی خەڵکی ئامەدە کە دوو ساڵە ونە و پۆلیس هیچ زانیارییەكی لەسەر ناڵێت و خانەوادەكەشی داوا دەكەن سۆراخی كچەكەیان بزانن.

خانەوادەی دۆكوو بۆ سۆراخی كچەكەیان لە ئامەدەوە چوونە دەرسیم، بەڵام لەوێش دەزگا پەیوەندیدارەكان هیچ زانیارییەكیان پێ نەدان، بۆیە لەبەردەم دادگای دەرسیم گرد بوونەوە و دەڵێن ناڕۆن تا نەزانن كچەكەیان لە كوێیە.

ئاژانسی توركیی (دیوار) بڵاوی كردووەتەوە کە خانەوادەی دۆكوو ویستوویانە محەمەد عەلی ئۆزكان، پارێزگاری دەرسیم ببینن، بەڵام پۆلیس ڕێگەی نەداوە، بۆیە خانەوادەكەی دەڵێن دیارە ئەوان دەزانن كچەكەیان چی لێ هاتووە و نایانەوێت ڕاستییەكەمان پێ بڵێن.

دایك و باوك و خوشكە گەورەكەی دۆكوو، بە نیازن تا 5/1/2022، لەبەردەم دادگا بمێننەوە و دەڵێن ئەم جارەیان بە دەستبەتاڵی ناچینەوە ئامەد.

ئایگوول دۆكوو، دایكی گوڵستان دۆكوو، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی د: ”كاتێك ڕۆژنامەنووسان پرسیاری كچەكەیان لە وەزیری دادی توركیا كردووە، ئەو توڕە بووە و گوتوویەتی پرسیاری ئەوم لێ مەكەن، بۆیە ئایگوول دەڵێت: ”تۆ پەرپرسیاری لە دیارنەمانی كچەكەم و دەبێت ئاشكرای بكەیت چی بەسەر هاتووە؟ ئێمە بۆیە داكۆكی دەكەین تا كچەكەمان بێتەوە، چونكە ئەگەر حكوومەت ئەوەی بۆ بچێتە سەر، بەیانی دەیان گوڵستانی تر بێسەروشوێن دەبێت”.

گۆڵستان دۆكوو، 5/1/2020 لە ئامەدەوە چووەتە دەرسیم، بەڵام لەو كاتەوە ونە و كەس نازانێت لە كوێیە.

نووسەران و هونەرمەندانی توركیا، لە ساڵی 2021دا كەمپینیان ڕاگەیاند تا فشار بخەنە سەر حكوومەت و بزانن گوڵستان لە كوێیە؟ بەڵام تاوەكوو ئێستا حكوومەت هیچ شتێك لەسەر ونبوونی گوڵستان ناڵێت و دۆسیەكەی بە كراوەیی ماوەتەوە.